ڕۆژنامەی هەم مەیهەن چاپی تاران، لە ژمارەی ٢٦ی گەلاوێژدا دەقی بەیاننامەی “بەرەی ڕیفۆرمخوازیی ئێران”ی بڵاو کردەوە. بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە بەشێکە لە سیناریۆیەکی نوێ کە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆ ڕزگارکردنی ڕێژیمی ئیسلامی لەو قەیرانەی کە تێیدا گرفتارە و هەروەها لەڕووی ئەو شۆڕشەەوە دایانڕشتووە کە چاوەڕوان دەکرێت. شرۆڤەی بڕگە بە بڕگەی ئەم بەیاننامەیە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، ئەوەی کە گرنگە جێگە و پێگەی ئەو بەیاننامەیە لە دۆخی سیاسی ئێستای ئێراندا. دۆخێکی کە هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کات بۆ ئەو چارەسەرەی کە مەبەستی نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە، بەخێرایی لەدەست دەچێت. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە قووڵترین قەیرانی مێژووی چل و شەش ساڵی خۆیدایە. ئەم قەیرانە نەک هەر ڕوواڵەتی و کاتی نییە، بەڵکوو سەرچاوەکەی لە قووڵایی سیستەمی سیاسی و ئابووریی ئەم نیزامەدایە. هەربۆیە ئەوەی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەت لەم بەیاننامەیەدا پێشنیاریان کردووە، لە باشترین حاڵەتدا، تەنیا دەتوانێ دەرفەتێکی کاتی بدات بە ڕێژیمی ئیسلامی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا. هەڵەی گەورەی بەشێک لە شرۆڤەکارانی ناوەوە و دەرەوەی ڕێژیم ئەوەیە کە ئەم قەیرانە تەنیا بە بەرهەمی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دەزانن و لەو بڕوایەدان کە چارەسەری ئەو کێشەیە سازان لەگەڵ ئەمریکایە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە بە زۆر هۆکاری بنەڕەتیتر، تەمەنی سیاسی و مێژوویی ڕێژیمی ئیسلامی گەیشتووەتە کۆتایی و هیچ سازشێکی دەرەکی ناتوانێت ئەو کێشە بنەڕەتییانە چارەسەر بکات.
ئەزمونی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی لە ئێران دەریخست کە ئیسلامی سیاسی نەیتوانیوە ببێتە مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش بۆ خەڵکی ناوچەکە. بەپێچەوانەوە ئەم ئەزموونە گەلێک قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لێکەوتۆتەوە. بەڵێنەکانی سەرەتای دەسەڵاتدارە نوێیەکان سەبارەت بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و ئازاد کە دەکرا بۆ خەڵکی ناوچەکە سەرنجڕاکێش بێت، نەک هەر وەدینەهات، بەڵکوو کۆمەڵگایەکیشیان دروست کرد کە تەژییە لەو نایەکسانی و نادادپەروەری و زیانە کۆمەڵایەتییە ئازاربەخشانەی کە تەنها بە سەرکوتی لەڕادەبەدەر ئیمکانی ئیدارەکردنی هەیە. لە ئاوا هەلومەرجێکدایە کە دەوڵەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی یاسایی ناوخۆی وڵات، لەناو ئەم سیستەمەدا بە دوای دۆزینەوەی بەدیلێکدا دەگەڕێن بۆ جێگرەوەی. چارەسەرێکی لەو شێوەیە ڕەنگە بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی کۆمەڵگای ئێران لە حاڵەتی چاوەڕوانیدا ڕابگرێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی ئەم کۆمەڵگایە چارەسەر بکات.
ڕیفۆرمخوازیی لە چوارچێوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، بە واتای هەوڵدانە بۆ دێموکراتیزەکردنی پێکهاتەیەک کە بەپێی سروشتی خۆی، دژە دێموکراتیکە. ئەم دژوازییە سروشتییە بە واتای نەزۆککردنی هەر هەوڵێکە لەپێناو چاکسازیدا. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تاقمێک لە سەرمایەدارانی سەر بە دەوڵەت و ناوەندە نیزامیی- ئەمنییەتییەکان و بەشە ڕانتخۆرەکان بنیات نراوە. هیچ چاکسازییەکی ڕاستەقینە بەبێ دژایەتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بەرژەوەندییانە، مومکین نییە. واقیعییەت ئەوەیە ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەیبینین، گۆڕانکارییەکی قووڵە لە هاوسەنگی هێزی سیاسیدا. لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ بەملاوە، ئەم گۆڕانکارییە لە هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی جەماوەر و بە زیانی ڕژێمی دەسەڵاتدار، بووەتە واقیعێکی حاشا هەڵنەگر. ئەمڕۆ لە قۆناغێکداین کە سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیم خەڵکی ناڕازی چاوترسێنرێن ناکات و هیچ هیوایەکیان بە چاکسازی لە ڕژیمدا نییە و شێلگیرانە لەپێناو وەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانیاندا تێدەکۆشن. قۆناغێکی کە تێدا وشیاریی جەماوەر، بەسەر هەستی توڕەیی و هەڵچوونە کتوپڕەکاندا زاڵە. قۆناغێکی کە تێیدا خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی بێ پسانەوە بەردەوامە و خەڵکی ناڕازی لە هەر سەرکەوتنێک بۆ سەرکەوتنی دواتر هێز و وزە وەردەگرن. قۆناغێکی کە تێیدا هەنگاو بە هەنگاو لە پێکهاتنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان نزیکتر دەبینەوە، ڕێبەران و کەسایەتییە کاریگەرەکان بە کۆمەڵگا دەناسێنرێن و سەرەنجام قۆناغێکی کە زەمینە بابەتییەکانی گەشەکردنی ڕەوتە ڕادیکاڵ و چەپەکان و لێکنزیکبوونەوەیان بەهێزتر دەکات. بە هەڵکەوت نییە کە هێزە بۆرژوازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی، لە هیچ هەولێک بە مەبەستی بەردەوام مانەوەی گوشارەکانی ئەمریکا درێغ ناکەن. ئەوان هەم بەشێوەیەکی غەریزەیی و هەم لە ڕووی ئەزموونەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەگەر گوشار و گەمارۆ ئابوورییەکان چڕتر بکرێنەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی جۆرێک لە جێگۆڕکێی دەسەڵات لە لوتکەدا یان دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە باڵێکی بۆرژوازییەوە بۆ باڵێکی دیکە. لەمڕووەوە سروشتییە کە لە ترسی سەرهەڵدانی شۆڕش، پەنا ببەنە بەر پرۆسەیەکی لەو شێوەیە.
گوشارە هەمەلایەنەکانی ئەمریکا هاوکات هەم قورسایی دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی و هەم لە دژی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانە. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیەوە هەیە، هەروەک باس کرا، ئامانجەکەی بریتییە لە هێنانە سەرکاری ڕێژیمێک لە ئێران، کە پێی لەبەڕەی خۆی درێژتر نەکات و بە پشکی سروشتی خۆی لە دابەشکردنی پرسە ناوچەییەکان ڕازی بێت. لە هەمان کاتدا دەست لە ئیدئۆلۆژی دژە ئەمریکایی خۆی هەڵبگرێت و ببێتە هێزێکی هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. بەڕێوەبردنی ئەم گوشارانە تا ئێستا، ئاکامێکی بەرچاوی لەم بوارەدا بەدەست هێناوە و ئەگەری سازش و پاشەکشەی زیاتریش لە ئارادایە. بەڵام تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە کرێکاران و خەڵکی هەژار و ستەمدیتووی ئێرانەوە هەیە، ئابڵوقەی ئابووری، هەم هەژاریی خەڵکی پەرەپێداوە و هەم ئیمکانی فریوکاری بە کۆماری ئیسلامی داوە و هەم خۆی وەک غەدرلێکراو نیشان بدات. هەربۆیە گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە هەندێک سازشی دیاریکراو، هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە نییە کە ئێمە وەک گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بەرەی جەماوەردا هەڵیدەسەنگێنین.
لەگەڵ پێشهاتەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، هەلومەرجێکی لەباری نوێ بۆ پەرەپێدانی ئامانجدار و وشیارانەی خەباتی جەماوەر پێکهاتووە. بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە نوێیە، پێویستە تەرکیز بکەینە سەر چەند تەورێک، لەوانە: یەکەم، بەهێزکردنی ئەو خەباتە کرێکارییە خەباتکارانەی کە دەبنە هۆی سەرکەوتنی هەرچەند سنووردار و بچووک، کارێکی بەنرخە. ئەم خەباتانە نەک هەر بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کرێکاران پێویستن، بەڵکوو مەرجێکی پێویستن بۆ گەشەپێدانی وشیاری چینایەتی و ڕێکخراوبوونی کرێکاران.
دووەم، پەرەپێدانی خەباتی جەماوەری لەدژی گرانی و کەمی ئاو و کارەبا و هتد، خەباتی موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، دادخوازان، ماڵ لەدەستچووان، ناڕەزایەتیی پەراوێزنشینان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی شار، ئەو هەوڵ و خەباتەی کە دەبنە هۆی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پێکهێنانی ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنی لەناویاندا. سێیەم، ئاراستەکردنی بزووتنەوەی ئەو ژنە ئازادیخوازانەی کە بە فیداکاری و گیانبازی قارەمانانە، خۆیان لە کۆت و بەندەکانی حیجابی ناچاری ڕزگار کردووە و دەرگای یاریگاکانیان بەڕووی خۆیاندا کردووەتەوە، بەرەو ڕزگاربوون لە سەرجەم کۆت و بەندەکانی پیاوسالاری و یاسا دژە ژنە حکوومییەکان.
چوارەم، هەوڵدان بۆ شکڵ پێدانی جموجۆڵی نوێ لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا و هەروەها وەگەڕخستنی ئەو توانایی و پۆتانسێلە بەهێزانەی کە لەم بزووتنەوەیەدا بوونی هەیە.
پێنجەم، بەهێزکردنی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان کە بە دەستکەوتە کۆمەڵایەتییە درەوشاوەکانی، ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی سەرجەم کۆمەڵگەی ئێراندا کردۆتەوە.
هەموو ئەم ڕێوشوێنانە ڕێبازێک دەخەنە ڕوو کە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بۆ داهاتووی کۆمەڵگای ئێران. ئەم ڕێگایە هەرچەندەش دوور و درێژ بێت، دەبێت بگیرێتەبەر، چونکە هیچ ڕێگایەکی کورت مەودا تر بوونی نییە. کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیانی ئێستایان و خۆئامادەکردن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی داهاتوو، ناچارن ئەم ڕێگایە بپێون. ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگایەوە مومکین دەبێت. هەر پرۆسەیەکی تر جگە لەمە، تەنها بە قازانجی گواستنەوەی دەسەڵات لە یەکێک لە باڵەکانی سەرمایەدارانەوە بۆ باڵێکی تر تەواو دەبێت و کێشە بنەڕەتییەکانی جەماوەری ئێران چارەسەر ناکات.