ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی هەژاری و برسێتی
١٧ی ئۆکتۆبر بەرامبەر لەگەڵ ٢٥ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی هەژارییە. زیاتر لە سێ دەیە بەسەر بەفەرمی ناسینی ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٢ تێپەڕ دەبێت، بەڵام مۆتەکەی هەژاریی وەک یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان، هەروا بەسەر جیهاندا دەسوڕێتەوە. مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧، کۆبوونەوەی نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لە گۆڕەپانی ترۆکادیرۆی پاریس، ئەو جێگایەی کە ساڵی ١٩٤٨ جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی تێدا واژۆ کرا، ئەو کۆبوونەوەیە کە بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی قوربانیانی هەژاری و برسێتی و توندوتیژی بەڕێوەچوو، بەردی بناغەی بزووتنەوەیەکی جیهانیی خەبات لەدژی هەژاری دامەزراند. ئامارە جیهانییەکان وێنەیەکی دڵتەزێن لە دۆخی برسێتی لە جیهاندا نیشان دەدەن: ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ٦٧٣ ملیۆن کەس وڵاتە ٨.٢%ی دانیشتوانی جیهان برسی بوون. هەرچەندە ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ تا ڕادەیەک کەمتر بۆتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێش پەتای کۆڤید–١٩ بەرزترە.
بەپێی ئاماری بەرنامەی خۆراکی جیهانی، تا مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٤، ٣٤٣ ملیۆن کەس لەگەڵ برسێتی توند بەرەوڕوو بوون. دۆخەکە لە هەندێک ناوچە ئەوەندە خراپە کە قات و قڕی لە سودان بووەتە واقیع و لە غەززەش خەڵک هەر ئێستا لەگەڵ قات و قڕی بەرەوڕوون. منداڵان بەهۆی برسێتییەوە زۆرترین زیانیان پێدەگات. لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە ١٩٠ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن کە ئەمەش لێکەوتەی نەرێنی لەسەر گەشەی جەستەیی و دەروونیان دەبێت و مەترسی لەسەر داهاتوویان دروست دەکات. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەهۆی نەخواردنی خۆراکی پێویستەوە، تووشی کورتە باڵایی بوون. نیوەی ئەم منداڵانە لە ئاسیا و یەک لەسەرسێیان لە ئەفریقا دەژین. نیوەی ئەو شەش ملیۆن منداڵەی کە ساڵانە گیان لەدەست دەدەن، بەهۆی بەدخۆراکییەوەیە. برسێتی بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکار کە بریتین لە شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا، پەرەسەندنی چەوساندنەوە و قەیرانی ئابووری.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکی جیهانی بەسە بۆ ئەو ٨.٢ ملیارد دانیشتوانەی سەرگۆی زەوی، بەڵام دابەشکردنی نادادپەروەرانە و شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان ملیۆنان کەس تووشی برسێتی دەکەن. نایەکسانی ئابووریی جیهانیی گەیشتووەتە ئاستێکی چاوەڕوان نەکراو. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی ناحکومی ئاکسفام، هەشت لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان سامانیان هەیە. بەگوێرەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، تەنها دوو سەنت لەم سامانە لە ڕۆژێکدا بەسە بۆ دابینکردنی ژەمە خۆراکێکی خاوەن ڤیتامینی پێویست بۆ خوێندکارانی بەدخۆراک. بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی خۆراک و نایەکسانی داهات بۆتەهۆی ئەوەی کە دوو ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەس نەتوانن خۆراکی تەندروست دابین بکەن.
ئەمڕۆکە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی، لەگەڵ یەکێک لە خراپترین قەیرانی هەژاریی لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا بەرەوڕوو بووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا لانیکەم یەک لەسەر سێی توانایی کڕینی کۆمەڵگا کەم بۆتەوە. واقیعی تاڵ ئەوەیە کە هەرئێستا زیاتر لە ٧٠ لەسەدی دانیشتوانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، کە نزیکەی ٥٠ لەسەدی، بە هەژاریی موتڵەق دادەنرێت. هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر ملیۆنان بنەماڵەی ئێرانیی لەگەڵ مەترسی لەبەریەک ترازان بەرەوڕوو کردووەتەوە. نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور یەک ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە، نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان زیاتر لە ٨٠ لەسەد بەرزبووەتەوە و نانیش نزیکەی ٩٥ لەسەد گرانتر بووە. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فائۆ)، ٤١ لەسەدی خەڵکی ئێران کەم تا زۆر بەدەست نەبوونی ئەمنییەتی خۆراکەوە دەناڵێنن و ٣٦ ملیۆن کەس توانایی دابینکردنی خۆراکی تەندروستیان نییە و بەکارهێنانی پرۆتین لە بنەماڵە کەمداهاتەکاندا بۆ یەکجار لە هەفتەیەکدا کەمی کردووە.
هەژاریی بەربڵاو نەک هەر بژێوی ژیان بەڵکوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێرانیشی بە توندی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک دیاردەی نەخوازراوی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، خەوتن لەناو کارتۆن و پەرەسەندنی کاری منداڵان. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە، زیاتر لە سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵ لە خوێندن دابڕاون، لە کاتێکدا لانیکەم دوو ملیۆن منداڵی کار لە سەرتاسەری وڵات لە دۆخێکی مەترسیداردا کاردەکەن. ئەو هەژاری و چەوساندنەوە لەڕادەبەدەرەی کە بەسەر بنەماڵە کرێکار و هەژارەکاندا سەپێنراوە، بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەندامەکانیان بەردەوام لە ژێر گوشاری دەروونیدا بن. ئەوان بە منداڵ و گەورەوە کاردەکەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە بە ئەستەم دەتوانن ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆخۆیان دابین بکەن. بوونی کاتێکی بەتاڵ بۆ ئەوان بووەتە شتێکی مەحاڵ و بیرکردنەوە لە ڕێگەچارەیەک بەمەبەستی گۆڕینی چارەنووسی خۆیان لەگەڵ کەلێک ئاستەنگ بەرەوڕوویان دەکاتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە ڕێگاچارەی سەرمایەدارانە بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتە گەورە مرۆییە، جگە لە جێگیرکردنی هەرچی زیاتری ئەم دۆخە، هیچی تر نابێت. تەنیا ڕێگەچارەی کۆتایی هێنان بەم باردۆخە، بریتییە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ڕووخاندنی ئەو نیزامەی کە هۆکاری سەرەکی دیاردەی هەژاری و برسێتییە. خەبات بۆ لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی، خەباتە لەپێناو ڕزگارکردنی حەفتا لەسەدی دانیشتوانی کۆمەڵگا لە چنگ هەژاری و بێکاری، بێبەشی و بێ ماڵ و حاڵی، گرانی و دەیان کێشە و گرفتی گەورە و بچووکی کۆمەڵایەتی دیکە.