لە سەروبەندی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کوشتنی سەوگەند سەیادی، کچە تازەلاوێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی کرماشان، جارێکی دیکە ڕەهەندە ترسناکەکانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە ئێران بۆتەوە بابەتێکی بەپەلە و حاشاهەڵنەگر. سەوگەند بە دەستی باوکی کوژرا کچێکی کە نەکهەر لە ناو بنەماڵەدا ئەمنییەتی نەبوو، بەڵکوو تەنانەت لە قوتابخانەش دەنگی ترس و داوای یارمەتییەکەی نەبیسترا.
ئەوەی لە پەروەندەی سەوگەنددا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، تەنها ئەو تاوانە نییە کە لە ماڵدا ڕوویدا، بەڵکوو ئەو ڕووداوانەی پێشترە کە لە ناو قوتابخانەدا ڕوویان داوە. بە پێی ڕاپۆرتەکان، باوکی سەوگەند بانگهێشتی قوتابخانە کرا و لەبەرچاوی قوتابیان و بەرپرسانی قوتابخانە، سەوگەندی داببووە بەر لێدان و ئەزییەت و ئازار. سەوگەند پێش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە سەبارەت بە ئەمنییەتی گیانی خۆی نیگەرانی دەربڕیبوو و هۆشداریی دابوو لەوەی کە ڕەنگە بە دەستی باوکی بکوژرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی قوتابخانە نەیانتوانی یان نەیانویست ڕێگە بگرن لە گەڕانەوەی بۆ ناو ژینگەی مەترسیداری بنەماڵەکەی. ئەم کەمتەرخەمییە پرسیاری جددی سەبارەت بە بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە لە پاراستنی گیانی قوتابیان دروست دەکات.
قوتابخانە دەبێت شوێنێک بێت بۆ فێربوون، گەشەکردن، سەربەخۆیی بیرکردنەوە و هەستکردن بە ئەمنییەت نەک دامەزراوەیەک کە لە بری پاراستنی قوتابی لە توندوتیژی، زیاتر بیخاتە بەر مەترسییەوە. بەرپرسیاریەتی موعەلیمان، بەڕێوەبەران و دامەزراوە پەروەردەییەکان بەرامبەر بەو قوتابییانەی هەڕەشەیان لێ دەکرێت و ئازاریان دەدرێت، بەرپرسیاریەتییەکی جددیی و جێی چاوپۆشی نییە. هیچ کێشەیەکی خێزانی، ناکۆکییەکی کەسی یان ئیدیعای پاراستنی ئابڕوو و ناموس ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ کەمتەرخەمی لە ئاست مەترسیی لەدەستدانی گیانی منداڵێک یان تازەلاوێک.
پەروەندەی سەوگەند دەبێت لە چوارچێوەی بەربڵاوتری توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران بخرێتە بەر باس. کوشتنی ناموسی، توندوتیژیی ناوماڵ، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، ئازاردانی منداڵان و بێبەشکردنی کچان لە مافی هەڵبژاردن، لایەنە جیاوازەکانی ئەو پەیوەندییانەن کە ژن وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ نابینن، بەڵکوو بە مڵک و خاوەندارێتیی پیاوانی بنەماڵەی دەزانن. یاسا هەڵاواردنکارەکانی کۆماری ئیسلامییش، بە فەرمی نەناسینی یەکسانیی تەواوی ژنان و پیاوان و دابیننەکردنی ئامرازەکانی پاراستنی کاریگەر لە بەرامبەر توندوتیژیدا، یارمەتی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەدەن. بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانانە بەبێ دژایەتیکردن لەگەڵ سەرچاوە یاسایی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانیان مومکین نییە.
٢٥ی نۆڤامبر وەبیرهێنەرەوەی خەباتی ئەو ژنانەیە کە لە بەرامبەر توندوتیژی و سەرکوتدا ڕاوەستاون. ئەم ڕۆژە دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ تێپەڕاندنی سنووری مەحکومکردنی زارەکیی تاوانەکان و خستنەڕووی داواکارییە بنەڕەتییەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی ڕەگەزی. ئامارە جیهانییەکانیش نیشان دەدەن کە بەشێکی زۆری ژنکوژییەکان لە ناو بنەماڵەدا و بە دەستی نزیکترین کەسانی قوربانییەکان ڕوودەدەن. لەمڕووەوە دابینکردنی ئەمنییەتی ژنان و کچان پێویستی بە پاراستنی یاسایی، دامەزراوە سەربەخۆکانی پشتگیری، پەروەردەی یەکسانیی ڕەگەزی و بە فەرمی ناسینی مافی ژنان هەیە بەسەر ژیان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا.
کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە، وێڕای مەحکومکردنی کوشتنی سەوگەند سەیادی، خوازیاری ڕوونکردنەوەی هەموو لایەنەکانی ئەم تاوانە، وەڵامدەرەوەبوونی تاوانباران و دامەزراوە بەرپرسیارەکان و هەروەها کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی تاوانبارانی توندوتیژییە لە دژی ژنان.
ئێمە لەسەر مافی بێ شەرتومەرجی ژنان و کچان بۆ ژیان، ئازادی، ئەمنییەت، هەڵبژاردن و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەکەینەوە و لەسەر ئەو بڕوایەین کە ڕزگاریی ژنان بەبێ خەبات لەدژی سیستەمی پیاوساڵار و بەدەستهێنانی یەکسانیی ڕاستەقینە مومکین نییە.
١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦
کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە
