کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەیوەندی نێوان هەژاری و زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

786844 211 1

هەژاری هاوکات لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام، زەوتکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان و دەستێوەردانی هەر ڕۆژە لە ژیانی تایبەتی خەڵک، یەکێکە لە ئامرازەکانی سەرکوتکردن لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا. هەژارترکردنی بە ئەنقەستی زۆرینەی خەڵکی ئێران لەلایەن ئەم ڕێژیمەوە، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر کۆمەڵگای ئێران هەبووە. توێژینەوە زانستییەکانی کۆمەڵناسی دەریانخستووە کە پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، دزی و هتد… سەرجەمیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە هەژاری و دۆخی خراپی ئابوورییەوە هەیە. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی “ئیقتسادی پویا” چاپی تاران، ڕاپۆرتێکی هەژێنەری لەسەر پەیوەندی نێوان هەژاری و پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بڵاو کردووەتەوە. هەرچەند ئەم ڕاپۆرتە بە شێوەیەک داڕژاوە کە بارودۆخی هەبوو ناباتە ژێر پرسیار و لە بنەڕەتدا بەمەبەستی هۆشداریدان بە ڕێژیمە سەبارەت بە ناسینی ڕیشەی بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش، دۆخی کارەساتباری ئێستای کۆمەڵگای ئێرانیش نیشان دەدات. ئەو ئامارانەی لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتەڕوو، لە ساڵنامە ئامارییەکانی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی وەرگیراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دۆخی بژێوی ژیان لە ئێران ئەوەندە خراپ و کارەساتبارە کە ڕەنگە هیچ وڵاتێک لە جیهاندا ڕووبەڕووی وەها دۆخێک نەبووبێتەوە و نووسەری ڕاپۆرتەکە دەنووسێت: “بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەرچی زیاتری سەرمایەی کۆمەڵایەتی، دابەزینی ئاستی ئەخلاقی، لاوازبوونی زیاتری بنیاتی بنەماڵە، دابەزینی ئاستی تەندروستی کۆمەڵگا و سەرەنجام زەمینەی بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانیش لەبارتر دەکات”. ئەم ڕۆژنامەیە ساڵانی نەوەدەکانی بە دەیەی لەدەستچوو ناوبردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لەو دە ساڵەدا لانیکەم یەک لەسەر سێی توانایی کڕینی کۆمەڵگا کەم بووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٣٩٠دا لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، ٢٠% بووە و لە ساڵی ١٤٠٠دا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٣١% واتە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات کەوتوونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. هەڵاوسانی گشتی گەیشتووەتە ٧٣٥% و هەڵاوسانی خۆراکیش ٩٨٠%، لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا خۆکوشتن ٤٥%، مردنی گوماناوی ١٤%، شەڕ و کێشەی تاکەکەسی ١٠١%، دزیکردن لە شوێنە تایبەتەکان (ماڵ و دوکانەکان) پتر لە ٧٠٠%، واتە لە ماڵەکان ١٧٠% و لە دوکانەکان بە ڕێژەی ٥٣٥% زیادی کردووە و دزیکردن لە ناوەندە حکومییەکانیش بە ڕێژەی ٦٥٥% زیادی کردووە و ئەم ڕێژەیە لەکاتێکدایە کە شێوازەکانی بەناو کۆنترۆڵکردنی وەک کامێرا و هاوشێوەکانیشی بەڕادەیەکی بەرچاو بوونیان هەبووە. ڕەنگە ناخۆشترین هەواڵ لەم پێوەندییەدا ئەوە بێت کە بەرپرسی پۆلیسی تاران لە ساڵی ١٣٩٩دا ئاماژەی پێدا، ئەویش بریتییە لەوەی کە زیاتر لە ٥٠%ی ئەو کەسانەی کە بەهۆکاری دزیکردن دەستبەسەر کراون، یەکەمجاریان بووە کە تاوانیان ئەنجامداوە.

بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی میتۆدی باوی دەستکاریکردنی ئامارەکان لەلایەن لە کۆماری ئیسلامییەوە، پێویستە ئەم ژمارانە دوو یان تەنانەت سێ هێندە بکرێن بۆ ئەوەی بارودۆخی ڕاستەقینەی ئێستا باشتر پێناسە بکرێت. ئەوەی کە ڕۆژنامەی ناوبراو لەبارەیەوە هۆشداریی بە ڕێژیم دەدات، مەترسییەکی زۆر جیددییە کە هەڕەشە لە بوون و دەسەڵاتی ئەو ڕژیمە دەکات. دەرئەنجامی سەپاندنی ئەم ئاراستەیە لە هەژاری و نەهامەتی، کەڵەکەبوونی پۆتانسێلی تەقینەوەکەی گەورەیە لە قووڵایی کۆمەڵگادا.

بەرپرسانی ڕێژیم زۆر باش ئەم توانایی و پۆتانسێلەی تەقینەوە و ڕق و بێزارییەی جەماوەر دەناسن، بەڵام بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە، سیاسەتی سەرکوتیان هەڵبژاردووە. لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندنی ئەوان ئەوەیە کە هەر ڕادەیەک لە پاشەکشە و  وڵامدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک، نەک تەنها دەربازیان ناکات، بەڵکوو دەبێتە بەڵای گیانیشیان. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەشە کە بەردەوام درێژە بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە دەدەن و دەست لە گرتن و زینداکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی و مەدەنی هەڵناگرن و بە بەرزکردنەوەی  ڕێژەی ئێعدامە سیاسییەکان و سزای دادگا ئاساییەکان، هەوڵدەدەن کۆمەڵگا بێدەنگ و چاوترسێن بکەن.

ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕەیە، بۆ دانیشتووانی کۆمەڵگایەکی کە گیرۆدەی کۆمەلێک زیانی کۆمەڵایەتی بن، شەو و رۆژ تەنها بیر لە هەژاری و نەهامەتییەکانی خۆیان دەکەنەوە و بەشوێن لانیکەمی بژێوی ژیانیاندا دەگەڕێن، هەوڵی تاکەکەسی بۆ ئەوەی بتوانن بەڕەی خۆیان لەئاو بکێشنە دەرەوە، جێگای هەوڵ و تێکۆشانی بەکۆمەڵ لەپێناو ڕزگارکردنی خۆیاندا، دەگرێتەوە، ئاستی چاوەڕوانییەکان لە ژیان کەم دەبێتەوە و زێهنی خەڵک ئەوەندە ئازاد نابێت کە بیر لە هۆکارەکان و چارەسەری دۆخەکە بکەنەوە.

لە وەها کۆمەڵگەیەکدا تاکەکان بەردەوام لە خەمی بژێوی ژیانی سبەی ڕۆژی خۆيان و بنەماڵەکەیاندا دەبن. بەڵام شۆڕشی ژینا لە یەکەم هەنگاوەکانی خۆیدا بێ بنەمابوونی ئەم ڕوانگە و بۆچوونە هەڵەیەی سەلماند. هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاراستەکردنی هەژاریی وەک ئامرازێکی سەرکوت، لە چەشنی ئاگرێکی ژێر خۆڵەمێش، بە قەتڵی حکومەتیی “ژینا” لەپڕ هەڵگیرسا، پایەکانی دەسەڵاتی خستە لەرزە و بوو بە هێمای بێزاری و توڕەیی هەرئەو خەڵکەی کە ڕژێم دەیەوێت بە پەرەپێدان بەهەژاریی، بێدەنگیان بکات.

لەکاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ نەبەرد و ڕووبەڕووبوونەوەکانی داهاتوو کە بێگومان گەلێک ساماناکتر دەبێت، ئامادە دەکات، ئێمەش هیچ ڕێگەیەکمان نییە جگە لە خۆڕێکخستن و ئامادەکردنی هەرچی زیاتری ڕیزەکانمان.

کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی هەژاری لە کۆمەڵگادا هەوڵ دەدات کۆمەڵانی خەڵک لە شۆڕش و پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی چارەهەڵنەگر لە ژیانیاندا بترسێنێ و هەروا لە چاوەڕوانیدا ڕایانبگرێت. هەربۆیە پێویستە ئێمەش خۆمان بۆ ئاڵوگۆری بنەڕەتی ئامادە بکەین. ئامادەیی ئێمە لە هێزماندایە و هێزیشمان لە ڕێکخراوبوونماندا مانا دەبەخشێت. بە مەرجێک کە کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراوی ئێران، واتە هەمان ئەو زۆرینەییەی کە بوونەتە قوربانی سەرکوتە خوێناوییەکانی سەر شەقام و زیندان و ئەشکەنجەگاکان و هەروەها قوربانی سەپاندنی هەژاری و برسێتی، لە دڵی خەباتی ڕۆژانە لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خۆیان لە شوێنی کار و ژیانیاندا، خۆیان ڕێکبخەن و یەکگرتوو بن، دەتوانن پلانە دزێو و  دژە ئینسانییەکانی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە و سەرەنجام ژیان و چارەنووسی کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە لەدەست دیلێتی ڕژیمی ئیسلامی، ڕزگار دەبێت.