کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن

sokhan 1

شەپۆلی دەستبەسەرکردنە سیاسیەکانی حکوموتی ئیسلامی لە ترس و وەحشەتی ڕژیم لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوەیە لە بارودۆخی ئێستادا. زیندانەکان و گرتوخانەکانی ئێران پڕن لەو ژن و پیاوانەی کە دروشمەکانیان ژن. ژیان. ئازادی و مردن بۆ دیکتاتۆڕە. حاکمانی جەنایەتکاری ئیسلامی زیاتر لە ٣٢٦ کەسیان لە ناڕازیان کوشتوە، بە هەزاران کەسیان بریندار و بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان لانیکەم ١٥ هەزار کەسیان زیندانی کردوە.

هاوکات نوێنەرانی خامنەیی لە مەجلیسی حکومەتیدا خوازیاری سزادان، واتە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسین. بەرپرسانی ورد و درەشتی حکومەتی هەراسان لە روخانی ڕژیم چنگ و ددان پیشان ئەدەن و خوازیاری بانترین توندوتیژیەکانن بەرانبەر بە دەستبەسەر کراوانی سیاسی.

ئامانجی ڕژیم لە دەستبەسەر کردنی بەرین و زیندانی کردنی بە هەزاران کەس لە ناڕازیان و هەڕەشەی ئێعدام لە ژمارەیەکیان، بەرگرتن لە چارەنوسێکە کە لە چاوەڕوانی کۆماری ئیسلامیدایە. بەڵام لەمڕۆدا ئەم جۆرە هەڕەشانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئاکامی پێچەوانەی هەیە. ترسی خەڵک لە زیندان شکاوە. ئاخێزی جەماوەری دوو مانگی ڕابردوو بەرەو ئەوە دەچێت تا لە درێژەی خۆیدا سەرانی کۆماری ئیسلامی لە تەختی دەسەڵات بکێشێتە خوارەوە. ئەم ڕاستیە ڕژیمی توشی وەحشەت کردوە.

ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵکی تێکۆشەر نە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکاندا و نە بنەماڵەکانیان لە دەرەوەی زیندان بە تەنیا جێ ناهێڵن.

لەگەڵ زیاتربوونی چالاکی دەستەجەمعی و ئامانجدار، پێکهێنانی کۆمیتەکان و گوروپی هاوپشتی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و بە دوور کەوتنەوە لە هەموو جۆرە تەفرەقە گەراییەک، کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی بۆ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بڵاو کردنەوەی دەقیق و بیرلێکراوەی، پێویستە دروشمی” زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن” وەحدەت بەخشی سەرجەم چالاکیەکان بێت.

کۆماری ئیسلامی لە چل و سێ ساڵی ڕابردودا بە سەدان هەزار کەسی لە زیندانە سیاسیەکاندا ئەشکەنجە و زیندانی کردوە. لە دەیەی شەست دا چەند هەزار زیندانی سیاسی لە ماوەیەکی کەمدا و بە شێوەی شاراوە ئێعدام کرد. خاوەران ناوێکی ئاشنایە بۆ خەڵک کە حکومەتی ئیسلامی تەنانەت زیندانیانی سیاسی ئێعدام کراویشی بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان و بە شاراوەیی لە لەعنەتئاوا و شوێنەکانی تر ئەسپەردەی خاک کرد.

بەبێ زیندان و زیندانی سیاسی حکومەتی ئیسلامی یەک رۆژیش لە دەسەڵاتدا نامێنێتەوە. خەبات بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی و دیفاع لە بنەماڵەکانیان هەنگاوێکی جیدییە لە خزمەت روخاندنی کۆماری ئیسلامیدا و بنیاتنانی نیزامێکیشە کە تێیدا باسێک لە ئێعدام و هەواڵێک لە بوونی زیندانی سیاسی نەبێت.پێویستە لە بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا پێ بە پێی دروشمەکانی دیکە، دروشمی” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” ببێتە دروشمێکی سەرەکی خەڵکی ناڕازی. ئەم دروشمە لە کۆنەوە یەکێک لە دروشمە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی خەباتدا لەدژی دیکتاتۆڕی بووە. ئەم دروشمە لە شۆڕشی ٥٧ دا بەر لە ڕوخانی ڕژیمیش ئاکامی هەبوو. لە رۆژی سێی خەزەڵوەری ٥٧ واتە ٣ مانگ و نیو بەرلە سەرکەوتنی شۆڕش هەزار زیندانی سیاسی بە دەستی بەتوانای خەڵک ئازاد کران.

  بێگومان بە ڕووخانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی درگای زیندانە سیاسیەکان دەشکێت و ئەو ئینسانە سەریفانەی کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری ئەشکەنجە و مەرگیان قەبووڵ کردوە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە نێو باوەشی خەڵک و بنەماڵەکانیان. بەڵام تا رۆژی کرانەوەی درگای زیندانەکان پێویستە بە ملیۆن خەڵکی ناڕازی هەموو ئەوەی لە توانایاندایە بۆ بەرگرتن لە ئێعدام و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی و بۆ ئازاد کردنیان بەکاری بێنن.