کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانی ناوەندە هاریکارییەکان پیرۆز بێت

nody

بە پێی ڕۆژژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێنجی جولای (١٤ی پووشپەڕ ) ڕۆژی جیهانی ناوەندە هاریکارییەکان بوو. ئەمساڵ لە بۆنەکاندا بە دروشمیچارەسەری گشتگیر و بەردەوام بۆ جیهانێکی باشتر، پێویستە لەسەر ڕۆڵی گرنگی ناوەندە هاریکاییەکان لە درووستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و خۆگرتر جەخت بکرێتەوە. وشەی هاریکاری، چەندین مانای جیاواز لەخۆ دەگرێت: ناوەندەکانی کڕینی بە کۆمەڵ (وەک ناوەندە هاریکارییەکانی خۆراک و بەکارھێنان)، ناوەندەکانی فرۆشتنی بەکۆمەڵ (وەک پێشانگە بچووکەکانی سەرمایەداری بۆ فرۆشتنی بەرھەمەکانیان کە بەیەکەوە هاریکاری دەکەن)، یان خاوەندارییەتیی بەکۆمەڵ (وەک ئەو جوتیارانەی کە زەوییەکەیان بە هاوبەشی خاوەندارییەتی دەکەن، بەڵام بە جیا کشتوکاڵ دەکەن). لە ئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی هاریکاری وەک مۆندراگۆنی ئیسپانیا بوونی ھەیە کە ١٣٠ ھەزار کرێکار و کارمەندی لەناو خودی ئەو کۆمپانیایە و ٨٠ ھەزار کەسیش لە پەراوێزیدا کار دەکەن. لانیکەم ١٠٠ ھەزار کەسیان خاوەن و بەڕێوەبەری ئەم کۆمپانیایەن کە بە سیستەمێکی کارا و بەکارھێنانی بەڕێوەبەرایەتی بەکۆمەڵ لە ناو جەرگەی ئەم ئابوورییە قەیراناوییە جیهانییەدا ٥٠ ساڵە دەوامی هێناوە، بەڵام لەگەڵ گەلێک ئاڵەنگاری سەرمایەدارانە بەرەوڕوون. جێگای ئاماژەیە کە لە جیھاندا ٢.٦ ملیۆن ناوەندی هاریکاری بوونیان هەیە کە خاوەنی دوو ملیارد ئەندامن. سەرەڕای ئەم ڕاستییەش، سەرمایە زەبەلاحەکانی کەرتی تایبەت ڕێگەیان نەداوە کە ڕۆڵی ئەوان لە ئابووری جیھانیدا، لە پێنج لەسەد زیاتر بێت.

لە ناو ناوەندە هاریکارییەکانی جیھاندا، کۆمپانیاکانی ھاوکاری بەکۆمەڵ لە ئابووری و ناوەندە هاریکارییەکانی ڕۆژئاوا، نموونەیەکی بەرچاون. لە ئێستادا ناوەندە هاریکارییەکانی ئەو ناوچەیە سیستەمێکی نوێی ئابوورییان لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەرایەتی درووست کردووە کە دەکرێ وانەی زۆری لێوەربگیرێت. پێش ساڵی ٢٠١١، حکوومەتی بەعسی سووریا ھەر خۆڕێکخستنێکی جەماوەریی سەرکوت دەکرد. بەڵام لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ناسراو بە بەھاری عەرەبی کە خەڵکی ڕۆژئاوا (کورد، ئێزیدی، ئاشووری و عەرەب) کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی خۆیان بەدەستەوە گرت، لە زۆر بواری جۆراوجۆر و لەوانە ناوەندەکانی هاریکاری، بە پشت بەستن بە خۆیان کاریان کردووە. لە ڕوانگەی چالاکانی ڕۆژئاوا، بزووتنەوە هاریکارییەکان مۆدێلێکن بۆ کۆمەڵگایەکی جێگرەوە. کۆمیتەی ئابووریی ژنان (سەر بە کۆنگرەی ستار) هاریکارییە کشتوکاڵییەکان، نانەواییەکان و پرۆژەکانی وزەی نوێبووەوەیان لەم ناوچەیە دامەزراندووە. ناوەندە هاریکارییەکان لە بواری دابینکردنی خۆراک، ئاو، کارەبا، خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستییەکاندا چالاکن. بەشێکی گرنگی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی باکووری سووریا لە ژێر چاودێری خۆبەڕێوەبەرایەتییەکی دێموکراتیدایە. ئەم مۆدێلە ئابوورییە لەسەر بنەمای کاری بەکۆمەڵ، خۆبژێوی، پابەندبوون بە ژینگە و دێموکراسیی هاوبەش بنیاتنراوە.

لە ئێرانیش ناوەندە هاریکارییەکان ھەم لە بواری بەرھەمھێنان (کشتوکاڵ و پیشەسازی) و خانووبەرە و ھەم لە بواری خزمەتگوزاری و خۆراک دا چالاکن. لە بەشی پیشەسازیدا ١٧ ھەزار ناوەندی هاریکاری چالاکن. لێرەدا بەشی ناوەندە هاریکارییەکانی خۆراکی و بەکارھێنان گەورەترین ڕۆڵی لە ئابووری و یارمەتیدانی خاوەن پشکەکاندا ھەبووە. ئێستا سێ تۆڕی گەورە لەم بەشەدا چالاکن، وەک ناوەندی هاریکاری خۆراکی و بەکارھێنانی فەرھەنگیان کە یەک ملیۆن پشکداری هەیە و زۆربەی مامۆستایان تیایدا ئەندامن. ھەروەھا ناوەندی هاریکاری کارمەندانی حکوومەتیش بوونی ھەیە کە پێش دەستپێکردنی فرۆشگا زنجیرەییە گەورەکان، توانییان بەشێک لە فرۆشگاکان دابمەزرێنن. ھەروەھا ناوەندی هاریکاریی کرێکارانیش لەم بوارەدا چالاک بوون. کرێکارانی پێشڕەو ھەوڵیانداوە ئەم ناوەندە هاریکاریانە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقەوە تا ئێستا بخەنە خزمەت ھاوچینەکانی خۆیان. ئەوان تاڕادەیەک پێداویستییە خۆراکییەکان بە نرخێکی گونجاوتر و بەبێ بەهرەی دەڵاڵ و بە مەرجێکی باشتری وەک فرۆشتن بەشێوەی قیستییان، دابین کردووە و لە ئێستادا پێنج ملیۆن ئەندام و پشکداریان ھەیە. بە گشتی ئابووری وڵات بەسەر سێ بەشی وەک دەوڵەتی، تایبەت و هاریکاریدا دابەش کراوە. لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامییەوە، کۆمپانیا هاریکارییەکان ھەمیشە گۆشەیەک لە ئابووری بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕێگەیان پێنەدراوە کە زیاتر لەو پێنج لەسەدە، ئابووری وڵات داگیر بکەن. لە جیھاندا کەرتی تایبەت بەربەستی سەرەکی بووە لەبەردەم گەشەی ناوەندە هاریکارییەکان، لە ئێرانیش بەشی دەوڵەتی، نیمچە دەوڵەتی و گەندەڵی لەڕادەبەدەری ڕژیم، لەم پێوەندییەدا ڕۆڵی سەرەکییان ھەبووە کە ٧٠% ئابووری وڵاتیان لەبەر دەستدایە.

یەکەمین ناوەندە هاریکارییەکانی جیھان لەلایەن کرێکارانەوە لە سەدەی ھەژدەھەمدا دامەزران. مەبەست ئەوە بوو کە ئەوان قازانج نەویست بن، بەڵام لە جیھانی سەرمایەداریدا ئەمە مومکین نەبووە. سەرەڕای ئەوەش، پێکھاتەکەیان بە شێوەیەکە کە ناتوانن وەک بەشێکی تەواو قازانجخواز، بوروکراتیک و بێ بەزەیی کار بکەن. مارکس بە دروستی دەیوت کە ناوەندە هاریکارییەکانتاقیکردنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتینو گرنگییەکی زۆریان ھەیە، بەڵام بە توندی ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە کە دەکرێت سۆسیالیزم لە ڕێگای درووستکردنی ناوەندە هاریکارییە نوێیەکان بە دوای یەکدا دامەزرێت. ئەو جەختی کردەوە کەبۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، پێویستە هاریکاری و کاری بەکۆمەڵ بۆ ئاستی نەتەوەیی گەشە بکات و دەرەنجام بە ئامرازی نەتەوەیی پەروەردە بکرێت.

ڕۆزا لۆکزامبورگ نووسیویەتی: “ناوەندە هاریکارییەکان، بە تایبەتی هاریکارییەکانی بواری بەرھەمھێنان، شێوازێکی تێکەڵاوی نێوان سەرمایەداریین. دەکرێت ئەو ناوەندانە بە یەکەیەکی بچووکی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی لە ناو بازاڕی سەرمایەداریدا وەسف بکرێن.” کێشەکە ئەوەیە کە ئەو ناوەندە هاریکارییانەی لە چوارچێوەی بازاڕی سەرمایەداریدا دادەمەزرێن، بۆ مانەوەیان پێویستە ڕکابەری بکەن و ئەگەریش ڕێژەی چەوساندنەوە لە نێوان ڕکابەرەکانتدا بەرز بێت، تۆش پێویستە خۆت لەگەڵ ئەودا هاوئاهەنگ بکەیت. دێموکراسی ئابووری و خۆبەڕێوەبەرایەتی کرێکاریی لە شێوازی هاریکاری بۆ ھەر کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ڕەسەن، گرنگییەکی ئێجگار زۆری ھەیە، بەڵام بەو مانایەی کە مەبەستی کرێکارانە، ئەو ناوەندانە تەنیا بە گرتنەبەری ستراتێژێک بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداری و زەوتکردنی زەوتکەران، دەکرێت دابمەزرێن.