کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆچکردن لە ئێرانەوە، شەپۆلێکی کە گەیشتووەتە هەر ماڵێک

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۱ ۱۹ ۱۴ ۴۵ ۲۶ ۲۸۱ com facebook katana edit

لەم هەفتەیەدا کۆنفرانسێک بە ناونیشانی “ڕۆڵی زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەییەکانی وڵات لە خۆڕاگریی نیشتمانیدا” لە تاران بەڕێوە چوو کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی، لێکۆڵینەوە بوو لە کۆچکردنی خوێندەواران و مامۆستایانی زانکۆ. وتاربێژانی ئەم کۆنفرانسە بە پشتبەستن بە ئامارە بەردەستەکان ڕایانگەیاند کە کۆچکردنی ئەندامانی دەستەی زانستی و کارمەندانی خوێندنی باڵا خێراتر بووە. دانپێدانانێکی لەم شێوەیە، ئەویش لە کۆنفرانسێکی فەرمیدا، دەری دەخات کە کێشەی کۆچکردن تەنانەت لە ناو دامەزراوە حکومییەکانیشدا وەک قەیرانێکی جددی دەناسرێت.

واقعییەت ئەوەیە کە شەپۆلێکی نوێی کۆچکردنی پسپۆڕان و خوێندەواران دەستی پێ کردووە. ئەم شەپۆلە لە ساڵانی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و شەڕ، نائەمینی سیاسی و سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییەکان خێراییەکی زیاتریان بەم ڕەوتە بەخشیوە. کۆچکردن ئەمڕۆ چیتر دیاردەیەک نییە کە سنووردار بێت بە توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگاوە و بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی زۆرێک لە بنەماڵەکان لە ئێران. ئێستا بە زەحمەت بنەماڵەیەک دەدۆزرێتەوە کە یەکێک لە ئەندامەکانی کۆچی نەکردبێت یان لانیکەم بیر لە ڕۆیشتن نەکاتەوە.

تورکیا لەو ساڵانەی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە گرنگترین شوێنە کاتییەکانی ئێرانییەکان. ئەگەری چوونەژوورە بۆ ئەو وڵاتە بەبێ ویزا و نزیکیی جوگرافی وایکردووە زۆرێک لەوانەی لە چاوەڕوانیی کۆچکردندان بەرەو ئورووپا یان ئەمریکای باکوور، ئەم وڵاتە وەک وێستگەیەکی کاتیی هەڵدەبژێرن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی سەد هەزار هاووڵاتیی ئێرانی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە تورکیا دەژیان. بەشێکی بەرچاو لەم حەشیمەتە بریتین لە پسپۆڕان، دەرچووانی زانکۆ و هێزە کارامەکان کە بەدوای هەلی کاری باشتر و ژیانێکی ئەمنتر دا دەگەڕێن و تورکیا وەک پردێک بۆ گەیشتن بە مەبەستی کۆتایی خۆیان دەبینن.

بەپێچەوانەی باوەڕی باو، پاڵنەری ئەم کۆچکردنانە تەنها ئابووری نییە. هەڵاوسان، بێکاری و دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بێگومان لە بڕیاری زۆرێک لە کۆچبەراندا ڕۆڵی هەیە، بەڵام زۆرێک لە گەنجان باس لە سنووردارکردنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، نەبوونی دەرفەتی بەشداری لە بڕیارە گشتییەکان و هەستکردن بە بێتوانایی لە کاریگەری دانان لەسەر داهاتووی خۆیان دەکەن. ئەوان هەست دەکەن کە لە وڵاتی خۆیاندا دەنگیان نییە و هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاری ڕووبەڕووی دیوارێکی بەرز لە قەدەغەکارییەکان دەبێتەوە.

ئەو توێژینەوەیەی کە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە زانکۆی گیلان ئەنجام درا، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە. ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەری دەخەن کە لە نێوان ڕادەی بەشداریی کۆمەڵایەتی و مەیلی کۆچکردندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە. هەرچەندە دەرفەتەکانی بەشداریی کۆمەڵایەتی و سیاسی کەمتر بن، مەیلی خوێندکاران و گەنجان بۆ جێهێشتنی وڵات زیاتر دەبێت. ئەم دەرەنجامە ئەوە دەردەخات کە بەشێکی گرنگی کۆچکردنەکان بەهۆی گەیشتن بە بنبەست و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوو. ئاوێتەبوونی قەیرانە ئابوورییەکان، سنووردارکردنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نائەمنییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ و نەبوونی ئاسۆیەکی هیوابەخش، شەپۆلێکی نوێی لە کۆچکردنی نوخبەکان و گەنجانی خوێندەوار دروست کردووە.

ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی کۆچبەریی جیهان. ئەگەرچی هێشتا بەشێکی زۆری کۆچبەران لە پەنابەرانی سیاسی و گەنجانی بێکار و هەڵوەدای کار پێک دێت، ئێستا تەنانەت بەرپرسانی حکوومەتیش باس لە قەیرانی کۆچکردنی پزیشکان، پەرستاران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، وەرزشوانان، دەرچووانی زانکۆ و تەنانەت خاوەن سەرمایەکانیش دەکەن. وەزیری تەندروستی باسی لە کۆچکردنی نزیکەی دوانزە هەزار توێژەر کردووە لە دەیەی ڕابردوودا.

پەنابەرانی سیاسی و زۆرێک لە کۆچبەرانی تر بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری، سەرکوت، هەڵاواردن و بارودۆخی نامرۆڤانەی ژیان، و بەدوای ئەمنییەت و داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیاندا ئێران جێ دەهێڵن. دەرچوون لە وڵات بە ڕێگای نایاسایی کارێکی زۆر سەخت و پڕمەترسییە. زۆربەی ئەم کەسانە هەرچی هەیانە دەیفرۆشن بۆ دابینکردنی تێچووی هەڵاتن و دەرچوون لە وڵات. سەدان هەزار کەس لەوان لە وڵاتەکانی دراوسێ لەوانە تورکیا، عێراق، گورجستان، هیندستان، پاکستان و تەنانەت ئەفغانستان لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا چاوەڕوانی ڕۆیشتن بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەمێننەوە. بەداخەوە ژمارەیەک لەم کۆچبەرانە هەرگیز ناگەنە شوێنی مەبەست و لە دەریاکاندا، لە پشتی بارهەڵگرە گەورەکان، لە ساردکەرەوەکانی گواستنەوەی خۆراک یان لە دەشت و دارستانەکانی سەر سنوورەکاندا گیان لەدەست دەدەن.

بەشێکی تری حەشیمەتی کۆچبەری ئێران هێزە خوێندەوار و پسپۆڕەکان پێکی دەهێنن کە بە “هەڵاتنی مێشک” ناودەبرێت. تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە نۆ هەزار پزیشکی ئێرانی سەرقاڵی کارکردنن و ژمارەی پسپۆڕانی ئێرانی لە بوارەکانی تر لە سەرانسەری جیهاندا بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. ئەمڕۆ کەمتر زانکۆی باوەڕپێکراو لە جیهاندا هەیە کە مامۆستایانی ئێرانی تێیدا وانە نەڵێنەوە. بە درێژایی ئەم ساڵانە هەزاران پزیشک، پەرستار، ڕۆژنامەنووس، نووسەر، فیلمساز، زانا و خوێندکاری بلیمەت ناچار بوون ئێران جێ بهێڵن.

ئەم کۆچکردنە بەربڵاوە تێچوویەکی قورس دەخاتە سەر شانی خەڵکی ئێران. نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمیی ستافی پسپۆڕ دەبنەوە، کوالێتیی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دابەزیوە و ژینگەی وڵات کە لەگەڵ قەیرانە جددییەکانی ئاو و خاک و هەوا بەرەوڕووە، پێویستیی بەپەلەی بە هێزی شارەزا و پسپۆڕ هەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا حکوومەت نەک هەر هیچ بەرنامەیەکی جددی نییە بۆ کەمکردنەوەی پرسی کۆچکردنی خوێندەواران، بەڵکوو بە سیاسەتەکانی خۆی لە ڕاستیدا ڕێگای بۆ خۆشتر دەکات. گرووپێکی بچووک لە دەسەڵاتداران، پیاوانی ئاینیی حکوومەتی و وابەستەکانیان وڵات بە موڵکی تایبەتی خۆیان دەزانن. ئەگەر بڕیار بێت کەسێک وڵات جێ بهێڵێت، دەبێت ئەوانە بن کە لە سەرکوتی خەڵک و تاڵانکردنی سامانی نیشتمانیدا ڕۆڵیان هەبووە، نەک پزیشکان و مامۆستایان و ئەو زانایانەی کە داهاتووی وڵات بەوانەوە بەستراوەتەوە. پەرەسەندنی بەردەوامی کۆچکردن دەبێت بە دەرەنجامی مایەپووچیی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی مۆدێلی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران دابنرێت. حکوومەتێکی کە نەتوانێت ئەمنییەت، ئازادی، خۆشگوزەرانی و هیوا بۆ هاووڵاتییانی خۆی دابین بکات، درەنگ یان زوو لەگەڵ دەرچوونی باشترین هێزەکانی کۆمەڵگا بەرەوڕوو دەبێتەوە. کۆچکردن بەم واتایە تەنها جێگۆڕکێی حەشیمەت نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر بە دۆخی ئێستا.