کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ژیانی قیستیی، کاتێک هەژاری دەبێتە بنەمای ژیان

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۱ ۱۷ ۱۶ ۲۶ ۰۰ ۹۷۳ com facebook katana edit

ڕۆژنامەی “ئیقتساد“ی چاپی تاران لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی “ژیانی قیستیی، نیشانەی ئاساییبوونەوەی هەژاری و گۆڕانی شێوازی بژێوی لە ئێران“، وێنەی کۆمەڵگایەک دەخاتەڕوو کە بۆ کڕینی نان و پەنیر و ماددە پاککەرەوەکانیش ناچارە قەرز وەربگرێت. ئەم ڕاپۆرتە لە دەزگایەکی ڕاگەیاندندا بڵاو کراوەتەوە کە لە ژێر چاودێر و سانسۆری کۆماری ئیسلامیدا کار دەکات، لەمڕووەوە بە زمانێکی پارێزکارییەوە نوسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاستییەی کە لە نێوان دێڕەکانی دا دەردەکەوێت ئەوەندە تاڵە کە هیچ پارێزکارییەک توانای شاردنەوەی نییە. خەڵکی ئێران ئەمڕۆ نەک بۆ خۆشگوزەرانی زیاتر، بەڵکوو تەنها بۆ زیندوو مانەوە، لەسەر داهاتی سبەینێیان قەرز دەکەن.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی ئیقتیساد، کڕینی قیستیی کە لە ڕۆژگارێکدا تەنیا ماڵ و ئۆتۆمبیل و کەرەستە بەنرخەکانی لەخۆ دەگرت، ئێستا گەیشتووەتە دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی بنەماڵەکان. بە پێی ئامارەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە، ئەو قەرز و متمانەیەی کە تەرخان کراوە بۆ بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمە متمانەپێکراوەکان لە ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویدا گەیشتووەتە هەزاران ملیارد تمەن و لە ساڵی ١٤٠٤دا ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەم خزمەتگوزارییانە لە دە ملیۆن کەس تێپەڕیوە. ئەم ژمارەیە بەو مانایەیە کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی گەورەساڵی وڵات سفره‌ی خۆی بە قەرزوقۆڵە پڕ دەکاتەوە.

ئەم دیاردەیە ناتوانرێت جیا لە کارنامەی دەسەڵاتێک ببینرێت کە دەیان ساڵە سەرچاوە نیشتمانییەکانی لەپێناو سەرکێشییە ناوچەییەکان، پرۆژە ئایدۆلۆژییەکان و ڕکابەرییە سەربازییە پڕ تێچووەکانی تەرخان کردووە. ئابووریی ئێران تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕیش بە دەست هەڵاوسانێکی نزیک بە پەنجا لەسەد، دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵ و قەیرانی سیستەمی بانکییەوە دەیناڵاند. تووڕەیی و بێزاری گشتیی لەم دۆخە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان کە بە سەرکوتێکی خوێناوی وەڵام درایەوە. دەسەڵات لە جیاتی بیستنی دەنگی خەڵک، گوللەی لە جێگەی گفتوگۆ دانا و پاشان وڵاتی بەرەو شەڕێکی ماڵوێرانکەر برد.

شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل ئەم برینە کۆنەی کردە زامێکی بەناسۆر. ژێرخان و پیشەزازییەکان زیانیان بەرکەوتووە، هەناردەی نەوت پەکی کەوتووە و ملیۆنان هەلی کار لەناوەچوون. ناوەندی ئاماری ئێران خۆی دانی بەوەدا نا کە هەڵاوسانی ساڵانەی بنەماڵەکان لە هاوینی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠ لەسەد. سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش پێشبینی دەکات کە ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە شەش لەسەد بچووکببێتەوە و هەڵاوسان بگاتە بەرزترین ئاستی لەدوای شۆڕشی ١٣٥٧وە. هەڵاوسانی ماددەی خۆراکی لە هەندێک لە مانگەکانی ساڵدا لە سەد لەسەد تێپەڕیوە. لە وەها دۆخێکدا، ئاساییە کە بنەماڵەکان بۆ کڕینی برنج و ڕۆنیش پەنا بۆ قیست ببەن.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیقتیساد بە دروستی ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ئابوورییە جێگیرەکاندا، کڕینی متمانەپێکراو ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی نەختینە و دابەشکردنی تێچووی کاڵا گرانبەهاکان لە درێژماوەدا. بەڵام لە ئێران ئەم ئامرازە لە کاڵای بەنرخەوە گەیشتووەتە خۆراک، بەرهەمە تەندروستییەکان و کەرەستە پێویستەکانی تر. ئەو شارەزایانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا ڕایان دەربڕیوە، ئەم دیاردەیە بە نیشانەی کەلێنێکی قووڵی نێوان داهات و تێچووە پێویستەکانی ژیان دەزانن. بە زمانێکی سادەتر، حەقدەستی خەڵکی ئێران ئیتر بەشی زیندوو مانەوە ناکات و ئەو دەسەڵاتەی کە ئەم حەقدەستە دیاری دەکات و ئابووریی گەیاندووەتە ئاستی ئیفڵاس، بەرپرسی سەرەکیی ئەم دۆخەیە.

خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش لەم ڕاپۆرتەدا، بریتییە لە ئاماژەدان بە ڕیکلامە بەربڵاوەکانی کڕینی قیستیی. تابلۆکانی شار، ڕیکلامە دیجیتاڵییەکان و تەنانەت زنجیرە دراماکانیش خەڵک هان دەدەن بۆ بەکارهێنانی پلانە متمانەپێکراوەکان. ئەم ڕیکلامانە ئیتر تەنها کاڵا لۆکسەکان ناکەنە ئامانج و کڕینی پێداویستیی ڕۆژانە، تێچووی پەروەردە و فێرکردن و تەنانەت وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریش دەگرێتەوە. ئەم فەزایە قەرزداری دەکاتە دیاردەیەکی ئاسایی و تەنانەت پەسەندکراویش. ئەو پێکهاتەیەی کە ناتوانێت هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکات، لانیکەم هەوڵ دەدات هەژاری لە قاڵبی ڕەنگاوڕەنگی “متمانە“دا بە خەڵک بفرۆشێت.

ڕۆژنامەی ئیقتیساد باس لە تێپەڕبوونی ئێران لە ئابوورییەکی نەختینەوە بەرەو ئابوورییەکی پشتبەستوو بە قەرز، دەکات. لەم ئابوورییەدا، ژیانی قیستیی بەرە بەرە لە دۆخێکی نائاساییەوە دەگۆڕێت بۆ نەریتێکی کۆمەڵایەتی. قیستەکان ئیتر ڕێگەیەک نین بۆ کڕینی زیاتر و تەنها بوونەتە ئامرازێک بۆ پاراستنی لانیکەمی پێوەرەکانی ژیان. ئەمەش بەو مانایەیە کە داهاتووی بنەماڵەکان پێشوەختە گرەوی لەسەر کراوە. ئەو نەوەیەی کە دەبێت پاشەکەوت بکات، خانوو بکڕێت و بۆ منداڵەکانی پەروەردەیەکی کوالێتی بەرز دابین بکات، ئێستا داهاتی مانگەکانی داهاتووی بۆ کڕینی خواردنی ئەمشەو خەرج دەکات.

بەشێکی گرنگی ڕاپۆرتەکە باس لە چەمکی “تەحەمول و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی” دەکات. بەرپرسانی دەسەڵات بەردەوامیی ژیانی ڕۆژانە لە ناو جەرگەی شەڕ و هەڵاوساندا وەک هێمای خۆڕاگریی و سازگاریی نەتەوەیەک نیشان دەدەن. بەڵام ئەو کۆمەڵناسانەی کە ئەم ڕۆژنامەیە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون، ئەم ڕیوایەتە قبووڵ ناکەن. بە باوەڕی ئەوان، ئەو کۆمەڵگایەی کە ناچارە لە کوالێتی خۆراک، پەروەردە، چارەسەر و کاتە بەتاڵەکانی کەم بکاتەوە یان لە یەک کاتدا چەند کارێکی هەبێت، مەرج نییە کۆمەڵگایەکی خۆڕاگر بێت. لەوانەیە ڕواڵەتی ژیان ئاسایی بنوێنێت، بەڵام لەناو چین و توێژەکانی خوارەوە داڕمانی دەروونی، کەمبوونەوەی هیوا بە داهاتوو و کەڵەکەبوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئارادایە.

ئەم ڕەخنەیە لێدانێکی ڕاستەوخۆیە لە ڕیکلامە فەرمییەکان. دەسەڵات خۆڕاگریی ناچاریی خەڵک دەخاتە سەر حیسابی وەفاداری و وەستانەوەی ئەوان، لە کاتێکدا ئەم خۆڕاگرییە هیچ شتێک نییە جگە لە هەوڵدان بۆ زیندوو مانەوە. ئەو لێکۆڵەرە ئابوورییانەی کە لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیقتیساددا قسەیان کردووە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕفتارە ئابوورییە نوێیەکانی بنەماڵەکان زیاتر لەوەی کە نیشانەی ڕەزامەندی بێت، هەوڵێکە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ واقیعێکی سەپێنراو. کۆمەڵگای ئێران گەلێک جار خۆی لەگەڵ دۆخی قورسدا گونجاندووە، لە زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە بگرە کە لە هەر بنەماڵەیەکدا کار دەکەن تا کەمکردنەوەی بەکاربردن و گۆڕینی ئەولەوییەتە داراییەکان. بەڵام ئەم خۆ گونجاندنە بە مانای قبووڵکردنی هەمیشەیی دۆخی ئێستا نییە و خەڵک هێشتاش خوازیاری ژیانێکی باشترن.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیقتیساد هۆشداری دەدات کە ڕاهاتن بە خۆشگوزەرانییەکی کەمتر بە مانای ڕەزامەندی نییە. هەستی مەحرومییەتی ڕێژەیی و ئەو باوەڕەی کە سەرچاوەکانی وڵات بە شێوازێکی نادادپەروەرانە دابەش دەکرێن، دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداریی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی کۆچکردن، بێهیواییەکی زیاتر و شکڵگرتنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان.

ئەم هۆشدارییە بۆ دەسەڵاتێکی کە چەندین جار تووڕەیی و بێزاری خەڵکی بە سەرکوت وەڵام داوەتەوە، مانایەکی روونی هەیە. ئەو کۆمەڵگایەی کە سفره‌کەی بە قەرز پڕ دەبێت و داهاتووی پێشفرۆش کردووە، ناتوانێت بۆ هەمیشە بێدەنگ بمێنێت. کاتێک ڕاگەیاندنێکی کە لە ناوخۆی وڵاتدا و لە ژێر تیغی سانسۆردا بڵاو دەبێتەوە باس لە “ئاساییبوونەوەی هەژاری” دەکات، دەبێت قبووڵ بکرێت کە قوڵایی قەیرانەکە لە توانای شاردنەوەی فەرمی تێپەڕی کردووە.

ژیانی قیستیی ئاوێنەیەکی باڵانوێنە کە سیمای ڕاستەقینەی چوار دەیە حوکمڕانی نیشان دەدات. کۆمەڵگایەکی کە لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکان و سەرمایەی مرۆییەوە دەوڵەمەندە، ئەمڕۆ بۆ کڕینی نانی ڕۆژانەی قەرز دەکات. ئەم دۆخە نە بەرهەمی چارەنووسە و نە تەنها ئەنجامی گەمارۆ و دوژمنایەتی دەرەکیی. ئەم دۆخە بەرهەمی ئەو سیاسەتانەیە کە بەرژەوەندیی پێکهاتەیەکی داخراویان خستووەتە پێش بژێوی ملیۆنان مرۆڤەوە. تا ئەو کاتەی ئەم پێکهاتەیە مابێت، قیستەکان قورستر دەبن، سفره‌ی بنەماڵەکان بچووکتر دەبنەوە و هەژاری زیاتر لە جاران دەبێتە بەشێکی ئاسایی لە ژیانی دانیشتوانی ئێران.