کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کەمئەندامی لە ئێران، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لە نێوان دەوڵەت، کۆمەڵگە و بنەماڵەدا

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۱ ۰۹ ۱۲ ۲۳ ۴۳ ۷۹۸ com facebook katana edit

دۆخی کەسانی خاوەن کەمئەندامی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا یەکێکە لە گرنگترین پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی مرۆیی و کارایی سیستەمی خۆشگوزاریی گشتی. لە ئێران ملیۆنان کەس بە جۆرەها کەمئەندامیی جەستەیی، بزوتن، هەستیاری، زێهنی و فرەچەشنەوە دەژین و بەشێکی بەرچاویان لەگەڵ کێشەی بژێوی، دەرمان، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو دەبنەوە. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن دەبیرخانەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی و چاودێریکردن بەسەر جێبەجێکردنی یاسای پشتگیریکردن لە مافەکانی کەسانی خاوەن کەمئەندامییەوە ڕاگەیەندراوە، نزیکەی ٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی وڵات، واتە ١١.٥٪ی لە کۆی دانیشتووانی ئێران، خاوەن جۆرێک کەمئەندامین. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا نزیکەی ١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لەژێر چەتری پشتگیریی ڕێکخراوی بێهزیستیی دان. ئەمەش بەو مانایەیە کە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس لە کەسانی کەمئەندام لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی پشتگیرییەکانی دەوڵەتدا ماونەتەوە.

ئەم کەلێنە بەربڵاوەی نێوان ژمارەی واقیعی کەسانی کەمئەندام و ژمارەی ئەو کەسانەی خزمەتگوزارییە پشتگیرییەکان دەیانگرێتەوە، نیشاندەری کەلێنێکی قووڵە لە سیستەمی خۆشگوزاریی کۆمەڵایەتیدا لە ئێران. پشتگیریکردن لە کەسانی کەمئەندام یەکێکە لە بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییەکانی هەر دەوڵەتێک. یاسای پشتگیریکردن لە مافەکانی کەسانی کەمئەندامیش دەوڵەتی ناچار کردووە زەمینەی دەستپێڕاگەیشتنی یەکسانی ئەم هاووڵاتییانە بە خزمەتگوزارییە پزیشکی، پەروەردەیی، پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان دابین بکات.

یەکێک لە گرنگترین کێشە هەنووکەییەکان، بریتییە لە کەمیی سەرچاوە داراییەکان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەم یاسایە. بەرپرسانی ڕێکخراوی بێهزیستی ڕایانگەیاندووە کە لە بودجەی ساڵی ١٤٠٥دا، تەنیا نزیکەی ٢٤٪ی ئەو بودجە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاساکە پێشبینی کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە کەسانی کەمئەندام پێویستیان بە خزمەتگوزاریی بەردەوامی پزیشکی، تواناسازی، پەرستاری و پشتگیریی بژێوی هەیە. تێچووەکانی پەیوەندیدار بە ئامێرەکانی تواناسازی وەک ویلچەر، بیستۆک، ئەندامی دەستکرد، دۆشەکی پزیشکی و کەرەستە یارمەتیدەرەکانی دیکە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە و دابینکردنی ئەم ئامێرانە بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان زۆر سەخت بووە.

لەمڕووەوە، گرنگترین ئەرکی دەوڵەت بریتییە لە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بەردەوام و پێویست بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاساکانی پشتگیریی. بەرزکردنەوەی مووچەی مانگانە گونجاو لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسان، فراوانکردنی چەتری بیمە پزیشکی و تواناسازییەکان، گونجاندنی شوێنە گشتییەکان، پەرەپێدانی ئامێرەکانی گواستنەوەی بەردەست، ڕەخساندنی هەلی کاری یەکسان و چاودێریی ورد بەسەر پشکەکانی دامەزراندندا، لەو هەنگاوانەن کە دەوڵەت لە بەرنامەی کاری خۆی سریوەتەوە یان تاڕادەیەکی زۆر پشتگوێی خستووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسیارێتیی پشتگیریکردن لە کەسانی کەمئەندام تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتدا نییە. کۆمەڵگەش ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە باشترکردنی کوالێتیی ژیانی ئەم هاووڵاتییانەدا. بەداخەوە لە زۆرێک لە بارودۆخەکاندا، کەسانی کەمئەندام سەرەڕای کێشە جەستەیی یان هەستیارییەکانیان، ڕووبەڕووی بەربەستی کۆمەڵایەتی و ڕوانگەی جیاکارییانەش دەبنەوە. هەندێک جار ڕوانگەی بەزەیی ئامێز، بەهەندنەگرتنی تواناکان و هەندێک جاریش بێبەشکردنیان لە هەلی یەکسان، زەمینەی گۆشەگیربوونی کۆمەڵایەتیی ئەوان دەڕەخسێنێت.

کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، ڕاگەیاندنەکان، ناوەندە پەروەردەییەکان و کەرتی تایبەت دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە گۆڕینی ئەم دۆخەدا بگێڕن. هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مافەکانی کەسانی کەمئەندام، بڵاوکردنەوەی کلتووری ڕێزگرتن و قبووڵکردنی جیاوازییەکان، ڕەخساندنی هەلی کار و پشتگیریکردن لە کارامەیی و کارئافرینیی کەمئەندامان، لە زومرەی ئەو هەنگاوانەن کە دەتوانن بەشداریی کۆمەڵایەتیی ئەم کەسانە زیاد بکەن. کەسانی کەمئەندام نابێت تەنیا وەکو وەردەگری یارمەتی سەیر بکرێن، بەڵکوو دەبێت وەک هاووڵاتیی خاوەن مافی یەکسان و خاوەن توانای جۆراوجۆر بناسرێن.

لەپاڵ دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، بنەماڵە گرنگترین ناوەندی پشتگیرییە بۆ کەسانی کەمئەندام. لە ئێران بەشی زۆری ئەرکی چاودێری، تواناسازی و پشتگیریی سۆزداری لەسەر شانی بنەماڵەکانە. زۆرێک لە دایک و باوک، هاوسەر و منداڵانی کەسانی کەمئەندام ساڵانێکی زۆر لە کات، داهات و وزەی خۆیان بۆ چاودێریکردنی ئازیزانیان تەرخان دەکەن. ئەم بەرپرسیارێتییە قورسە هەندێک جار دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری ئابووری، دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئەندامانی بنەماڵە.

ئەرکی بنەماڵە تەنیا چاودێریی فیزیکی نییە؛ بەڵکوو دروستکردنی ژینگەیەکە پڕ لە ڕێز، متمانەبەخۆبوون و هەلی گەشەکردن بۆ کەسی کەمئەندام. ئەو بنەماڵانەی کە هاندەری سەربەخۆییی تاك، پەروەردە، فێربوونی لێهاتوویی و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتیی کەسی کەمئەندامن، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە زیادکردنی کوالێتیی ژیان و باوەڕبەخۆبوونی ئەودا. لە بەرامبەردا، پشتگیریی زیاد لە پێویست یان سنوردارکردنی تاک بەهۆی نیگەرانیی زۆرەوە، دەبێتە ڕێگر لە بەدیهاتن و پشکوتنی بەهرە و تواناکانی.

واقعییەت ئەوەیە کە پرسی کەمئەندامی تەنیا پرسێکی تایبەت نییە بە گرووپێکی دیاریکراو. هەر مرۆڤێک لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیدا خۆی یان یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕەنگە ڕووبەڕووی جۆرێک لە کەمئەندامی ببێتەوە. کەواتە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و دادپەروەر لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییاندایە. بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە هاوکاریی سێقۆڵی دەوڵەت، کۆمەڵگە و بنەماڵە هەیە. دەوڵەت دەبێت بنەما یاسایی و پشتگیریکارەکان دابین بکات، کۆمەڵگە دەبێت بەربەستە کلتووری و جیاکارییەکان لەناوببات و بنەماڵەکانیش دەبێت ئەرکە بنەڕەتییەکەی خۆیان لە تواناسازی و پشتگیریکردنی کەسانی کەمئەندامدا جێبەجێ بکەن.

لە کۆتاییدا، ئاستی گرنگیدانی کۆمەڵگەیەک بە کەسانی کەمئەندام، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی گەشەکردنی مرۆیی و ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگەیە. هەرچەندە ماف، کەرامەت و هەلی یەکسان بۆ ئەم هاووڵاتییانە زیاتر مسۆگەر بکرێت، کۆمەڵگە زیاتر لە ئامانجی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی مرۆیی نزیک دەبێتەوە.