ژنێکی ناوزڕاو و نفرەت لێکراو بە ناوی ئامینەسادات زەبیحپوور، ڕۆژنامەنووسی ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی گەندەڵ، بازجۆ و پەروەندە ساز لە دژی زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و ڕادیکاڵ، لە بێدادگای ڕژیم سکاڵایەکی لەدژی سپیدە قولیان، چالاکی کرێکاریی زیندانیکراو تۆمار کردبوو. سەرەتا بڕیار بوو ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ دانیشتنەکانی دادگا بە نهێنی بەڕێوەبچێت. سپیدە کە وەک قارەمانی خۆڕاگریی لە زیندان ناوبانگی دەرکردووە، ڕایگەیاند کە لە دادگایەکی لەو شێوەیەدا ئامادە نابێت. ناوبراو نووسیبووی: بە بڕوای من دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، ئەو دامەزراوەیەی کە تەنیا لە ماوەی یەکساڵدا چەندین کەسی لە دادگاییەکی چەند خولەکیدا بە ئێعدام مەحکووم کرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەو حوکمەی جێبەجێ کرد، نە سەڵاحییەتی دادوەریی هەیە و نە شەرعییەت. هەر بۆیە لەم دادگا سەیر و سەمەریەدا بەشداری ناکەم”. بەڵام ڕێکخەرانی دادگا بە فێڵ ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەکان بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوە دەچن. سپیدە بەدروست بڕیارەکەی پێشووی گۆڕی. ناوبراو لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی خەڵکی ئێرانی کردووە نووسیویەتی: “وەک دەزانن، دوای سکاڵاکەی ڕۆژنامەنووسی بازجۆ “ئامینەسادات زەبیحپوور” ڕامگەیاندبوو کە لە دادگای نمایشی کۆماری ئیسلامیدا بەشداری ناکەم، بەڵام ئەوان ئاگاداریان کردمەوە کە سبەی دادگاییکردنەکەم بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت، لەو ڕووەوە کە هیچ ترسێکم نییە لە وتنی ڕاستییەکان لەبەردەم خەڵکدا، بڕیارمداوە بەشداریی ئەم دادگاییکردنە بکەم و بەرگری لە خۆم بکەم”. سپیدە بە ڕاگەیاندنی بڕیاری خۆی بۆ وتنی ڕاستییەکان لە دانیشتنەکانی دادگا و بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوانە، بەڕێوەبەرە فێڵبازەکانی ترساند، هەربۆیە بە بیانووی ئەوەی کە سپیدە قبوڵی نەکردووە
حیجابی زۆرەملێ بپۆشێت، کۆبوونەوەکەیان بەڕێوەنەبرد. ئەم قارەمانی خۆڕاگریی و لەقاودەری زوڵم و ئەشکەنجەیە لە زیندانەکانی ڕژیمدا، بەو شێوەیە گاڵتەجاڕی بەڕواڵەت ڕەچاوکردنی دێموکراسیی ئەو فێڵبازانەی سەبارەت بە بەرێوەبردنی ئاشکرای کۆبوونەوەکان، کردە بڵقی سەرئاو. چالاکانی مافی مرۆڤ شەوێک پێشتر هۆشدارییان دابوو کە پیلانگێڕانی دەسەڵاتی دادوەری بە پڕکردنی هۆڵەکە لە بەکرێگیراوانی سەر بە ڕژیم، ڕێگە نادەن دەنگی سپیده بگاتە دەرەوە. بەڵگەش ئەوەیە کە بە گوتەی خوداڕەحم، باوکی سپیدە قولیان، “پارێزەری ئامینەسادات ڕێگەی پێدرابوو بچێتە ژوورەوە، بەڵام پارێزەرانی سپیدە ڕێگەیان پێنەدرا “.
کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەی سەروبەندی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا لە هەموو بوارەکاندا ئاگری سەرکوت لە دژی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران باوەشێن دەکات. ئەوان لەم کردەوە دڕندانەی خۆیاندا زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت زیندانیانی ژنیان لەبیر نەکردووە. سەرکوتگەران چەند ڕۆژ بەرلە بڕیاری بەڕێوەبردنی دادگای نمایشی بۆ سپیدە، کە بە دڵنیاییەوە دەبووە هۆی زیاتربوونی ماوەی زیندانییەکەی، ڕایانگەیاند کە زیندانیی خۆڕاگر مریەم ئەکبەری مونفەردیش بەخاتری دوو پەروەندە پەلکێشی دادگا دەکرێت. ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ ٤٤ کەس لە زیندانیانی سیاسی ژن و هاوبەندەکانی پێشووی مریەم، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، خوازیاری وەستاندنی “پەروەندە سازی” لە دژی ئەم زیندانییە سیاسییە خەباتکارە و ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو بوون. سپیدە لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی بوێر و خۆڕاگری وەک نەرگس محەمەدی و گۆڵڕوخ ئیرایی، یەکێک لە واژۆکارانی ئەو نامەیە بوو. لە بەشی کۆتایی نامەکەدا هاتووە: ” بە دەنگی بەرز دەڵێین کە دەزگای دادوەری ناتوانێت بە دروستکردنی دۆسیە و سەپاندنی زیندانیی بێکۆتایی، پرسی دادخوازی ڕابگرێت“. دادخوازی نەک هەر تاوان نییە، بەڵکوو خۆی دادێکە بۆ بێدادی. دەنگی دادخوازی ئیتر نەک هەر لە گەرووی مریەمەوە، بەڵکوو لە چوارگۆشەی ئێرانەوە دەبیسترێت“.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەر شوێنێک سەرکوتیان توندتر کردبێتەوە و فێڵبازییان کردبێت، لەگەڵ خۆڕاگریی و بەرخۆدانی هەرچی زیاتری چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی ناڕازی بەرەوڕوو بوونەتەوە. مانگرتنی کرێکارانی نەوت، ناڕەزایەتی کرێکارانی بوارەکانی دیکە، خۆپیشاندانی مامۆستایان، خانەنشینان و خەباتی بوێرانەی ژنانی ئازادپۆش و دایکانی دادخواز، زیندانیانی سیاسی، خوێندکاران، خەڵکی خەباتکاری کوردستان و بەلوچستان و پەرەسەندن و گەشەکردنیان، ئاماژەن بۆ ئەم ڕاستییە. ڕێژیم بۆ ئەوەی بتوانێت ئاگری خەباتی دژ بە سەرەڕۆیی و چەوسانەوە لە ئاستی ئێراندا دابمرکێنێت، پەنای بردووەتەبەر هەموو جۆرە فێڵ و ڕێوشوێنێکی سەرکوتگەرانە .ئەو بەرخۆدان و مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی ئێستا، کە بڕیاری بوێرانەی کەسانی وەک سپیدە قولیان هێز و ورەی لێ وەردەگرن، ئەوە دەسەلمێنن کە خەو لە چاوی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی سەرمایە زڕاوە و ئەو ئەو هێرش و پەلامارەی لە دژی زۆرینەی خەڵکی ئێران دەستیان پێکردووە، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبێتەوە.