فدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی كرێكارانی به‌شی گواستنه‌وه كه نوێنه‌رایه‌تی زیاتر له ١٦ ملیۆن كرێكار له ١٥٠ وڵاتی جیهان ده‌كات، له به‌یاننامه‌یه‌ك دا پشتیوانی ته‌واوی خۆی له شۆفێرانی بارهه‌ڵگری ئێرانی دووپات كرده‌وه و خوازیاری ئازادی هه‌موو ده‌ستبه‌سه‌ركراوان بوون.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، زۆربه‌ی كامیۆندارانی ئێرانی سه‌ربه‌خۆن به‌ڵام ژیانیان له ژێر گوشاری سه‌ختی مه‌عیشه‌تی و سه‌ركوتی وه‌حشیانه‌ی كۆماری ئیسلامی دا له داڕمان نزیك بووه‌ته‌وه. نه‌بوونی بیمه، گرانی نرخی سووته‌مه‌نی و پارچه‌ی یه‌ده‌كی ئۆتومبێل و خراپی ڕێگه‌وبان ژیانی هه‌زاران شۆفێر و موسافیری خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه و به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به داخوازییه‌كانیان ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن. داخوازییه‌كانی ئه‌وان هه‌مان بنه‌ماكانی كارزاری جیهانی نرخه دیاریكراوه‌كان له فدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی كرێكارانی به‌شی گواستنه‌وه‌یه. سایه‌ی سه‌ركوت به سه‌ر كرێكارانی ئێرانی دا سه‌نگینی ده‌كات و كرێكارانی ناڕازی بۆ سازماندانی خۆیان ڕووبه‌ڕووی توندووتیژی بێ وێنه‌ی حكوومه‌ت بوونه‌ته‌وه. فدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی كرێكارانی گواستنه‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ شكاندنی مانگرتن و زیندانیكردنی شۆفێران به توندی مه‌حكووم ده‌كات و داوا له به‌رپرسانی ڕژیم ئه‌كات ڕێز له مافی كامیۆن‌داران بگرێت.