بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی” سوبحی ئیمروز” ی چاپی تاران ڕێکەوتی ٢٩ ی مانگی خاکەلێوە ئاقا تێهرانی، سەرۆکی کوموسیۆنی فەرهەنگی مەجلیس لە قسەکانی پێش دەستوری خۆیدا لە جەلەسەی ئاشکرای مەجلیس وتوتەیەتی:” خۆزگە هومومان ئەو سوێندانەی خواردومانە کرداریمان بکردایەن و ویلایەتمان بەسەر فەقیدا نەکردایە بەڵکو ئیجازەمان بدایە ئەو ویلایەتمان بەسەردا بکات.”
لە ڕاستیدا ئاقایی یەکێک لە تایبەتمەندی نیزامە ئیستبدایەکانی وەک کۆماری ئیسلامی دەربڕی. نیزامێک کە تێیدا هیچ کەس و ناوەند و ئۆرگانێک خاوەن ئیختیار نییە. بەڵام فەقیە خاوەن ئیختیاری تەواوە و ئیجازەی هەیە دەست وەربداتە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت خوسوسی یەک بە یەکی دانیشتوانی کۆمەڵگاوە. هەڵبژاردن و پاڕڵمانیش دەورێکی بێجگە لە ئاڕایش کردنی ڕواڵەتی فەقیە نەخشێکی تریان نییە و خەڵک تەنیا ئەرکیان ئەوەیە لە وەها شانۆیەکدا یارییان پێ بکرێت.
لەم پێوەندیەدا و لە هەمان ڕۆژدا خامنەیی لە دیدار لەگەڵ کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە وەک خوێندکار ناسێندران، سەبارەت بە ڕیفڕاندۆم وتویەتی:” لەکوێی دنیا ئەم کارە دەکەن؟ مەگەر هەموو ئەو خەڵکەی دەبێ لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری بکەن ئیمکانی لێکدانەوەی ئەو بابەتەیان هەیە؟ ئەمە چ قسەیەکە؟”
ئەم ڕادەربڕینە هەمان وتە و هەمان نیگەرانی ئاقا تێهرانی بە شێوازێکی دیکە بەیان دەکات. بە وتەی ئەو” خەڵک ئیمکانی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندیان نییە“، لە حاکمیەتی ئیسلامیدا خەڵک ناتوانن تەشخیس بدەن و بڕیار بدەن.” کەوایە دەبێ کارەکە بە ئاغا بسپێرن و خۆیان گوێ لەمشت بن.” ئاغا دەتوانێ و دەبێ بە جێگای خەڵک لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بکات و ئەگەر قەبوڵیان نەکرد دەبێ دەستبەسەر و زیندانی بکرێن و ئەشکەنجە و ئازریان بدەیت و سەرئەنجام ئێعدامیان بکەی تا ببنە عیبرەت بۆ کەسانی تر.
بەڵام خامنەیی نایەوێ بزانێ کە ڕاستیە تاڵەکانی ژیان لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا، هەموو خەڵکی ستەمدیتو لە ئێرانی کردۆتە تەحلیلگەرێکی عەینی و ڕاستەقینە. هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بێکاری ملیۆنی و بێ ڕەونەقی سفرەی بنەماڵەکان، ئەو مەسیبەتە وێرانگەرانەن کە ژیانی گەلێکی بەرەو نابوودی بردوە. بێمافی و بێبەش بوون لە سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکان، بەفیڕۆچوونی هیوا و ئاواتەکان و نەمانی شادی و خۆشی لە ژیانی زۆربەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگایەدا و هیتر، ئەو ڕاستیانەن کە خەڵکی ئێران، ئەو خەڵکەی کە قوربانی حاکمیەتی ئیسلامین لە ژیاندا بە گۆشت و پێستەوە هەستیان پێکردوە. ئاوایە کە ئەم خەڵکە بەو ئاکامە گەیشتون کە ئەم حاکمیەتە بە ویلایەتەکەشیەوە سەبەبکاری سەرەکی لەنێو چوونی ژیانی ئەوانن. لە ساڵانێک لەوە پێشەوە بە لێکدانەوەی ئەم بارودۆخە و دوای بە بونبەست گەیشتنی سەرجەم هەوڵەکان بۆ ئیسلاح کردنی بارودۆخی مەوجود لە ئاستێکی جەماوەریدا بەم ئاکامە گەیشتن کە” ئیتر تەواوە ماجرا.” بە پێچەوانەی وتەی خامنەیی و باقی وڕێنەکارانی تر، ئەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانن کە” تەحلیلگەری ڕاستەقینەی ئەو ژیانە تاڵەی خۆیانن وا بڕیاریان داوە ڕاپەڕن و ڕاپەڕین و لەمڕۆدا شاهیدی ترس و نیگەرانی پاسدارانی حکومەتی دینین و هیچکامێکیشیان ناتوانن وەحشەتێکی دایگرتون بشارنەوە.
بەڵێ خەڵک ڕاپەڕیون تا حاکمیەتی خۆیان بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شیاوی ئینسانی ئەمڕۆیی، ئازاد و یەکسان دەستەبەر بکەن. زۆربەی ئەم کۆمەڵگا ویلایەت زەدەیە ئەم بڕیارەی خۆیان بە تایبەت لەم ٧ مانگیەی دواییدا لە شانۆیەکی خیابانیدا بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەردەوام نیشان داوە. و سوورن لەسەر درێژە پێدانی شۆڕشەکەیان و بە لادانی کەموکوڕی نێو ڕێزەکانیان، ویلایەتی فەقیە و حاکمیەتی دینی بە خامنەیی و جیرە خۆرەکانیەوە لە مەجلیس کە بەوپەڕی بێ ئابڕوییەوە بەم شێوەیە سوکایەتی بە خەڵک دەکەن، فڕێئەدەنە نێوزبڵدانی مێژوەوە.