ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای دژە خەڵکی “حیجاب و عیفاف” کە ماوەیەک لەوەپێش لە مەجلیسی ئیسلامی پەسەندکراوە، باسیان لە دروستکردنی تونێلی ئینسانی لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی میترۆکان بۆ ناچارکردنی ژنان بە ڕەچاوکردنی حیجاب کرد. بەپێی ئهم تەرحە ” تونێلێک” له پۆلیسه چەکدارەکانی ژن و پیاو، که سەیر و سەمەرە ئەوەیە ئەمجارەیان ناوی ” هیدایەتگەر“یشان لەسەر داناون! پێک دەهێنن بۆ ئەوەی ژنان ناچار بن لەکاتی چوونەژوورەوە یان هاتنەدەرەوە لە مێترۆکان بەناو ئەو تونێلەدا تێپەڕن. لەم پڕۆژەیاسایەدا بۆ ئەو ژن و پیاوانەش کە خۆبەخشانە و بە حوکمی “ئاتەش بە ئیختیار” یەخەی ژنانی بێ حیجاب دەگرن، یان ڕاپۆرتی ئەو شوێنە کار و کاسبیانەی کە حیجابی تەواویان تێدا ڕەچاو ناکرێت، بە هێزە ئینتزامییەکان ڕادەگەیەنن، پاداشتی نەغدی لەبەڕچاو گیراوە. خاڵی جێگەی سەرنج لەو یاسایەدا ئەو ئەرکانەیە کە لە دوا بڕگەکانی ئەم یاسایەدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی، بە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران سپێردراوە. بوونی ئەم بڕگانە لەو یاسا پەسەندکراوەدا زۆر بە ڕوونی بەو مانایەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کردەوە دان بەوەدا دەنێت کە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێی بە پاراستنی بوونی خۆیەوە گرێداوە. ڕۆژنامەکانی شەرق و ئیعتماد لە ژمارەی ئەمڕۆدا لەم بابەتەوە نووسیویانە: “ئەم یاسایە نەک هەر جێبەجێ ناکرێت، بەڵکوو نەفرەت و بێزاری گشتی زیاتر دەکات“.
ئێستا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە بۆچی ڕژیمی ئیسلامی بۆ ئەوەی خۆی لە خنکان ڕزگار بکات پەنا بۆ تەختە شکاوێکی لەم چەشنە دەبات؟ ئەم گەڵاڵەیە کە تا ئێستا چەندین جار لە نێوان مەجلیسی ئیسلامی و شۆڕای نیگەهباندا دەستاودەستی پێکراوە، بە “خانەوادە مێحوەر” پێناسە کراوە. بۆ حکومەتێکی کە بە پێی پێناسەکەی، نیزامێکی ئیسلامییە، لە هیچ بوارێکدا هیچ شتێکی پێ نەماوە بۆ ئەوەی کە بەپشتبەستن پێی، ئیسلامیبوونی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. بەرپرسانی ڕژیم هیواخوازن لە بارودۆخێکدا کە نەفرەت و بێزاریی لە سەرانسەری ئەم کۆمەڵگایەدا بەرامبەریان شەپۆل دەدات، بە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە گوایە بێ حیجابی چوارچێوە و بنیاتی بنەماڵەی خستۆتە مەترسییەوە، لەناو کەمینەیەک لە کۆنەپەرستان و پیاوسالاراندا جێگە و پێگەیەک بۆخۆیان دەستەبەر بکەن و بە نمایشکردنی دەسەڵات و هێزی خۆیان لەم چوارچێوەیەدا، لەلایەکەوە حزوور و ئیسلامیبوونی خۆیان بە کۆمەڵگا نیشان بدەن و لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگەی ڕاپەڕیو و ناڕازی چاوترسێن و سەرکوت بکەن. ئەڵبەتە داڕێژەرانی ئەم ستراتیژە بۆ مانەوە، لە بیریان نەچووەتەوە کە لە ماوەی یەک ساڵ لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا ژنان و کچانی ئازادیخوازی ئێران، چەندە بوێرانە و فیداکارانە حیجابی زۆرەملێی ئیسلامییان ئاگر تێبەردا و خۆیان لە ژێر باری ئەو سووکایەتی و شەرمەزارییە مێژووییە ڕزگار کرد و ناو و ناوبانگی ڕاپەڕینەکەیان بە جیهان ناساند، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە هیچ ڕێگایەکی تریان بۆ نەماوەتەوە و وەک ڕژیمێکی ئیسلامی، گەیشتوونەتە بنبەست و هیچیان لە هەگبەدا نەماوە. دوای ئەو ڕۆڵە پێشەنگایەتییەی کە ژنانی لاو لەسەر شەقام و لە ڕووبەڕووبوونەوەی بوێرانە لەگەڵ بەکرێگیراوانی حکومەت لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لەخۆیان نیشاندا، ئێستا ئەم ڕۆڵە لە شێوازی نافەرمانی مەدەنیدا دەگێڕن. ئهم بواره ئێستا بۆته یەکێک له مەیدانە سەرەکییەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی له دژی سەرجەم کۆمەڵانی خهڵکی ئێران. ڕژیم دەزانێت کە بە هەر ڕادەیەک پاشەکشە لە بواری سەپاندنی تەواوی حیجابی ناچاری بەسەر ژناندا، ئەو تاکە کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژییەشی دەڕووخێت. هەربۆیە بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی لە سەپاندنی جلوبەرگی ئیسلامی بەسەر ژنان و تەنانەت پیاوانیشدا وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دژە ئینسانی خۆیان کەڵک وەردەگرن.
واقعییەت ئەوەیە کە خەبات و تێکۆشانی ژنان، کۆماری ئیسلامی تووشی داماویی و سەرلێشێواوی کردووە. ئەگەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی ژینادا کچانی لاو پێشەنگی خەباتێکی خوێناوی بوون، ئێستا ئیتر دایکان و داپیرە و ملیۆنان ژنی دژە حیجابیش هاتوونەتە ڕیزی کچەکانیانەوە. ئەگەر بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی پێیانوابوو کە بە ژەهراویکردنی کچان لە قوتابخانەکان، دەتوانن بەسەر ڕاپەڕینی ژناندا زاڵ بن، ئێستا ئیتر لەگەڵ ملیۆنان ژنی خاوەن ئەزموون کە لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا هەموو ڕێوشوێن و سیاسەت و یاسا و ڕێسا دژە ژنەکانی ڕژیمیان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردووەتەوە، چیدەکەن؟ ئێستا ئیتر بوێری و قارەمانەتی ژنان بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. ژنانی ئازا و تێکۆشەر، شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی پێشڕەو، پێشەنگی خەبات لەپێناو ڕووخاندنی حکومەتی ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئینسانیی و ئازادی دواڕۆژن.