دوابەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی بە بیانووی درۆ و بێبنەما دەستیپێکردووە. لە هەمان کاتدا فشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە ناو زیندانەکاندا چڕتر بووەتەوە. دوابەدوای بۆردومانی زیندانی ئێڤین لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، کۆماری ئیسلامی هەمان شەو زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئێڤینەوە گواستەوە بۆ زیندانی گەورەی تاران لە فەشافویە. چیرۆکی تاڵ و دڵتەزێن سەبارەت بە شێوازی گواستنەوەی زیندانییەکان و بارودۆخی زۆر سەختی زیندانی گەورەی تاران بڵاوکراوەتەوە. ئەو هەواڵانەی لە ناو زیندانەوە بەدەست دەگەن ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕزگارکردنی گیانی ئەو بەندکراوانە، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێویستی بە هەوڵی بەربڵاو و ڕێکاری بەپەلە هەیە. جگە لەوەش ڕێژیم ڕۆژانە هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی چەندین کەس لە سزادراوانی دادگا ئاساییەکان، لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیش بەردەوام جێبەجێ دەکات.
هەموو هەوڵەکانی ئەشکەنجەگەران بۆ چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەر ئەم زیندانیانە، هاوکات بە ئامانجی لاوازکردن و بەخەیاڵی خۆیان، شکست پێهێنانی ئەم خەباتە بەربڵاوە کۆمەڵایەتییەیە. پشتیوانی بەربڵاو لە زیندانیانی سیاسی و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، نیشانەی ورەی خەباتکارانەی خودی زیندانییەکان و داماویی ئەشکەنجەگەران و بەرپرسانی ڕێژیمە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا شکستیان هێناوە. ئەگەر قەسابخانەکانی ڕێژیم لە دەیەی شەستدا، بناغەکانی ڕژیمی دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامییان پتەوتر کرد، هەر ئەم کوشتارگایانە ئەمڕۆ پایەکانی ئەم حکوومەتە دێننە لەرزە. ئەگەر لە دەیەی شەستدا، ناڕەزایەتی ئاشکرا لەدژی هەڵسوکەوتی دڕندانەی بکوژان بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی، تەنها چالاکانی ڕێکخراوە سیاسییە نهێنییەکانی لەخۆ دەگرت، ئێستا ئەم ناڕەزایەتییانە گشتگیر و ئاشکران. ئێستا دەیان ماڵپەڕ و ڕێکخراوی مەدەنی و ئاشکرا، بەرگری لە زیندانیانی سیاسی دەکەن. ئەمڕۆ خواستی “هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان”، هاوکات لەگەڵ خواستی “ئازادی زیندانیانی سیاسی“، بووەتە داواکارییەکی سەرەکی خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، بە مەبەستی مانەوەی لە دەسەڵاتدا، بەردەوام نەیارانی سیاسی خۆی دەستبەسەر و ئەشکەنجە و ئێعدام کردووە. بەڵام ئەمڕۆ خەبات لەپێناو ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە، بەربڵاوتر لە هەمیشە لەئارادایە. پێشەنگانی ئەم خەباتە ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک، هەر لە کارگەکانەوە بگرە تا شەقام و گەڕەکەکانی شار و تا کوچە و کۆنی گوندەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو بوونیان هەیە و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەروا بەردەوامە. خەبات لە دژی زیندان، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، خەباتێکی گشتگیرە، چینی کرێکار زۆرترین بەرژەوەندی لە دەستەبەرکردنی مافە دێموکراتیکەکان لەوانە کۆتاییهێنان بە گرتن و دەستبەسەرکردن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەداندا هەیە.
واقیعییەت ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامی بەبێ زیندان و زیندانیی سیاسی ناتوانێت یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. هەر لە یەکەم ڕۆژی بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە، نەک هەر ڕێکخراوە سیاسیەکانی دژبەری ڕێژیم، بەڵکوو چەپ و کۆمۆنیستەکان، چالاکانی کرێکاریی، سکۆلار و دێموکراتەکان، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، خەڵکی کوردستان و بەهاییەکان، ڕووبەڕووی دوژمنایەتی و توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر بوونەتەوە و هەزاران کەسیان لە سێدارە دراون، ئەشکەنجە دراون، زیندانی کراون یان ناچار کراون وڵات بەجێبهێڵن. چالاکانی مافی ژنان، چالاکانی مافی مرۆڤ و پارێزە شەریف و ئازادیخوازەکان، زەبری قورسیان لە سەرەڕۆیی ئایینی بەرکەوتووە. نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، موزیکژەنەکان و سینەماکاران بوونە ئامانجی سەرکوت و فشارەکانی ڕژیم. چالاکانی ژینگەپارێز و سەرجەم چالاکانی کۆمەڵایەتی، بە بیانووی بێبنەما و گاڵتەجاڕانە زیندانی کران و لە هەندێک حاڵەتدا لە سێدارە دران. هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ نەیارەکانی، گەیشتە ئاستێک کە ئیتر تەنانەت باڵەکان و هەندێک لە بەرپرسەکانی حکوومەتی ئیسلامیشی دەستبەسەر و زیندانی کرد. ئەمڕۆ بەزەحمەت بنەماڵەیەک لە ئێراندا هەیە کە کەسێک یان چەند کەس لە ئەندامانی، بە هۆکاری سیاسی زیندانی نەکرابن، لەسێدارە نەدرابن، یان ناچار نەکرابن کۆچ بکەن. لەمڕووەوە خەبات لە پێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی و بەرگریکردن لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، هەنگاوێکی گرنگ و جیددییە لە خزمەت بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی سیستەمێک کە تێیدا هیچ ئاسەوارێک لە ئێعدام و زیندانیانی سیاسی بوونی نەبێت.
بێ گومان لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی، دەرگای زیندانە سیاسییەکان تێکدەشکێنن و ئەو مرۆڤە شەریفانەی کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری، ئەشکەنجە و مەرگیان قبوڵ کردووە، سەربەرزانە دەگەڕێنەوە ناو باوەشی جەماوەر. بەڵام تا ئەو ڕۆژەی کە دەرگای زیندانەکان دەکرێنەوە، زۆر گرنگە ملیۆنان خەڵکی ناڕازی، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدان و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و ئازادکردنیان. پێویستە دروشمی ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە هەموو شوێنێک دەنگ بداتەوە. نابێت هیچکەس بە تاوانی خەبات لەپێناو مافەکانی خۆی، بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نەهامەتی ئابووری و ستەمگەریی، بە تاوانی هەبوونی بیروباوەڕەی جیاواز، یان بە تاوانی ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی، دەستگیر و زیندانیی بکرێت. ئەگەر بڕیار بێت کەسێک لە گۆشەی زیندانەکاندا بێت، ئەوە سەبەبکار و تاوانبارانی ئەم دۆخەی ئێستان کە دەبێ بکەونە زیندان، واتە ئەو کەسانەی کە منداڵانی خەڵک دەبەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەوانەی جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕە بێ ناونیشانەکاندا بەخاکیاندەسپێرن، واتە ئەو کەسانەی که سەروەت و سامانی کۆمەڵگا تاڵان دەکەن و ئەم گشتە ڕەنج و بێبەشی و نادادپەروەرییەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، یەکگرتوویی کرداریی و هاوکاری بەربڵاو لە دەوری دروشمی داکۆکی لە ئازادی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای جینایەتکارانە، کارێکی کردەیی و کاریگەر دەبێت. دەبێ دەستی کۆماری ئیسلامی لەسەر گیانی ئازیزانی بەندکراو کورت بکرێتەوە، بهڵام کارێکی گەورەی لەم چەشنە، تەنها لە توانایی ئەو جەماوەرەدایە که سەرەنجام شووشەی تەمەنی ڕژیم لە دەستی بەتوانی ئەواندایە. تەنیا بە خەباتی یەکگرتووانە و ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی دەتوانرێت ڕێژیم ناچار بە کۆتاییهێنان بەو کردەوە جینایەتکارانە و نامرۆڤانەیە بکرێت.