خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، لە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆمار پزیشکیان و کابینەی حکوومەتی ئێران، درێژەی دۆخی “نە شەڕ نە ئاشتی”ی بۆ کۆماری ئیسلامی بە مەترسیدار وەسف کرد. ئەڵبەت ئەم هەڵسەنگاندنە ڕاستە. درێژەدان بەو دۆخەی ئێستا ڕژیمی لەگەڵ شەڕێکی گەلێک کاولکارانەتر لە شەڕی ١٢ ڕۆژە
یان دۆخی تەسلیمبوونی بەتەواوەتی لەسەر مێزی دانوستان بەرەوڕوو کردۆتەوە. کۆماری ئیسلامی بە ناچاری دەبێ یەکێک لەم دوو ڕێگایە هەڵبژێرێت. واقیعییەت ئەوەیە کە هەردوو ڕێگاکە دواجار دەگەنە یەک خاڵ. ئەگەر بژاردەی شەڕ هەڵبژێرێت، ئاشکرایە کە ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا، ئەمجارەشیان لە بواری سەربازیدا دەستی باڵای بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەبێت. بەڵام سەرەنجام ئەم شەڕەش بە شێوەیەکی سروشتی گفتوگۆ و دانوستانی لێدەکەوێتەوە و ئەمجار کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی دانوستان ناچار دەبێت ئیمتیازاتی زیاتر بدات و بە واتایەکی تر ڕێککەوتنی تەسلیمبوونی خۆی واژۆ دەکات. بەڵام ئەگەر هەرئێستاش بژاردەی دانوستان هەڵبژێرێت، دەرئەنجامەکەی ڕوونە. کۆماری ئیسلامی هیچ ئامرازێکی گوشاری بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز لەسەر مێزی دانوستان بەدەستەوە نییە. دانوستانەکانی بەرجام لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە حوکمڕانی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد. بەڵام دانوستانەکانی ئەم قۆناغە لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئەو توانایانەی لەدەست داوە و هەروەها لە شەڕێکی ڕاستەوخۆی ١٢ ڕۆژەشدا شکستخواردو هاتۆتە دەرەوە.
ئەوەی کە خامنەیی بۆخۆی گلەیی لە دۆخی “نە شەڕ، نە ئاشتی” دەکات، وەک دەڵێن “کاری خۆکردە و هیچی لەگەڵ ناکرێت”. بەڵام خامنەیی وەک هەمیشە ئامادە نییە بەرپرسیارێتی ئەو سیاسەتانە بگرێتە ئەستۆ کە ڕاستەوخۆ گرتویەتییەبەر. ناوبراو ڕەخنە لە دۆخی ئێستا دەگرێت، لە کاتێکدا خۆی بە پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی ٦٠٪، بە کردەوە ڕێگری لە هەر ڕێککەوتنێکی جددی لەگەڵ ئەمریکا کرد و بیانووی دا بەدەست ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی هێرشی سەربازی بکەنە سەر ئێران. لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا، ئەوە خودی خامنەیی بوو کە بەربەستی خستە سەر ڕێگەی گەیشتن بە سازانی تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی و شەڕی ١٢ ڕۆژە ڕوویدا. دۆخی “نە شەڕ، نە ئاشتی” ڕێک ئاکامی ستراتێژی دووفاقی کۆماری ئیسلامییە. لەلایەک بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگایەی ئێستا دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی هەرچی زیاتر و لەلایەکی دیکەشەوە داواکارییەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم تێپەڕیوە. ئەوان هاوکات خوازیاری سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکان و هەڵوەشاندنەوەی سپای قودس وەک باڵی جێبەجێکاری کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لە ناوچەکەن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەروا درێژە بە کەللەڕەقی خۆی بدات، بێ گومان دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگەی پێنادات کە بە خەیاڵی ئاسوودە هێزە زیان لێکەوتووەکانی ڕێک بخاتەوە. یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازی خامنەیی ڕایگەیاندووە کە “ئێمە لە ئاگربەستدا نین، بەڵکوو لە قۆناغێکی شەڕداین” و پێی وایە کە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی دیکە لە ئانوساتدایە. ئەگەر شەڕێکی تر ڕووبدات، بێ گومان زۆر لە شەڕی ١٢ ڕۆژە کاولکارتر دەبێت. بەڵام کێ بەرپرسە لەو دۆخەی کە ڕێژیمی ئیسلامی تێی کەوتووە، جگە لە خودی خامنەیی؟ ترامپ لە لایەکەوە هانی ئێران دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش ئەوەی “زۆر درەنگ” بێت و لە لایەکی دیکەشەوە هۆشداری دەدات لەوەی کە هێرشەکانی داهاتووی ئیسرائیل “گەلێک کاولکارتر” دەبن. خامنەیی هەر لەو قسەوباسەدا سەفەری پزیشکیانی بۆ چین بە گرنگ وەسف کرد و لەسەر سیاسەتی “ڕوو لە ڕۆژهەڵات” جەختی کردەوە. لەم پێوەندییەدا دەبێ بوترێ کە لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە، سیاسەتی “ڕوو لە ڕۆژهەڵات” دەتوانێت بەشێک بێت لە “ستراتێژی مانەوە”ی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەم ئاراستە ستراتێژییە لە قۆناغی ئێستادا ناتوانێت ڕێگایەکی تاکتیکی بێت بۆ کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕزگارکردنی لەو بنبەستەی کە تێی کەوتووە، ئەزموونی دوو مانگی ڕابردوو دەریخستووە کە ئاڕاستەی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی هەرچییەک بێت، نە چین و نە ڕووسیا هیچکامیان بە شێوەیەکی کرداریی پشتی کۆماری ئیسلامی ناگرن و هەڵوێستەکانیان ئەوپەڕی لە ئیدانەکردن تێناپەڕێت. ڕووسیا گرفتاری شەڕی ئۆکراینە و هەموو هەوڵەکانی لەسەر سەرکەوتنی لەم شەڕەدا چڕکردووەتەوە. هەروەها دەوڵەتی چینیش نایەوێت تێکهەڵچوونی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هیچ شوێنێکی جیهان ڕووبدات و کێبڕکێی ئابووریی وەک ئەولەوییەت خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە. لەم ڕووەوە زۆرتر گرنگی بە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەدات. هەروەک بینیمان نە چین و نە ڕووسیا بەشدارییەکی جددییان لە بنیاتنانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کۆماری ئیسلامیدا نەکرد.
بێ گومان کۆماری ئیسلامی، نە دەتوانێت سازش بکات و نە شەڕیش، بەبێ ئەوەی باج بدات. پرسی ڕاستەقینەی جێنشینی خامنەیی بە لایەک، چەند باڵ و لایەنی تر لەناوخۆی ڕێژیمدا خەریکن خۆیان بۆ دوای ئەو دۆخی سازانە ئامادە دەکەن کە پێدەچێت بەڕێوە بێت. ئۆلیگارشی دارایی سپای پاسداران کە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە پشت پەردەوە خۆی حەشارداوە و هەروەها ئەو ڕیفۆرمخوازانەی کە هەر ڕۆژەوە و بە پلانێکی نوێیەوە دێنە مەیدان، هەموو ئەمانە بەشێکن لە ئاڵوگۆڕی ڕوخسارەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا. بەڵام کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری وەگیان هاتوو، مەیدانی مانۆڕی ئەو گروپ و لایەنانەی ناوخۆی ڕێژیمیان کە هەریەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵی ڕزگارکردنی کۆماری ئیسلامی دەدەن لەم قەیرانە، زۆر سنووردار کردووە. چارەنووسی سیاسی دواڕۆژی ئێران نەک بە ئاڵوگۆڕکردنی مۆرەکانی ناو ئەم دەسەڵاتە، بەڵکوو بە ڕاپەڕین و بەرخۆدان و شۆڕشی جەماوەریی و سەرەنجام بە ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، دیاری دەکرێت.