ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خۆڕاگری ژنان و بەتایبەت ژنانی لاو لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەناو پۆلیسی ئەخلاقیدا بابەتێکی جددی و ڕوو لە زیادبوونە. شارۆمەندێکی پەیامنێر بە ناوی سەحەر بەختیاری، ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەوەی کە لەماوەی یەک ڕۆژدا لە چوارڕێیانی باغی فیردەوسەوە تا وەلیعەسر بینیویەتی و هەروەها بابەتی بەرخوردی ژنان بە حیجابی زۆرەملێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ژنانی ئازادپۆشی لەگەڵ گەشتی ئیرشاد، بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: ژنێک لەکاتی تێدەپەڕبوونیدا لە وڵامی هۆشداریی یەکێک لەو مەئموورانەدا دەڵێت: “دەتەوێت تا کەی ئەوەندە هەرزان و کەم بایەخ بمێنیتەوە؟” بەخاتری وەرگرتنی چوار جۆر پێداویستی و چەند سەعات زێدەکاریی خۆتان سووک مەکەن!”
لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “لە باکوری ڕۆژئاوای مەیدانی وەلیعەسر دۆخەکە ئاڵۆزە، بەڵام کەس لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکهەڵچوون ناترسێت، مەئموورە ژنەکان هۆشداریی دەدەن و کچەکان ڕادەوەستاوانە وڵامیان دەدەنەوە و مەئمورەکان هەندێکجار ناچار دەبن پاشەکشە بکەن”. ” هەروەها “لە سەنتەری شار دۆخەکە لە هەرشوێنێکی تر ئاڵۆزترە، وەنەکانی گەشتی ئیرشاد کە هەندێکیان چیتر هێڵی سەوزیان پێوە نەماوە و سپی و یەکدەستن، لە هەموو شوێنێک دەبینرێت، سەرەڕای هەموو ئەمانە خەڵک لەجاران بەهێزترن”. لە نزیک “زانکۆی تاران”، شوێنێک لە دەوروبەری مەیدانی ئینقلاب، کچەکان وا دەردەکەون کە وەک ئەوە وایە هیچ شتێک ڕووینەدابێت. سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانەی کە گەشتەکانی ئیرشاد لەم دواییانەدا دروستیان کردووە، ئازایانە جل و بەرگی دڵخوازی خۆیان لەبەر دەکەن و سەرقاڵی چوون بۆ کافە و کڕینی کتێب و پیاسەکردنن. ئەوان دەیانەوێت ئەو پەیامە بنێرن کە ” چیتر ناگەڕێینەوە بۆ سەردەمەکانی پێشووتر”.
پەرەسەندنی خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە بەرامبەر سیاسەتی توندکردنەوەی ئاستی سەرکوتکردنەکان لە دژی ژنانی ئازادیخواز و ئازادپۆش، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکی و دووبەرەکی لەناو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا. لە کاتێکدا فەرماندەی هێزی ئینتزامی ڕایگەیاندبوو کە گەڕانەوەی ئۆتۆمبێل و هێزەکانی ئینتزامی لە دژی بەناو “نۆرم شکێنەکان” بە فەرمانی دەسەڵاتی جێبەجێکار و دادوەری ئەنجامدراوە.
ئیبڕاهیمی ڕەئیسی جینایەتکار، بە بێدەنگ بوون لەئاست ئەم بابەتەدا، بەکردەوە خۆی لە هەرچەشنە بەرپرسیارێتییەک بەدوور گرتووە. هەروەها جێگری دامەزراوەی ژنان و بنەماڵەی سەرۆک کۆمارییش رۆژی ٢٤ی پووشپەڕ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ڕادیۆ گفتوگۆ” ڕاگەیاندبوو کە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەوڵەتییەکان، دیاریکردنی “شێوازی جلوبەرگ” بۆ ژنان “بەفیڕۆدانی بودجەیە” و “نەک تەنها بێکاریگەرە بەڵکوو زیانبەخشیشە”. ناوبراو هەروەها وتی: بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کە لە تاران ئەنجامدراوە، ٣٩.٢ لەسەدی ژنان بێ حیجاب لە تاران، لاوانی تەمەن ٢٣ بۆ ٣٢ ساڵن و لەدایکبووی ساڵانی حەفتاکانن.
ئەو هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ژنانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە، بە ڕێژەی ٤٦.٦ لەسەد لە بەرزترین ڕیزبەندی ئەم توێژینەوەیەدان. بەپێی ئەم توێژینەوەیە ٤٢.٨ لەسەدی ژنانی هاوسەرداریش پابەندی حیجابی زۆرەملێ نابن. ٧٠ لەسەدی هاوسەرانی ئەم گروپە ڕایانگەیاندووە کە هیچ دژایەتییەکیان نییە بەرامبەر بەجۆری جلوبەرگ و ڕەچاونەکردنی بێ حیجابی ژنەکانیان.
دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ لە نێو زیندانییە سیاسییە خەباتکارەکانیشدا دەنگدانەوەی هەبووە. بۆ نموونە نێرگس محەمەدی یەکێک لە قارەمانەکانی خۆڕاگریی لە زیندان، نامەیەکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی توندوتیژی سەرلەنوێی حکوومەت لەگەڵ ژنان سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ بڵاوکردۆتەوە. ناوبراو نووسیویەتی، “حیجابی زۆرەملێ تەنیا پرسی ژنان نییە” و هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە”. خاتوو محەممەدی هەروەها وتی، هەروەک چۆن “حیجابی زۆرەملێ بۆ حکومەت درێژکراوەی هەژموون و سەرکوتکردن و گۆشەگیرکردنی ژنان بوو، لابردنیشی تەواو بە پێچەوانەی ئەو، ڕێکارێکە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و هەنگاوێکیشە بەرەو تێکشکاندنی هێزی سەرکوت و هەژموونی حکومەتی ئایینی سەرەڕۆ و پاوانخواز”. خەبات لەدژی پۆشینی ئیسلامی هەڵمەتێکی گرنگە لەدژی دیکتاتۆریەتی ڕەهای ڕێژیم. لەم هەڵمەتە گشتگیرەدا کە دەسەڵاتی ناوەندی لەم ڕۆژانەی سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا لەدژی سەرجەم ناڕازیان و تێکۆشەران دەستی پێکردووە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەناو “بەد حیجابی” ئەولەویەتی یەکەمە. چونکە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای تەمەنی نەنگینی خۆیەوە، زۆرترین کەڵکی خراپی لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا وەرگرتووە بەمەبەستی پتەوکردنی دەسەڵاتی ستەمکارانەی خۆی لە کۆمەڵگادا.
لەم ڕووەوە خەبات لەدژی ڕژیم لەم بوارەدا ئەرکی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە. هەندێک لە لیبراڵەکان لەسەر ئەو باوەڕە هەڵەیەن کە گۆیا ئازادیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆریەت، تەنها پێوەندی بە چینی مامناوەندوە هەیە و کرێکاران تەنها بیر لە بژێوی ژیان دەکەنەوە. هەربۆیە پێویستە ئەوەیان وەبیر بخرێتەوە کە ستەم و سەرەڕۆیی ڕهای حکومەت و خاوەنکارەکان لە ئێران، لە بنەڕەتدا بۆ بێدەنگکردنی کرێکاران و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کاری ئەوانە. هەر بەم هۆکارەشە کە کرێکارانی وشیار و خەباتکار بەدرێژایی تەواوی ساڵانی ڕابردوو، بە دروشمی “نان، کار، ئازادی، حکومەتی شۆڕایی” لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان کردووە. هەربۆیە خەبات لەدژی حیجابی ناچاری لەسەر ئاستی ماکرۆ، پەیوەندی هەیە بە هەموو چین و توێژەکان و لەوانە بە ژنان و پیاوانی کرێکاریشەوە. بەڵام لە ئاستێکی دیاریکراویشدا کارکردن بە جلوبەرگی ئیسلامییەوە بۆ ژنانی کرێکار زۆر دژوار و ئازاردەرە. بەداخەوە تاکو ئێستا جلوبەرگی ئیسلامی چەند ژنە کرێکارێک لەناو ئامێرەکاندا گیری کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانیان.