ڕۆژنامەی لۆمۆند، یەکێک لە ناسراوترین ڕۆژنامەکانی فەڕانسە، ڕۆژی ٩ی سپتامبر بەرابەر لەگەڵ ١٨ی خەرمانان و ٧ ڕۆژ بەر لە ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، نامەی پێنج زیندانیی سیاسی و قارەمانی خۆڕاگریی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، بڵاو کردەوە. ئەو نامانە کە پێشتر لە کۆنفرانسی “ژن، ژیان، ئازادی” لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس خوێندرابوونەوە، لەلایەن زەینەب جەلالیان بەندکراوی زیندانی یەزد، سێپیدە قولیان، گۆڵڕوخ ئیرایی، نێرگس محەممەدی و نیلۆفەر بەیانی بەندکراوانی زیندانی ئەوینەوە نووسراون. دەقی ئەسڵی نامەکان لە کۆبوونەوەی “زیندانییە سیاسییەکانی ئێران و ئەولاتر” و “دەنگە بەهێزەکانی ئەولاتر لە دیوارەکانی ستەم“یش دەخوێندرێتەوە، کە بڕیارە ڕۆژی ٢٢ی سپتامبر لە پاریس بەڕێوەبچێت. ڕۆژنامەی لۆمۆند کورتکراوەی ئەم نامانەی بڵاوکردۆتەوە.
یەکەم نامە، هی زەینەب جەلالیانە کە دوو مانگ بەر لە ئێستا نووسراوە. ناوبراو کە ئێستا بە ” کۆنترین زیندانی سیاسیی ژن لە ئێران” ناسراوە، مانگی ڕەشەمەی ١٣٨٦ی هەتاوی لە شاری کرماشان دەستبەسەر و پاش چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی “هەوڵدان لە دژی ئەمنییەتی میللی” و “محاربە“، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە دواتر ساڵی ١٣٩٠ لە دادگای پێداچوونەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. زەینەب نامەکەی بەم ڕستەیە دەست پێدەکات: “من ژنێکی کوردم کە لە ماوەی شانزە ساڵ دەستبەسەربوونم لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا شاهیدی گەلێک جینایەت بووم؛ شاهیدی گەلێک سووکایەتی پێکردن و بوختان بۆ هەڵبەستن و ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان بووم و لە هەمووی پڕ ئازارتر، شاهیدی لەسێدارەدانی هاوبەندییەکانم بووم. ئایا ئازارێکی گەورەتر لەمە هەیە؟ بەم حاڵەشەوە ئەم زاڵمانە دەیانەوێت من پەشیمانی دەرببڕم، من کە ئەم هەموو دڕندەییەم بە چاوی خۆم بینیوە، دەبێ پەشیمانی دەرببڕم؟ زەینەب جەلالیان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لەرزی خستبووە گیانی ڕژیمەوە، زۆرترین گوشاری لەسەر بووە بۆ ئەوەی لە شاشەی تەلەویزیۆن دەربکەوێت و پەشیمانی لە ڕابردووی خۆی دەرببڕێت و ئازاد بکرێت. بەڵام ئەو بە ورەیەکی خەباتکارانەوە کە خاراوی ١٦ ساڵ بەندکرانە، لەدەمی بازجووهكانی دەدات و لە نامەکەی ئەم دواییەیدا ئاماژە بە کردارە نامرۆڤانەکانی ئەم دواییەی جەلادەکان دەکات. زەینەب لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی: شەڕ و ئەشکەنجە و کوشتن و سەربڕین ئەنجام دەدرێت و ستەمکاران پاساو بۆ تاوانەکانیان دەهێننەوە. دەمەوێت پێکەوە دژی ستەمکاران خەبات بکەین بۆ ئەوەی شەرمەزاری نەوەکانی داهاتوو نەبین”. ناوبراو لە کۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی: “زیاتر لە ١٦ ساڵە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی لە زیندان و سیاچاڵەکانی ئەو جینایەتکارانەدا بەسەردەبەم“. بەڵام ئازاری من نەک لەبەند دا بوون، بەڵکوو نەبوونی ئازادی و لەدەستدانی ئەو ئازیزانەیە کە چیتر هاواری ئازادخوازانەیان نابیستین. ئەوانەی کە تەسلیمی دەسەڵاتی خوێنمژ نەبوون و بە سەربەرزی و شانازییەوە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بەختکرد. تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا بمێنم هەوڵ دەدەم خوێنیان پێشێلنەکرێت. من لە پشت ئەم دیوارانەوە بەو هومێدەوە دەژیم کە ڕۆژێک بێت بە باوەشێکی پڕ لە گوڵی یاسمینەوە بێم بۆ لاتان. من تا گەیشتن بە سەرکەوتن لە بەرەی ستەملێکراوان و پەراوێزخراوەکاندا دەبم بەرامبەر بە ستەمکاران”.
سپیدە قولیان لە نامەکەیدا دەنووسێت: “دەنگی من لە پشت ئەو دیوارانەوە دێت کە لە پەنجا ساڵی تەمەنیدا شاهیدی گەلێک ئەشکەنجە و خەفەقان بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە ڕەمزێک بۆ ئازادیخوازی“. سپیدە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی: ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی ئەزموونێکی گەورە بوو لە کۆکردنەوە و یەکخستنی جەماوەردا، کە لەسەر بنەمای ئەزموونی خەباتکارانەی پێشوو بنیاد نرا. ناوبراو بە تایبەتی جەخت لەسەر گرنگی بزووتنەوەی کرێکاریی دەکاتەوە و لە کۆتاییدا بە ناردنی سڵاو بۆ تەواوی بەردەنگەکانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە “هیوا ئازیزترین سەرمایەی منە“.
نێرگس محەممەدی لە دەستپێکی نامەکەیدا کە دوو مانگ لەمەوبەر نووسیویەتی، ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە زۆربەی هاووڵاتیانی ئێرانی زیندانین، چ ئەوانەی لە پشت دیوارە پۆڵاینەکانەوە ڕاگیراون و چ ئەوانەش وا بە دیواری ستەم، نەزانی، چەوسانەوە و بێبەشی و گۆشەگیریی زیندانی کراون. ئەو هەروەها لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە “سەرەڕای هەمووی ئەمانەش هەمووان تامەزرۆن کە ئەم “دیوارانە” بڕووخێنن.
نێرگس هەر لەو پێوەندییەدا و لە نامەکەیدا لە بەردەنگەکانی دەپرسێت “ئایا دەنگی درزبردنی دیواری ترس لە ئێران دەبیستی؟” پاشان دەڵێت: ” لەسایەی ئیرادە و پێداگریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا بەزوویی گوێت لە دەنگی داڕمانیشی دەبێت“. نێرگس محەممەدی ئاماژە بە بارودۆخی ژنانی ئێران لەژێر دەسەڵاتی ئایینی و پیاوسالاری وڵاتدا دەکات و دەنووسێت: “بەڵام ئێمە یەک بە یەک ئاڵقەی زنجیرەکانمان پچڕاند تا ئەوەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژنان، ژیان، ئازادی” سەریهەڵدا. ئەو لە کۆتاییدا ڕوو لە خوێنەران دەکات و دەنووسێت: “بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە ئەوە دەردەخات کە دەنگمان ئەوەندە بەهێزە کە بەگوێی ئێوە بگات… ئێمە پێکەوە سەردەکەوین.”
نیلۆفەر بەیانیش، توێژەر و چالاکی بواری ژینگەپارێزیی کە ساڵی ٢٠٢٠ بە پەروەندەسازی و درۆ بە تۆمەتی سیخوڕیی سزای دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەشی سەرەکی نامەکەی بە یادی باقی قوربانیانی دەستی ستەم و سەرەڕۆیی نووسیوە و بەتایبەتی چارەنووسی دوکتۆر کاووس سەید ئیمامی وەبیر دەهێنێتەوە و دەڵێت کە لەژێر ئەشکەنجەی جەلادەکاندا گیانی لەدەستدا. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئەشکەنجەی زیندانیان و گوشارخستنەسەر هەڵسووڕاوانی ژینگەپارێز کردووە و یەک بە یەک ناوی زۆرێک لەوانی بردووە. نیلوفەر بەیانی لە کۆتاییدا داوا لە هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکات کە لەخەمی ژینگەدا بن.
گۆڵڕوخ ئیرایی، نووسەری تەمەن ٣٤ ساڵ کە پێشتر بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی کێشابوو وە لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” سەرلەنوێ دەستبەسەرکرایەوە و سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە نامەکەیدا دەنووسێت: گومان لەوەدا نییە کە شەقام تاکە ڕێگایە بەرەو شۆڕش و کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەت.