چەند ڕۆژە کە ئاگرێکی مەترسیدار دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان و ئاواییەکانی ئەوێهەنگ، ساڵیان و رەشنەش ی داگرتوە. ئەمە یەکەم جار نییە کە وەها کارەساتێکی ژینگەیی لەم ناوچەیەدا ڕوو ئەدات. مانگێک لەوەبەر بوو کە هێرشی سپای پاسداران بۆسەر ناوچەی کۆساڵان لە نزیک مەریوان سەروەت و سامانی سروشتی ناوچەکەی بە گەرووی ئاگردا کرد. لە چەند ساڵی ڕابردودا گەلێک جار بینیومانە کە مانۆڕە نیزامیەکانی سپای پاسداران چی بەسەر سروشتی جوانی ئەو ناوچەیە هێناوە. ئەم جارەش گەلێک بەڵگە و شاهید باس لە دەور و نەخشی ڕاستەخۆی ڕژیم لە بەدی هێنانی ئەم کارەساتەدا دەکەن. جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی داوتەڵەبی ناوچەکە، و تەنانەت لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە لەوانە لە پاوە،سەقز، بانە وسنە بۆ یارمەتیدان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە خۆیان گەیاندۆتە ناوچەکە.
جێی ئاماژەیە کە چەند ڕۆژ لەوەپێش لە کاتی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگەری دەوروبەری” کانی میران” لە ناوچەی مەریوان حەوت چالاکی داوتەڵەبی داکۆکیکاری ژینگەیی بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئۆرگانەکانی حکومەتی ئیسلامی نە تەنیا هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەدا، بەڵکو ژمارەیەکیش لە هەڵسوڕاوانی پارێزەری ژینگەیان بە ناوەکانی ئازاد ڕوحی، لایەق محەممەدی، دلێر محەممەدی، سەرکوت عەبادی و ئالان ئەردەشیرییان دەستبەسەر کرد.
ئەنجومەنی” چیای سەوزی مەریوان” لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاوی کردوە ڕایگەیاندوە:” هەوڵسوڕاوانی داوتەڵەبی داکۆکیکار لە ژینگە چەند شەو و ڕۆژێکە نەخەوتوون و بە کۆمەڵێک ئامێر و کەرەسەی سەرەتایی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرن.”هەروەها لە درێژەدا هاتووە:” بە داخەوە ناوەندە حکومەتیەکان سەرنج نادەنە ئەو زیانانەی بەر ژینگە کەوتون.”
خەڵکی کوردستان خاوەنی ئەزمونێکی بەنرخن لە خۆ ڕێخستن بۆ بەرەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم جۆرە کارەساتانە. ئەزموونی خۆڕێکخستن لە باودۆخی دژوار و تەنگانەکان، لە کاتی بەڵا سروشتیەکان، کارەساتە ژینگەیی و ئینسانیەکاندا بەردی بناغەی بەرەوپێش چوونەکانی داهاتوی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی باشتر و سەربەرزانە. خەڵکی کوردستان ئەم جارەش چاوەڕێی ناوەندە حکومەتیەکان ناکەن و وەک ئەوەی کە تا ئەمڕۆ شاهیدی بووین و بینیومانە، قۆڵی هیممەتی لێ هەڵدەماڵن و بۆ ڕزگار کردنی ژینگەی کوردستان خۆیان لە ئاو و ئاگر ئەدەن.
کۆمەڵە بەگەرمی پشتیوانی لە سەرجەم ئەو هەوڵانە دەکات و لە عەینی حاڵدا کرداری وێرانگەرانەی ڕژیمی داگیرکەری کوردستان لە نابوود کردنی ژینگەی ئەم ناوچەیەدا بە بیانوی بێ بنەمای” ئەمنیەتی” بە توندی مەحکوم دەکات. تەنیا خەباتی بەردەوام، ڕێکخراو و خاوەن بەرنامەیە کە ئەم ڕژیمە وادار دەکات دەست لە وێران کردنی بەردەوامی ژینگەی کوردستان هەڵگرێت.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران
١٥ ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢