کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ڕێکخەرانی سوپا پڕ چەک و چۆڵەکان چاوەڕوانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە ناکرێت

Untitled 80

کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەتی ١٦ی ئایاری وەک «ڕۆژی جیهانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە » ڕاگەیاند. هەروەها کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٨١ لە بڕیارێکی دیکەدا ٢١ی سێپتامبری وەک «ڕۆژی جیهانی پێکەوە ژیانی ئاشتی» دیاریکرد و ئەم بەهاییانەی خوارەوەی بۆ بە پێویست زانی: ڕێزگرتن لە ژیان، مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، پەرەدان بە نەهێشتنی توندوتیژی لە ڕێگەی پەروەردە، گفتوگۆ و هاوکاری، پابەندبوون بە چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، پابەندبوون بە ئازادی، دادپەروەری، دێموکراسی، سەبووری، هاوپشتی، هاوکاری، قبووڵکردنی فرەچەشنی، هەمەچەشنیی کلتووری، گفتوگۆ و تێگەیشتن لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە و نێوان نەتەوەکان.

لە ئۆکتۆبری ١٩٤٥ەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕواڵەت بۆ دیفاع لە ئاشتی و ڕێگرتن لە شەڕ دامەزرا، سەدان شەڕی گەورە بچووک لە سەرانسەری جیهان ڕوویداوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە ڕێگرییان لێبکات. ئەم ڕێکخراوە نەک هەر نەیتوانیوە لە ڕێگەی چارەسەری ناکۆکییەکانەوە ئاشتی لە جیهان دابین بکات، بەڵکوو لە خزمەت دەوڵەتەکانی خاوەن مافی ڤێتۆ، بە تایبەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکادا بووە و زۆرێک لە شەڕ و داگیرکارییە پاساو کردووە. واتە ئەو شەڕانەی کە ئامرازێکی سەرەکیی بوون بۆ سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.

لەپاڵ شەڕدا، قاتی و قڕی و نەخۆشی و ئاوارە بوون، بەرۆکی قاڕەی هەمیشە برسی ئەفریقا بەرنادات. رۆژی جیهانی ئاشتی لە حاڵێکدا ڕێز لێدەگیرێت کە لە ئاکامی شەڕ و توندوتیژی و هەژاری و نائەمنیدا، ٢٠٠ ملیۆن کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتوە و ئاوارە بوون. لە گەلێک لە شوێنەکانی دنیا سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ بە توند ترین شێوە پێشێل دەکرێت. ژن ئازاری و توندوتیژی لەدژی ژنان، منداڵ ئازاری، کاول کردنی ژینگە هێشتا لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا لەوپەڕی خۆیدایە.

زۆربەی ئەوانەی کە لەمرۆدا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کۆبوونەتەوە و زەنگی ئاشتی لە حوزوری ئەواندا لێئەدرێت، ڕێکخەرانی ئەڕتەشە سەرتاپا چەکدارەکان، بەرهەمهینەران و زەخیرە کەرانی چەکە کۆمەڵ کوژەکان، هەڵگیرسێنەرانی شەڕەکان، دامەزرێنەرانی زیندان و ئەشکەنجەگاکان و دارەکانی ئێعدام، پێشێل کەرانی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، سەبەبکارانی چەوسانەوەی منداڵان، سەردەستەی مافیای سەروەت و دەسەڵات، تاوانبارانی ڕیزی یەکەمی سەرجەم خەسارە کۆمەڵایەتیەکانن. ئەوان پاسدارانی نیزامێکن کە بەرهەمی ڕەنج و کاری بە میلیارد ئینسان هەڵدەلوشن و ڕێگای خۆیان بە ناخی ئاگر و خوێندا بە قیمەتی زەوت کردنی مافی ژیان لەم ئینسانانە خۆش دەکەن. ئەوان پاسدارانی نیزامێکن کە بە هۆی قازانج پەرستی خۆیەوە ڕەحم نە بە ژینگە و نە بە ئینسانیش ناکات. لە سەرویانەوە کەسانێکی وەک دۆناڵد ترامپ بوونی هەیە کە تەنانەت قەراردادێکی فۆرماڵیش بۆ پارساتنی ژینگە بە پێویست نازانێ و قەبوڵی ناکات.

لە ئاوا بارودۆخێکدا بەشەریەت تەنیا دوو ڕێگای لەبەر دەمدایە. یان بە چارەنووسێک کە ئەمانە بۆ ئینسانیان دیاری کردوە، ڕازی بێت کە لەم حاڵەتەدا سەرئەنجامێکی بێجگە لە لەنێوچوونی شارستانیەت و فەرهەنگ و گشت دەست کەوتەکانی بەشەری بەدواوە نابێت و لە باشترین حاڵەتدا ئینسان، هەڵبەت ئەگەر ئینسانێک مابێتەوە، دەیگێڕنەوە بۆ بەڕبەڕیەتی هەزاران ساڵی ڕابردو. یان کۆمەڵگا لەم گوزەرگا سەخت و دژوارە دەپەڕێننەوە و بەرەو دنیایەکی دوور لە شەڕ و توندتیژی، پڕ لە ئازادی و ڕیفاه و یەکسانی، دنیای سۆسیالیزم ڕێبەری دەکەن. دنیایەک کە تێیدا سەرجەم ئەو هەڵاواردنە ئابووری، جنسی، ڕەگەزی، نەتەوەییانەی کە بوونەتە سەبەبی شەڕ و توندتیژیەکان، هەڵدەوەشێننەوە، کۆمەڵگایەک کە تێیدا بەرین ترین ئازادییە فەردی و سیاسیەکان بەدی دێت. کۆمەڵگایەک کە خورافات و دواکەوتوییە فەرهەنگیەکان دەخرێنە مۆزەخانەی مێژوەوە و دۆخێک فەراهەم دەبێت کە تێیداگەشەی ئازادی هەر کەسێک مەرجی ئازادی هەموان بێت.”

بەڵام وەها کۆمەڵگایەک خۆی لە خۆیەوە لە دایک نابێت. ناکۆکی و قەیرانەکانی نێوخۆی ئەم نیزامە، چەوساندنەوە و شەڕ و هەژاری خۆیان لە خۆیانەوە نابنە هۆی لەنێوچوونی. ئەم ئاڵوگۆرە چارەنووس سازە پێویستی بە وشیاری، ڕێکخراوی و ڕێبەریی، بە خەباتی ئامانجداری کرێکاران، ئەوانەی کە هیچ قازانجێکیان لە بەردەوام بوونی ئەم مناسباتەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێستادا نییە، بە خەبات و هەڵسوڕانی هاوبەش و بەیەکەوەی هەموو ئەو ئینسانانەی کە مەترسیەکانی ئەم نیزامە ژیانی ئەوانیشی بەرەو نابوودی پاڵ پێوەناوە، هەیە. ناکرێ چاوەڕوانی ئاشتی جیهانیت لە شەڕ سالاران هەبێت، دەبێ بە هێزی خۆمان و بۆ سەقامگیر کردنی ئاشتیەکی ڕاستەقینە دەست بخەینە نێو دەستی یەکەوە.

ئابووریی جیهانی پتر لە هەموو کاتێک پشتی بە گەشەپێدان و بەکارهێنانی سیستەمی شەڕخوازانە، کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی و سەرکوت بەستووە، تا لەم ڕێگایەوە سەرەڕای بوونی ئەو قەیرانە پێکهاتەییەی ئێستا، بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە درێژە پێ بدات. ئەم بابەتە بە «کۆکردنەوەی سەربازی» ناودەبرێت و ئاماژەیە بە بارودۆخێکی کە تیایدا ئابووریی جیهانی، پشتبەستووە بە شەڕە بەردەوامە دەوڵەتییەکان، کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی و سەرکوتێکی کە ئێستا بە تەکنەلۆژیای نوێی دیجیتاڵیش بەهێزتر کراوە. لەمڕووەوە هەر ئیدیعایەکی ئاشتی کە لە وتارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەیان دەکرێت، بێ بنەما، دووڕووانە و فریوکارانەیە.