ڕۆژەکانی ١٨ تا ٢٣ ی مانگی پوشپەری ساڵی ١٣٧٨ ی شاری تاران شاهیدی یەکێک لە ئاخێزە شۆڕشگێڕانەکانی خوێندکاران و خەڵکی ناڕازی دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە بە هێرشی پاسدار و لیباس شەخسیەکان بۆسەر کوی دانشگای تاران دەستی پێکرد. لە جەریانی هێرشێکی خوێناوی شەوانەی هێزەکانی ڕژیم بۆسەر کوی دانشگا چەند کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. ئەم ڕووداوە بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی خوێندکاران لە هەموو زانکۆکانی ئێران بۆوە و شاری تارانیش بوو بە مەیدانێکی نەبەردی پڕ شۆر دژبە ڕژیمی ئیسلامی. بەڵام ١٨ ی پوشپەڕ و خەباتێکی بەدوایدا هات، کە لاپەڕەیەکی زێڕینە لە پەروەندەی خوێندکارانی شۆڕشگێڕ و خەڵکی تێکۆشەردا، چۆن ڕوویدا؟
نوێنەرانی مەجلیس لە کۆتاییەکانی تەمەنی ٤ ساڵەی نوێنەرایەتی خۆیاندا دەیانویست یاسای مەتبوعات بە شێوەیەک ئیسلاح بکەن کە داخستنی بڵاوکراوەکانی ڕەخنەگر هاسان تر بێت. سلام، ڕۆژنامەی ئیسلاح خوازەکان، رۆژی ١٥ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٧٨ سەردێڕێکی بەم شێوەی بوو:” سەعید ئیمامی پێشنیهادی ئیسلاحی یاسای ڕاگەیاندنی ڕەد کردۆتەوە.” ئەم مەئمورە بەد نێوە ئیتلاعاتیە بۆ شێواندنی شوێن پێی فەرماندە سەرەکیەکانی قەتڵە زنجیرەییەکان، وەک سەبەبکاری سەرەکی ئەو جەنایەتە بە کۆمەڵگا ناسێندرا بوو. قوەی قەزاییە” ڕۆژنامەی سلام” ی ڕۆژی ١٧ ی مانگی پوشپەڕ ڕاگرت. خوێندکاران ئێوارەی ئەو ڕۆژە لە نێو و دەرەوەی کوی دانشگا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان پێکهێنا و خوازیاری لابردنی حوکمی ڕاگیرانی ڕۆژنامەی” سەلام” و پەسند نەکرانی لایەحەی ئیسلاحی یاسای مەتبوعات بوون. لەسەر بنەمای شاهیدیی ئەو کەسانەی کە خۆیان لەو کاتەدا لە هێزەکانی ناسراو بە” ئەنساری حیزب اللە” دا دەوری ڕێبەرییان هەبوو، نیوەشەو و دوای هێور بوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران بە دەستوری خامنەیی، کەسانی سەربەم هێزە و باقی هێزە نیزامی و ئینتیزامیەکان بە وەحشیگەری تەواوەوە ڕژانە نێو کوی دانشگا، خوێندکارانیان لە خەو هەستاند و بە توندی ئەزیەت و ئازاریان دان و خوێندکارێک بە ناوی” عیزەت ئیبڕاهیم زادە” یان کوشت. خوێندکارێک بەناوی” فریشتە عەلیزادە“ش لە بەیانی ڕۆژی ١٨ ی پوشپەڕ لە کوی دانشگا دەستبەسەر و لە ژێر ئەسکەنجەدا گیانی لەدەستدا. خوێندکاران و ژمارەیەک لە دانیشتوانی شەقامی کارگەری شومالی ڕۆژی ١٨ ی مانگی پوشپەر دەستیان دایە دەربڕینی ناڕەزایەتی و کەوتنە بەر هێرشی مەئمورەکانی ڕژیم و لەم کێشمەکێشەدا خوێندکارێکی کچ بە ناوی” تامی حامی فەر“، یش بە دەستی هێزەکانی ڕژیم کوژرا. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا ٥ ڕۆژ واتە تا ٢٣ ی پوشپەر درێژەی هەبوو. لەم ماوەیەدا دروشمەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕادیکاڵتر بوونەوە و کوللیەتی ڕژیم و دیكتاتۆڕی مەزهەبیان کردە ئامانج.
لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا، واتە ڕۆژەکانی ٢٢ و ٢٣ ی پوشپەڕ کە خەباتەکە ڕەنگی جەماوەری بەخۆیەوە گرت ١٤٠٠ کەس دەستبەسەر کران و کەوتنەبەر وەحشیانە ترین ئەشکەنجەکان و ژمارەیەکیش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. خەباتی ٥ رۆژەی خەڵک و خوێندکاران لە ڕۆژەکانی ١٨ تا ٢٣ ی پوشپەر لە لایەن خوێندکارانی شارەکانی دیکەوە پشتیوانی لێکرا. ١٨ تا ٢٣ ی پوشپەر ڕۆژەکانی هاتنە مەیدانی خەڵکی ناڕازی و دانی دروشم دژبە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرییەکەی بوو. بەم جۆرە دەکرێ خەباتی خوێندکاری و جەماوەری ئەو ڕۆژانە بە سەرەتای دەستپێکی جەماوەری بوونەوەی خەباتی ئازادیخوازانە و ڕزگاری بەخشی خەڵکی ئێران دژبە ڕژیمی ئیسلامی بزاندرێت. خەباتێک کەئاستی گەشە و بەرەوپێش چوونیمان لە حەرەکەتی بەرینی جەماوەری لە ساڵەکانی دواتردا و لە یەکێک لە شورئەنگیز ترین هەڵدانەکانیدا واتە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بینی.
لە مانگی پوشپەڕی ٧٨ دا خەڵک بە دروشمی ڕوونی دژی دیکتاتۆڕی خۆیان داخوازی نەمانی ئەم ڕژیمەیان لە ئاستی جەماوەریدا دەربڕی. بەڵام ئەم خەباتە ڕێکخراو نەبوو، و خاوەنی ڕیبەرییش نەبوو. خەڵکی وەگیان هاتوو ئەوەی کە نەیاندەویست بانگەوازیان بۆ دەکرد، بەڵام هێشتا نەیاندەزانی چیان دەوێ. ئەم حەرەکەتە گەورە و بوێرانەیە بەبێ ڕێکخراو و ڕێبەری و بێ ئاسۆی سیاسی ڕوون، کرایە ئامانجی هێرشی سازماندراوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لەو قۆناغە سەرکوت کرا. ئەگەرچی نەبەرد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ساڵەکانی دواتردا و تا بە ئەمڕۆ گەلێک هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە بینیوە، ئەگەرچی لە ڕابردوی خۆی گەلێک دەرسی بە نرخی وەرگرتوە، بەڵام هێشتا بە دەست ئەو کەموکوڕیانەوە کە بوون بەهۆی سەرکوتی خەباتی مانگی پوشپەڕی ٧٨ ئازار دەچێژێ و داهاتوەکەی لە گرەوی لابردنی ئەو کەموکورتیانە دایە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی ئاخێزەکانی خەڵکدا کردۆتەوە. بەڵام ئەم شۆڕشەش هێشتا ڕێبەریی ڕادیکاڵ و سەرتاسەری خۆی بەدی نەهێناوە. چینی ناڕازی سەرەکی کۆمەڵ واتە کڕێکاران ئەگەرچی لە ئاستێکی بەریندا لە ناڕەزایەتیەکاندا بەشدارن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە مۆری خۆیان لە ڕەوت و ئاڕاستەی ئەم خەباتە وەک چینێکی سەربەخۆ و ڕێکخراو بدەن.
بێگومان بارودۆخی دژوار و تەحەمول ناپەزیری کار و ژیانی چینی کرێکار ئەم چینە بە ناچار بەرەوڕووی موسیبەت و هەژاری وفەلاکەت دەکاتەوە. ئەم خەباتە بۆتە هێزی بزوێنەری خەبات دژبە دیکتاتۆڕی حاکم، لەسەر ئەم بەستێنە واقعیەیە کە پێشرەوانی بزوتنەوەی کرێکاری، ژنانی پێشڕەو و تێکۆشەر، مامۆستایان و خوێندکاران و لاوانی سۆسیالیست و کومونیست، لە ناخی بارودۆخی گونجاوی ئێستادا و لە ناخی هاوسەنگی هێزێکدا کە بە زەرەری ڕژیم گۆڕاوە، دەبێ دەستئەندەر کاری جەماوەری کردنەوەی دروشمەکانی دیموکراتیک، شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بن، دەستئەندەر کاری شکڵ دان بە ڕێکخراوە کرێکاریەکان بن، دەستئەندەر کاری دروست کردنی ئەو ناوەندانە بن کە خەڵکی ناڕازی بە یەکەوە پەیوەند ئەدات و دەستئەندەر کاری سەقامگیر بوونی پێگەی خۆیان وەک ڕێبەرانی ڕاستەوقینەی خەباتی ڕزگاری بەخش لە ئێران بن و ئەوەش ئەو دەرسەیە کە لە ڕووداوەکانی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ و ساڵەکانی دواتری دەبێ فێر بین.