دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ کۆمەڵێک لە گەورە سەرمایەدارەکان بەیانی سێشەممە ١٣ی ئایاری بەرامبەر بە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٤، گەیشتنە عەرەبستانی سعوودی. ئەم سەردانە کۆمەڵێک ئامانجی جۆراوجۆری هەیە. دەسەڵاتی ئەمریکا دەیەوێت پاراستنی ئەمنییەتی عەرەبستانی سعوودی هاوشێوەی دەیەی حەفتاکان، بە تەواوی بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی خۆی و دەوڵەتی عەرەبستان و خاوەن سەرمایە ئەفسانەییەکان لە چین دوور بخاتەوە. ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە دەیەی حەفتاکان بە سێ مەرج پاراستنی ئەمنییەتی عەرەبستانی سعوودی لە ئەستۆ گرت: یەکەم ئەوەی کە عەرەبستان، بەرهەمهێنان و فرۆشتی نەوت بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕێکبخات. دووەم، هەموو مامەڵە نەوتییەکان بە دۆلاری ئەمریکا بکرێت. ئەمە ئەوەیە کە لە جیهاندا بە پێترۆدۆلار ناسراوە. سێیەم، بەشێکی گەورەی داهاتی نەوت لە ڕێگەی کڕینی چەک و کاڵاکانی ترەوە بگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا.
لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە هێزی سیاسی، ئابووری و سەربازی ئەمریکا، ڕوو لە کزییە و دەوڵەتی عەرەبستان کەمێک بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوی ناوە، گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی پەیمانە پێشووەکانی نێوان دوو وڵات، بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا زۆر گرنگە. ئەم سەفەرە پەیامێکی سیاسی گرنگی هەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرامبەر دانپێدانانی ڕژیم بە داواکارییەکانیدا، گەڵای زەیتون (ئاشتی و دۆستایەتی) پێشکەش بە بەرپرسانی دەکات. زۆربەی ڕۆژنامەکانی ژێر تیغی سانسۆر، بە گەشبینییەوە باسیان لە سەردانەکەی ترامپ بۆ ناوچەکە و بەڵێنەکانی ناوبراو کردووە. سەرۆکی ئەمریکا بە باسنەکردن لە پێویستی چۆڵکردنی غەززە لە فەلەستینییەکان، بەشێوەیەکی مانادار خۆی لە تاوانبارە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتی ئیسرائیل، دوور خستەوە. بەڵام وادیارە بەڵێنی لە ئەحمەد شەرع (تیرۆریستی ئیسلامیی دوێنێ و دەسەڵاتداری کاتی سورییەی ئێستا) وەرگرتووە کە ئیسرائیل بە فەرمی بناسێت.
بەڵام لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، کە زیاتر باسی لێکراوە، ئۆلیگارشی دارایی ئەمریکا وەک پێشوو چاوی بڕیوەتە سامانی ئەفسانەیی بنەماڵەی پادشا و شێخە دەوڵەمەندەکان و دەوڵەتی عەرەبستان. ترامپ و میلیاردێرە هاوپەیمانەکانی وەک ئیلان ماسک (دەوڵەمەندترین کەسی جیهان)، سام ئاڵتمەن (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زیرەکی دەستکرد) و جانسۆن هوانگ (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پێشکەوتووی ئەنویدیا)، لەم سەفەرەدا زیاتر بەدوای سوودە دارایی و بازرگانییەکانی خۆیانەوە بوون و هەن. ئەوان لە هەمان کاتدا، پۆششێکن بۆ سوودە سیاسییە گرنگەکانی ئەم سەردانەش. دەوڵەت و گەورە سەرمایەدارەکانی عەرەبستان ئەوانیان نائومێد نەکردووە. ترامپ باسی لەوە کرد کە عەرەبستان بەڵێنی داوە لە ماوەی چوارساڵی داهاتوودا بڕی ٦٠٠ میلیارد دۆلار وەبەرهێنان بکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەمریکاش بە بڕی ١٤٢ میلیارد دۆلار چەک و چۆڵ و کەرەستەی سەربازی بە عەرەبستان بفرۆشێت.
محەممەد بن سەلمان و دەست و پێوەندەکانی بێگومان چەکی سووک و کەرەستەکانی ئەشکەنجە، فڕۆکەی شەڕکەر، مووشەک و سەرجەم ئەو چەک و چۆڵانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراون، بۆ سەرکوتی دژبەرانی دەسەڵاتە سەرەڕۆکەیان و شەڕ لەگەڵ ڕکابەرە ناوچەییەکانیان بەکاردهێنن. بەڵام بەو حاڵەشەوە پێناچێت ئەو سەردانە توانیبێتی چاوی تەماع و خۆپەرستی، درۆ و فریوکاری، گرنگی نەدان بە سەرجەم سنووردارییە یاسایی و گەندەڵی کەسیی لەرادەبەدەری خاوەن سەرمایە سەرەکییەکانی ئەمریکای تێر کردبێت، چونکە هەنگاونان بەرەو جۆرێک لە سەربەخۆیی لە ناو دەوڵەت و سەرمایەدارانی عەرەبستان بەرچاو دەکەوێت. بۆ نموونە، ئەوان هێشتاش پرسی دانپێدانانی ئیسرائیل دەبەستنەوە بە مەرجی دانپێدانانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین. بەهەرحاڵ، بۆ کرێکاران گرنگە لەوە تێبگەن کە ئەم سەروەت و سامانە ئەفسانەییە سەدان ملیارد دۆلارییەی دەوڵەتی عەرەبستان و ١٥ هەزار ئەندامی بنەماڵەی پادشا و شێخە دەوڵەمەندەکان لە کوێوە ھاتووە؟ کارناسان بەشێوەیەکی گشتی داهاتی نەوت و گاز، باج، حەج و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵاتیان، وەک سەرچاوەی سەرەکی ئەم سامانە زۆر و زەوەندە ناساندووە. هیچ کارناسێکی بەناو خاوەن ویژدان باس لە داهاتی سەرچاوەگرتوو لە هێزی کاری هەرزانی ژنان و پیاوانی کرێکار بۆ خاوەن سەرمایەکان ناکات.
بەپێی سەرژمێری ناوەندی ئاماری عەرەبستانی سعوودی، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی هێزی کاری (١٥ ساڵ بۆ سەرووتر) نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس بووە، کە ٥٩٪ لە هێزی کاری پیاوان و ٤١٪ لە هێزی کاری ژنان پێکدێت. لەم ژمارەیە، نزیکەی ١٦ ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس (نزیکەی ٦٠٪ کرێکاری کۆچبەر و ٤٠٪ کرێکاری خەڵکی سعوودی) بوون، کاریان کردووە. ٨٠٪ کرێکارە کۆچبەرەکان لە کۆمپانیا تایبەتەکان کاریان کردووە. جیاوازی زۆر لە نێوان حەقدەستی کرێکارە بیانییەکان و خەڵکی عەرەبستان بوونی هەیە. کرێکارە کۆچبەرەکان مانگانە نزیکەی ٦٦٠ دۆلار حەقدەست وەردەگرن، لەکاتێکدا خەڵکی عەرەبستان نزیکەی ٢٤٠٠ دۆلار داهاتیان هەیە. زۆربەی کرێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتی و ئەندازیاری نەوت و گاز، یان لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار کاردەکەن.
ئاستی بێ مافیی کاری و بژێوی و کۆمەڵایەتی کرێکارە کۆچبەرەکان زۆر هەژێنەرە و کاتێک دەگاتە یەک ملیۆن کرێکار کە (زۆربەیان ژنن)، گەلێک ناخ هەژێنتر دەبێت. دەوڵەتی ئەمریکا کە بەرەو دوورکەوتنەوە لە لیبراڵیزم و نزیکبوونەوە لە هەژموونخوازی هەنگاو دەنێت، لە دیکتاتۆری بنەماڵەی سعوودیە، گەلێک وانە وەردەگرێت. بەڵام سوپەر ملیاردێرەکانیش لە بابەت تەکنیکی کەسابەت و بەتایبەتی وەبەرهێنانەوە، سوپەر ملیاردێرەکانی سعوودیە ڕادەهێنن. بەڵام زەمینەی ماددی ئەوەش هەیە کە کرێکاران بەتایبەتی کۆچبەران لە عەرەبستان و باقی میرنشینەکانی کەنداوی فارس، بۆ ڕزگاربوون لە دەست کاری کۆیلەئاسا، لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای جیهان و کرێکارانی ئێران ئەزموون وەربگرن.