لە سەروبەندی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، پرسی دامەزراندنی فەقێکانی “حەوزەی عیلمییەی قوم” وەک مامۆستای مێژوو، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ئەدەبیاتی فارسی، سەرلەنوێ هاتووەتەوە ناو بەرنامەی کار. یەکەم کاردانەوە بەرامبەر بەم پلانە لەلایەن ئەنجومەنی زانستیی مامۆستایانی زمان و ئەدەبی فارسی و ئەنجومەنەکانی زانستە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان هاتە ئاراوە. ساڵی ڕابردوو ئەم ئەنجومەنە لە بەیاننامەیەکدا دامەزراندنی فەقێکانی حەوزەی قومی وەک کارناس و کارناسی باڵا ئیدانە کرد. ئەوان دەڵێن دانانی دەرچووانی حەوزە لە پێگەیەکدا کە زانست و شارەزایی پێویستیان نییە، گرنگی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و مێژوو و زمان و ئەدەبیاتی فارسی کەمدەکاتەوە و متمانەی زانستیی ئەو بوارانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. عەلی لەتیفی، سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیسنا لە وەڵامی ڕەخنەکاندا وتی: زۆر کەس وا بیر دەکەنەوە کە کەسێک ببێتە فەقێ تەنها کتێبی دوعا (مەفاتیح) دەخوێنێت و ڕێگە و ڕەوشتی ئایینی بە مانایەکی تایبەتی و چەقبەستوو دەزانێت، ئەمە بیرکردنەوەیەکی ناڕاستە.
دانانی “ئاخوند موعەلیم” لەبری مامۆستایانی پسپۆڕ هەوڵێکی نوێ نییە. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بەپێی پلانی “شۆڕشی فەرهەنگی“، دەستیکرد بە دوورخستنەوە و پاکتاوکردنی مامۆستایان و موعەلیمان و خوێندکارانی خەباتگێڕ و لە ژێر ناوی “یەکگرتوویی حەوزە و زانکۆ“، ژمارەیەکی زۆر ئاخوندیان بەجێگای ئەوان ڕەوانەی ناوەندەکانی پەروەردە کرد. ڕژیم لە دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی پەروەردەی زانستیی هەوڵیدا خورافاتە ئایینییەکان لەژێرناوی زانستدا بەسەر کتێبەکانی خوێندن و کەشوهەوای قوتابخانە و زانکۆکاندا بسەپێنێت. لە سەردەمێکدا کە محەممەد خاتەمی “ڕیفۆرمخواز” بەرپرسی وەزارەتی “فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی” و دواتریش سەرۆککۆمار بوو، بە لەناوبردن و سانسۆر و تیرۆر و “قەتڵی زنجیرەیی“، دەستیانکرد بە کوشتاری خاوەن زانست و زانیاری و قەڵەمەکان و سەدان نووسەر و شاعیر و مامۆستا و موعەلیمان کوشت یان ڕەوانەی زیندانیان کردن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە نەیانتوانی خورافات بەسەر ژینگەی زانکۆ و ناوەندەکانی زانستدا زاڵ بکەن.
عەلی خامنەیی زۆر جار ڕق و بێزاریی خۆی سەبارەت بە باس و وانەکانی زانستە مرۆییەکان لە زانکۆکان دەربڕیوە و وەک بابەتی ناکۆک لەگەڵ بنەماکانی قورئان و پرەنسیپەکانی ئیسلام و پشتبەستوو بە فەلسەفەی ماتریالیستی و مادە گەرایی ناوی بردووە و بە ئەدەبیاتێکی نزمی ئاخوندیی ئەوەی بە بنەمای ئاژەڵگەرایی زانیوە. ناوبراو بەردەوام لەسەر هەوڵدان بۆ ئیسلامکردنی ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندن و کەشی زانکۆ و قوتابخانەکان جەختی کردۆتەوە و لەپێناو ئەم ئامانجەشدا بڕیاری دەرکردووە.
دامەزراندنی فەقێکانی دەرچووی حەوزەکان لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی تریش بە ئامانجی کۆنترۆڵکردن و هەوڵدان بۆ ئیسلامیکردنیان، دیاردەیەکی نوێ نییە. بەڵکوو ساڵانێکە تەنانەت لە وەزارەتەکانی وەک نەوت و پیشەسازی و کارەبا و ئەو دامەزراوانەش کە سەرقاڵی کاروباری تەکنیکی بوون، بەرێوە چووە. بەڵام لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پلانی دامەزراندنی فەقێکان لە وەزارەتی پەروەردە بە شێوەیەکی جددیتر هاتۆتە ئاراوە.
بەڵام کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بەکارهێنانی هەزینەیەکی زۆر و ئەنجامدانی جینایەتی بێشومار، لەوان کوشتنی ڕۆشنبیران و نووسەران و ئەشکەنجە، زیندان، دەرکردن و پاکتاوکردنی بەردەوامی موعەلیمان و خوێندکاران، لە هەوڵی ٤٦ ساڵەی خۆیدا بۆ سەپاندنی فەرهەنگی ڕزیو و دواکەوتووانەی ئیسلامی بەسەر زانکۆ و قوتابخانەکان بە ئامانجی زاڵبوون بەسەریاندا لەژێر ناوی “یەکگرتوویی حەوزە و زانکۆ“دا، لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئاشکرایە کە ئاسۆ و ڕوانگەی خورافاتی فەرهەنگێکی سەدەی ناوەڕاستی لەم چەشنە، ناتوانێت بەر بە گەشە و پەرەسەندنی زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان بگرێت کە لەسەر بنەمای واقیعە ماددییەکانی کۆمەڵگا بەدەست هاتوون. بەرپرسانی ڕێژیم دەزانن کە شکستیان هێناوە لەوەی کە نەوەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ بەگوێرەی ئەو فەرهەنگە باربهێنن. کاربەدەستانی ڕێژیم تەنانەت دان بەوەدا دەنێن کە بیروباوەڕی ئایینی لە کۆمەڵگادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر و مزگەوت و حوسێنییەکانیان چۆڵ و کەم ڕەونەقتر دەبن.
ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی دامەزراندنی فەقێکانی حەوزەی عیلمییە وەک کارناس و کارناسی باڵای زمان و ئەدەبیاتی فارسی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و مێژوو، جگە لە پاکتاوکردن و دوورخستنەوەی موعەلیمانی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز و دانانی “ئاخوند موعەلیم” لە جێگەیان، هەوڵێکی ئەمنییەتیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرچی زیاتری فەزای ناوەندەکانی خوێندن. ئەم پلانە لە ڕاستیدا درێژەی هەمان “شۆڕشی فەرهەنگی” شەرمەزارکەری کۆماری ئیسلامییە، کە بەگوێرەی ئەو، هەزاران موعەلیم و مامۆستای زانکۆ، خوێندکار و قوتابی دەرکران و کەوتنە بەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون. ئەرکی “ئاخوند موعەلیم” جگە لە پڕوپاگەندە بۆ کۆماری ئیسلامی و شێواندنی مێژووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و وتنەوەی وانەی خورافاتە ئایینییەکان کە خۆشیان دەزانن کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە، بریتییە لە سیخوڕیکردن بەسەر خوێندکار و موعەلیمانی شۆڕشگێڕ لە قوتابخانەکاندا. چونکە ڕێژیم دەبینێت کە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەت لە شۆڕشی ژینا دژ بە حکوومەتی ئیسلامی، خوێندکاران و قوتابیانی ئامادەیی و موعەلیمان ڕۆڵی چالاکانەیان هەبووە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی موعەلیمان هاوکات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەسەر ئاستی سەرتاسەری، لە پێناو ویست و داخوازییە سیاسی و پیشەییەکان بەردەوام لە ئارادا بووە. هەربۆیە بێگومان، بوونی بەکرێگیراوان و کەسانی سەر بە ڕێژیم لە ناوەندە پەروەردەییەکان لەژێر ناوی موعەلیمدا، ناتوانێ بەر بە دەنگی ناڕەزایەتی موعەلیمان و خوێندکاران و قوتابیان بگرێت. لەم هەلومەرجەدا تەنیا بە هاتنە مەیدانی هێزی بەرینی قوتابیان، خوێندکاران، موعەلیمان و مامۆستایانی تێکۆشەر و بە گرێدانی خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان بە خەباتی کرێکاران و بەشە ناڕازییەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، دەتوانرێت هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زاڵبوون بەسەر فەزای پەروەردەیی، لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا پووچەڵ بکرێتەوە.