کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئابووری ئێران لە لێواری داڕماندا

photo 2025 08 20 10 43 58

ئەمڕۆ ئیتر هەمووان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی ئابووری قووڵ و بەربڵاودا گرفتارە. هەروەها هەمووان ئەوەش دەزانن کە کێشەی کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستا، سیاسییە. ئابووری کۆماری ئیسلامی تەنیا بە دابینکردنی مەرجە پێویستەکان لە بواری سیاسی، ئابووری و یاسایی بۆ تێکەڵبوونی تەواو لەگەڵ بازاڕی سەرمایەی جیهانی، لەو بنبەستەی ئێستا ڕزگاری دەبێ و داهاتووی ئەو وڵاتە دەبەسترێتەوە بە هەوراز و نشێوەکانی سەرمایەی جیهانییەوە. بەڵام ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ئەم ڕێژیمە نیشانی داوە کە توانای دابینکردنی ئەو مەرجانەی نییە. جگە لەوەش لابردنی ئاستەنگە سیاسییەکان بۆ زیاتر تێکەڵبوونی سەرمایەداریی ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانیی، پێویستی بە جێبەجێکردنی بێ ئەملاو ئەولای بەرنامەی ئابووریی نیولیبراڵی لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە. ئەگەر ڕێگەچارەیەکی لەو شێوەیە بیتوانیایە وڵاتانێکی وەک ئێران لە قەیرانە ئابوورییە ناوخۆییەکان و دەرئەنجامەکانی قەیرانی سەرمایەداری جیهانی ڕزگار بکات، ئەمڕۆ چیتر لەگەڵ ئەو قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا بەرۆکی وڵاتانی سەرمایەداری دواکەوتووی گرتووە، بەرەوڕوو نەدەبووین.

جگە لەوەش بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی دەکرێت، سەرچاوەی سەرەکیی کێشە ئابوورییەکانی ئێران، بریتی نییە لە گوشارە دەرەکییەکانی وەک گەمارۆ و هتد، ئەگەرچی گوشارە دەرەکییەکان تا ڕادەیەک هۆکارن بۆ قووڵتر بوونەوەی قەیرانەکە، بەڵام هۆکاری سەرەکی نین، بەڵکوو سیاسەتەکانی خودی ڕێژیم هۆکاری پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی قەیرانەکانن. بەر لە گەمارۆکانیش، سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و موچەخۆرانی ئەم کۆمەڵگایە، هەروا بێ ڕەونەق و ژیانی خەڵک زۆر تاڵ بوو.

بەشێوەیەکی سروشتی هەر هەڵسەنگاندنێکی ئابووری دەبێت لەسەر بنەمای داتا و ئاماری ڕاستەقینە بێت. بەڵام ئامارەکانی بانکی ناوەندی و ناوەندی ئاماری ئێران بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نین. خەڵک دەزانن بانکی ناوەندی ئێران درۆ دەکات، ناوەندی ئاماری ئێرانیش درۆ دەکات. بۆیە پێشبینییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاماری دەوڵەت دەبەستێت، جێی متمانە نابێت.

بەڵام خەڵکیش واقیعەکان نەک لە زمانی ئامارەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئەو بارودۆخە کارەساتبارەی ژیانیان و ئەوەی کە لە دەوروبەری خۆیان بەچاو دەیبینن و هەروەها لە پەرەسەندنی بێوێنەی هەژارییەکی، کە ڕواڵەتی خۆی لە زیادبوونی بێ ماڵ و حاڵی، لەشفرۆشی، فرۆشتنی کۆرپەڵە، گورچیلەفرۆشی، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و خۆکوشتن و گەلێک زیانی کۆمەڵایەتی دیکەدا، نیشان دەدات، تێدەگەن.

لە ئاستی پلاندانانی ماکرۆدا، نەک هەر پلانەکانی پێنج ساڵە بە گشتی بێ بایەخ بوون، بەڵکوو ڕێژیم تەنانەت ناتوانێت بودجەی ساڵانەی وڵاتیش ڕێکبخات. ئەوەی بە کردەوە جێبەجێ دەکرێت، لە ڕاستیدا دابینکردنی مانگ بە مانگی خەرجییەکانی وڵاتە. پێشبینییەکان سەبارەت بە بڕی فرۆشی نەوت و نرخی نەوت کە بنەڕەتیترین سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتە، هەمووی خەن و خەیاڵن. هەربۆیە بەردەوام کورتهێنانی بودجەیان هەیە. بەڵام ئەم کورتهێنانی بودجەیە لە چ ڕێگایەکەوە دابین دەکەن؟ ئاشکرایە کە لە خەرجییەکانی سپای پاسداران و ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکان و دەستێوەردانە ناوچەییەکان و جبەخانەی سەربازی و پڕۆژەی ئەتۆمی کەم ناکەنەوە، بەڵکوو ئەم کورتهێنانە لە بودجەی چاودێری تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەگرن. یان بە بەرزکردنەوەی نرخی ئەو کەلوپەلە سەرەتاییانەی کە خەڵک پێویستیان پێیەتی، دابینی دەکەن و بە چاپکردنی هەرچی زیاتری پارەی بێ پشتیوان، بە کردەوە پەنا دەبەنە بەر دزییەکی گشتی لە گیرفانی خەڵک.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی پزیشکیان کە بە شێوەیەکی گشتی هەندێک ڕاستی ناخ هەژێنی سەبارەت بە دۆخی ئابووری ئێران ئاشکرا کرد، ڕۆژنامە مۆڵەتپێدراوەکانی ناوخۆی وڵات لەوانە ئەو ڕژنامانەی کە بە تایبەتی کار لەسەر پرسە ئابوورییەکان دەکەن، هەرکامیان گۆشەیەک لە داڕمانی ئابووری وڵاتیان خستەڕووبەپێی ئەو ئامارانە، هەڵاوسانی ئێران لەمساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٣ لەسەد، بەمەش ئێران بە بەرزترین ئاستی هەڵاوسان دوای وڵاتەکانی وێنزوئێلا، سودان و زیمبابوه، لە پلەی چوارەمی جیهاندایە. مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ نرخی یەک دۆلاری ئەمریکا گەیشتە ١٠٠ هەزار تمەن و بەمەش پووڵی ئێران بووە بێ بەهاترین دراو لە جیهاندا. نزیکەی یەک ملیۆن خاوەن بڕوانامەی باڵای دەرچووی زانکۆکانی ئێران بێکارن. هەر ئێستا زیاتر لە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین. وەزارەتی بێهزیستی ئێران ڕایگەیاند کە ٥٧ لەسەدی خەڵکی ئێران بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لەلایەن ئەو سەرچاوانەوە بڵاو دەکرێتەوە، لە هەر هەفتەیەکدا نزیکەی ٥٠ کۆمپانیای گەورە و بچووک لە ئێران دادەخرێن، بە جۆرێک کە تەنها لە کەرتی نەوت و پترۆشیمیدا ئەگەرچی بوارێکی پڕ ڕەونەقترە، بەڵام مانگانە دەیان شیرکەتی پەیمانکاری دادەخرێن. کۆمیسیۆنی ئابووری مەجلیس ڕایگەیاند، ٥٠ لەسەدی پیاوانی تەمەن ٢٥ بۆ ٤٠ ساڵ بێکارن و بەهۆی نائومێدییەوە تەنانەت بە دوای کاریشدا ناگەڕێن. پەرەسەندنی بێ وێنەی بێکاری، بەبێ بەهرەمەندبوون لە هیچ چەشنە بیمەیەکی کۆمەڵایەتی، زیاتر لە ٦٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆکانیشی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ئیسلامی، ئەمساڵ شەش ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هەلی کار لەدەست دەچێت. دۆخی حەقدەستی کرێکاران زۆر لەوە ناخ هەژێنترە، بەهای مامناوەندی حەقدەستی کرێکاران لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ٧٠ لەسەد کەمی کردووە. مامناوەندی حەقدەستی کرێکاران بەدۆلار، کە ساڵی ١٣٩١ سێ سەد دۆلار بوو، ئەمساڵ بۆ کەمتر لە ١٠٠ دۆلار دابەزیوە.

لە ناوەڕاستی زستانی ساڵی ڕابردووەوە، خەڵکی ئێران بەردەوام بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنن، کە هەرجارە ٣ بۆ ٤ کاتژمێر دەڕوات. لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ بۆ ٥٠ لەسەدی کارگەکانی ئێران بەهۆی نەبوونی کارەبای پێویست داخراون. بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی وزەوە، بۆ نیوە دابەزیوە. بارودۆخەکە بەجۆرێکە کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ٢٢ پارێزگا لەکۆی ٣١ پارێزگای ئێران لەوانە ئیدارە دەوڵەتییەکان، دادگاکان، بانکەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان بە تەواوی ڕاوەستاوە. ئەم داخرانە کە بەهۆی کەمیی لەڕادەبەدەری گاز و پچڕانی کارەباوە ڕوو دەدات، ڕۆژەکانی کارکردنی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆ تەنها دوو سێ ڕۆژ لە هەفتەدا کەمکردووەتەوە. ئەم دۆخە بە گشتی و قەیرانی ئاو و لەناوچوونی ژینگەشی بێتەسەر، ئەوسا ڕەهەندەکانی ئەو نەهامەتیانەی کە ئەم ڕێژیمە بەسەر کۆمەڵگای ئێرانیدا سەپاندووە، بە ڕوونی هەست پێدەکرێت. ئایا کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگایەکی هەیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییەی کە تێیدا گرفتار بووە؟ با وەڵامی ئەم پرسیارە لە زاری یەکێک لە شارەزایانی ئابووریی ڕێژیمەوە ببیستین، کە دان بەوەدا دەنێت: “تەنانەت ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکاش هەڵبگیرێن و میکانیزمی ماشە کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەپێنێتەوە جێبەجێ نەکرێت، ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێش لە سزاکانی ئەمریکا، پێویستی بە دە ساڵ گەشەی ئابووریی بەردەوام و بێ پسانەوە هەیە، بۆ ئەوەی ئابووری ئێران لە داڕمان ڕزگار بێت”.

ڕژیمی سەرمایەداری لە ئێران وەک هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، تەنانەت ئەگەر پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ جیهانی پێشکەوتووی سەرمایەداری ئاسایی بکاتەوە، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە لەبەردەمدا نییه جگە لە چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی چینی کرێکار، هەرزانکردنی هێزی کاری کرێکاران، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەروەها سەپاندنی هەژاری و نەهامەتی زیاتر بەسەر زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگادا. بەڵام لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی، هەر ئێستاش کاسەی سەبری کرێکاران و زۆربەى جەماوەر لەم بابەتەوە لێوڕێژ بووه، چ جای مژینی لەوە زیاتری شیلەی گیانی خەڵک بۆ سەرلەنوێ وەگەڕ خستنەوەی ئابوورییەکەیان. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا تواناکانی لەدەستداوە. هیچ بوارێکی مانۆڕی نییە و دەزانێت بە توندکردنەوەی گوشارەکان بۆسەر چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش، یاری بە چ ئاگرێکی مەترسیدار دەکات. ڕۆژنامەیەکی نزیک لە ڕێژیم هۆشداریی داوە کە،ئەم ناڕەزایەتییە سەرکوتکراوانە ڕۆژێک وەک گڕکان دەتەقێتەوە و لەشکرێک لە بێبەشان و برسییەکان بەرامبەر بە بەرپرسانی ئەو ناعەداڵەتییە ڕادەپەڕێت، ڕاپەڕینێک کە تەنیا دەکرێت ناوی شۆڕشی لەشکری برسییەکانی لەسەر دابنرێت“. هەربۆیە دەکرێ بە دڵنیاییەوە بوترێ ئابووری کۆماری ئیسلامی، لە دۆخێکدایە کە نە ڕێگای بەرەوپێشچوون و نە ڕێگای گەڕانەوەی هەیە. هاوکات بوونی چەندین قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و سیاسیی، ڕێژیمیان خستۆتە بنبەستێکەوە کە بەبێ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی، دەربازبوون لێی مەحاڵە.