دەستدرێژی بۆسەر سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤی چینی کرێکار لە ئێران
زیادکردنی سەعاتی کار، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، دەرکردنی بەردەوامی کرێکاران لە کارە هەمیشەییەکان و گۆڕینی گرێبەستە فەرمییەکان بۆ گرێبەستی کاتی، کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە کاری منداڵان بە حەقدەستێکی زۆر کەم، پەرەسەندنی دیاردەی منداڵانی سەر شەقام، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی ئیمکاناتی خۆشگوزەرانی و پزیشکی خەڵک، پەرەسەندنی بێوێنەی پڕۆسەی پیسبوون و لەناوچوونی ژینگە و زیادبوونی مەترسییە جیددییەکان بۆ سەر ژینگە و هتد، سیمای ئێستای سیستەمی سەرمایەداری ئیسلامی لە ئێران لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، بە ئاشکرا نیشان دەدەن. دوور لە ڕاستی نییە ئەوەی کە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم دۆخە بە قێزەونترین و نامرۆڤانەترین شێوە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا، بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا دەسەپێنرێن، هاوکات جیهانی سەرمایەداریش کەوتووەتە بەردەم ئەو پرسیارە مرۆڤانە و بیرمەندانەی ڕۆزا لوکزامبورگ کە وتی، “سۆسیالیزم یان بەربەرییەت“؟. ئەو بەربەرییەتەی ئێستای سیستەمی سەرمایەداری، ڕۆژانە لە لایەن زۆربەی هەرەزۆری مرۆڤەکانی سەر ئەم گۆی زەوییەوە بە ئێسک و پێست و بەشێوەیەکی پراکتیکی ئەزموون دەکرێت. بەڵام سۆسیالیزمی کرێکاران، ئەو سۆسیالیزمەی کە مارکس ئاماژەی پێدەکات، کە بریتییە لە دەسەڵاتی ڕێکخراوی چینی کرێکاری وشیارە بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری و سیاسەت و کۆمەڵگا، هێشتا خۆی دەرنەخستووە و بێگومان مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی.
ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٢٠ بەملاوە لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و چەند وڵاتێکی تر بە ناوی سۆسیالیزم خۆی بە جیهان ناساند، نەک هەر هاوئاراستە نەبوو لەگەڵ سۆسیالیزمی زانستی، بەڵکوو بە تەواوی لەدژی بوو. ئەزموونێکی تاڵی کە چینی کرێکاری جیهان هەتا ئێستاش باجی زیان و دژوارییەکانی دەداتەوە. ئێستا و بە تایبەتی چەپە پێشتر “سۆسیالیستەکان” و لیبراڵەکانی ئێستا، زیاتر لە هەموو کەسێک بوونەتە بڵندگۆی پڕوپاگەندەی لیبڕاڵی دژ بە کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و لە هەموو کەس زیاتر لەسەر شایستەییەکانی “دێموکراسی لیبراڵ” نووسیویانە و لە تاریفی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمیش ماندوو نابن. لە ئێران، لە سەردەمی گەشەی دووی خوردادییەکان، لە خۆشی “دیالۆگی شارستانیەتەکان” شاگەشکە ببوون و لە شەوێکدا هەموو ئەوەی ساڵانێک بوو ڕستبوویان، کردیانەوە بە خوری. زۆری نەخایاند کە بوون بە خواجە و موریدی “بزووتنەوەی سەوز” و دوای بێهیوابوون لە سیاسەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێمی ئێران، هیوای بێبنەمای خۆیان بە کەشتییە نوقمبووەکەی سەوزەکان و ئایەتوڵڵا ناڕازییەکانی “حەوزەی عیلمییە“وە گرێدا و شاڵی سەوزیان بە دەست و ناوچاوانی خۆیانەوە بەست.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئەرکی گۆڕینی بەربەرییەتی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر شانی چینی کرێکار قورسایی دەکات. بەڵام بەئاکام گەیاندنی ئەم ئەرکە، بابەتێکی لەخۆڕا و ناڕێکخراو نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی وشیارانەیە کە بە پشتبەستن بە پراکتیکی ئاڵوگۆڕپێکهێنەری چینی کرێکار و ئینسانە کۆمۆنیست و یەکسانیخوازەکان مومکین و دەستبەر دەبێت. چینی کرێکاری ئێران، ئەمڕۆ بە یەکێک لە سەختترین ساتەکانی ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی خۆیدا تێدەپەڕێت. ئەم چینە لە بوونی دامەزراوە و ڕێکخراوی کاریگەر و خەباتکارانەی خۆی، ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاری، مافی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و مانگرتن و هەروەها ئازادی ڕادەربڕین بێبەشە. نەبوونی ئەم ئامرازانەی خەبات لە دەستی کرێکاراندا، بە واتای چەکداماڵینیانە لە شەڕێکی سەخت و ڕووبەڕوو لەگەڵ دوژمنێکی بێبەزەیی و پڕچەکوچۆڵ، کە جگە لە تەسلیمبوون و بە کۆیلەکردنی بێ ئەملاو و ئەولای کرێکاران، بە هیچی تر ڕازی نییە. ئەوەی ئەمڕۆ چینی کرێکاری ئێران پێیدا تێپەڕدەبێت، بریتییە لە مەرگێکی لەسەرەخۆ و بەشێنەیی بۆ خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکەی.
دەوڵەت و سەرمایەدارانی ئێران، سەرەڕای ئاگادار بوون لەو ڕاستییە، بەڵام نەک هەر بە سەپاندنی دۆخێکی تا ئەم ڕادەیە پڕ ئازار بەسەر چینی کرێکاردا ڕازی نابن، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشارەکانیان بۆسەر ئەم چینە پەرە پێدەدەن بۆ ئەوەی قازانجێکی هەرچی زیاتر بەدەست بهێنن. چونکە سامانی ئەوان بەرهەمی هەژاریی کرێکارانە و هەژاریی کرێکارانیش سەرچاوەی زیاتربوونی بەردەوامی سامانی ئەوانە. سیاسەتی دەوڵەت و سەرمایەداران لە ڕەچاوکردنی نادادپەروەری بەردەوام بەرامبەر بە چینی کرێکاری ئێران، لە هەنگاو گەلێکی وەک لەسەرکار دەرکردنی ڕۆژانەی کرێکاران و داخستنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، نەدانی حەقدەست لە کاتی خۆیدا، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هەمیشەیی و بەستنی گرێبەستی کاتی لەگەڵ کرێکاران، پابەندنەبوون بە تەنانەت یاسا دژە کرێکارییەکانی کار، نەبوونی بیمەی بێکاری و ئەمنییەتی پیشەیی، زیاد نەبوونی حەقدەستەکان بەپێی هەڵاوسانی بەربڵاو و بەردەوام، پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، هەژاری، لەشفرۆشی، کاری منداڵان، کوشتن و شتی تری لەو چەشنە، کە لە هەنگاوی یەکەمدا کاریگەری لەسەر چینی کرێکار و چینە بێبەش و ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگا دادەنێت، لە زومرەی دەرئەنجامەکانی دیکەی سیستەمی گەندەڵی سەرمایەداریی و دەوڵەتە ئیسلامییە پالپستەکەیەتی لە ئێرانی ئەمڕۆدا.