٢٧ی نوامبر بەرامبەر بە ٦ی سەرماوەز، بۆ یەکەم جارە جیهان “ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی هاوسەرگیریی منداڵان، پێشوەختە و زۆرەملێ” بەرز ڕادەگرێت. هاوسەرگیریی منداڵان یەکێکە لە کۆنترین و لە هەمان کاتدا شاراوەترین شێوەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دیاردەیەکی کە ساڵانە ملیۆنان کچ لە سەردەمی منداڵی، خوێندن، تەندروستی و مافی هەڵبژاردن بێبەش دەکات و بەربەستێکی جددییە لە بەردەم یەکسانیی جێندەریدا. ناونانی ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جارێکی تر بپرسین بۆچی لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتا منداڵان ڕەوانەی ماڵی بەخت دەکرێن و بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردەیە دەبێ چی بکرێت؟
کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٤ی سێپتامبری ٢٠٢٦دا، لە کۆتایی هەشتاهەمین خولی کۆبوونەوەکانیدا، بە کۆی دەنگی ئەندامان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە ٢٧ی نوامبری وەک ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی هاوسەرگیریی منداڵان، پێشوەختە و زۆرەملێ دیاری دەکات. لە دەقی ئەم بڕیارنامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانە پێشێلکاریی مافی مرۆڤن و هەڕەشەن لەسەر دەستڕاگەیشتنی تاکەکان بە خوێندن، تەندروستی، دەرفەتە ئابوورییەکان و بەهرەمەندبوونی تەواو لە مافەکانی مرۆڤ. بڕیارنامەکە هەروەها داوا لە حکوومەتەکان دەکات ئاوڕێک لەو پەیوەندی و هاوسەرگیرییە نافەرمییەکانەش بدەنەوە کە زۆرجار لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆمار ناکرێن، تا هەموو شێوەکانی ئەم دیاردەیە لە داڕشتنی سیاسەتە نیشتمانییەکاندا ببینرێن. ئەم ڕۆژە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئامانجی ٥.٣ی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامەوە هەیە، واتە بنبڕکردنی هاوسەرگیریی منداڵان تا ساڵی ٢٠٣٠.
ئامارەکان وێنەیەکی هەژێنەر دەخەنەڕوو. بەپێی خەمڵاندنە جیهانییەکان، ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیۆن کچ پێش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیری دەکەن، واتە نزیکەی هەر سێ چرکە کچێک. مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٦٥٠ ملیۆن ژن و کچ لە جیهاندا کە هەرئێستا لە ژیاندان لە قۆناغی منداڵیدا هاوسەرگیرییان کردبێت. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی ٢٢ ملیۆن کەس لە دۆخی هاوسەرگیریی زۆرەملێدا دەژین کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەوانە ژن و کچن. ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن کە سەرەڕای پێشکەوتنە بەرچاوەکان لە زۆر وڵاتدا، ئەم کێشەیە هێشتا بە شێوەیەکی بەربڵاو بوونی هەیە و بەو خێراییەی ئێستا، گەیشتن بە ئامانجی ٢٠٣٠ لە ئەستەم دێتە بەرچاو.
یەکێک لە یەکەمین قوربانییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە، خوێندنە. زۆرێک لەو کچانەی لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن ناچار دەبن واز لە قوتابخانە بهێنن. ئەم بێبەشبوونە نەک تەنها بەر بە گەشەی کەسیی ئەوان دەگرێت، بەڵکوو ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە کارێکی شیاو و سەربەخۆیی ئابووریشیان لێ زەوت دەکات و ڕەوتی هەژاریی دەگوازێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو.
کچانی تازەلاو ئامادەیی جەستەیی و دەروونیی پێویستیان نییە بۆ ژیانی هاوسەرگیری و دایکایەتی. دووگیانیی پێشوەختە، بەتایبەتی لەگەڵ نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە فێرکارییە سێکسی و تەندروستییەکان، مەترسیی لێکەوتەی جددی و مردن لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە پێدەدات. بەپێی هەندێک لە خەمڵاندنەکان، مەترسیی مردنی دایکانی کەم تەمەن چەند هێندەی ئەو ژنانەیە کە تەمەنیان بیست ساڵ و زیاترە. لە پاڵ ئەم مەترسییە جەستەییانەدا، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و هەستکردن بە گۆشەگیری لە زومرەی لێکەوتە باوە دەروونییەکانی ئەم هاوسەرگیرییانەن.
هاوسەرگیریی زۆرەملێ و پێشوەختە زۆر جار زەمینەسازە بۆ جۆرەکانی توندوتیژیی جێندەری. زۆرێک لە قوربانییەکان لە بەردەوام لەگەڵ مەترسی توندوتیژیی بنەماڵەیی، دەستدرێژیی سێکسی و چەوساندنەوە بەرەوڕوون. بووکی منداڵ کە باری هەتاهەتایی ئەرکی ناوماڵی دەکەوێتە سەر شان، دەرفەتی چێژوەرگرتن لە سەردەمی منداڵی و توانای بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی لەدەست دەدات. لەمڕووەوە، دەبێت هاوسەرگیریی منداڵان بە یەکێک لە نیشانە مەترسیدارەکانی منداڵئازاری و نیشانەیەک لە بەکۆیلەکردنی تازەلاوان دابنرێت.
دوای ساڵانێک لە هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی منداڵان، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٨٩دا بە پەسەندکردنی “ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ” هەموو کەسێکی خوار ١٨ ساڵی وەک منداڵ بە فەرمی ناساند. کۆمیتەی مافەکانی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەمان بنەما داوا لە حکوومەتەکان دەکات کە ئەگەر تەمەنی یاسایی لە وڵاتەکەیاندا لە ١٨ ساڵ کەمتر بێت، پێویستە بۆ ١٨ ساڵ بەرزی بکەنەوە. یونیسێف و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش ١٨ ساڵیی بە لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری دەزانن و داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکەن یاسا و ڕێسای پێویست لەم بوارەدا دابڕێژن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاویدا ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی بە مەرجێکی گشتی قبوڵ کرد، بە مەرجێک کە هەر بەشێکی ڕێککەوتننامەکە ئەگەر لەگەڵ بنەما شەرعییەکاندا ناتەبا بێت، بێکاریگەر دەکات. ڕەخنەگران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم مەرجە بەکردەوە ڕێگەی بۆ پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی منداڵان خۆش کردووە، لە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵدا بووە، تا بێبەشکردنی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە خوێندن، کاری منداڵان لە بارودۆخی سەختدا و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا.
دوای شۆڕشی ٥٧، یاسای مەدەنی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان بە ٩ ساڵ و بۆ کوڕان بە ١٥ ساڵ دیاری کردبوو و سەرپەرشتی منداڵ، کە مەبەست باوک یان باپیرە، دەیتوانی کچەکە لە هەمان تەمەنی نۆ ساڵیدا بە شوو بدات. دوای ساڵانێک لە خەباتی چالاکوانانی مافەکانی ژنان و منداڵان، ماددەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی لە سەرەتای دەیەی ١٣٨٠ی هەتاویدا هەموار کرایەوە و کەمترین تەمەنی هاوسەرگیریی کچان گەیشتە ١٣ ساڵ و کوڕان ١٥ ساڵ. سەرەڕای ئەوەش، هەر ئەم ماددەیە ڕێگەکەی کراوە هێشتەوە. هاوسەرگیری پێش ئەم تەمەنانە بە پێی ئیزنی باوک و باپیر و پەسەندکردنی دادگا، بە مەرجی “ڕەچاوکردنی مەسڵەحەت“، هێشتا ڕێگەپێدراوە. بەم شێوەیە، ئەم هەموارکردنە سنووردارەش بە “فێڵ و فریوی شەرعیی” بەکردەوە بێکاریگەر کرا و هاوسەرگیریی کچانی منداڵ، بەتایبەتی لە ناوچە بێبەش و کەم دەرامەتەکاندا، بەردەوامە.
هاوسەرگیریی منداڵان لە بۆشاییدا ڕوونادات. هەژاری و نەداریی ئابووری، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، هەژاریی فەرهەنگی، نەریتە کۆنەکان و ئەو یاسایانەی کە ئەم هاوسەرگیرییانە بە ڕەوا دەزانن، دەست دەدەنە دەستی یەک بۆ ئەوەی ئەم ڕەوتە بەردەوام دووبارە ببێتەوە. زۆرێک لەو بنەماڵانەی کە کچەکانیان بە منداڵی لە پیاوی گەورەساڵ مارە دەکەن، لەڕووی هەژارییەوە ئەو کارە دەکەن و لە لێکەوتە زۆر زیانبەخشەکانی ئاگادار نین. هەربۆیە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە پێویستی بە هەنگاوێکی گشتگیر هەیە:
• دیاریکردنی لێبڕاوانەی ١٨ ساڵی تەواو وەک لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری، بەبێ هیچ ئیستسنایەک، و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددە و تێبینییانەی کە ڕێگە بە هاوسەرگیری خوارتر لەم تەمەنەوە دەدەن.
• ناساندنی هاوسەرگیریی منداڵان وەک تاوانێکی یاسایی، لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەو کەس لایەنانەی پڕۆسەکە ڕێک دەخەن، تۆماری دەکەن یان پەرەی پێ دەدەن، لە سەرپەرشتی بنەماڵەوە بگرە تا مارەبڕەکان و هاندەرانی.
• پاڵپشتیی ئابووری بۆ بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان بۆ ئەوەی هەژاری چیتر نەبێتە بیانوو بۆ “فرۆشتنی” مناڵیی کچان.
• مسۆگەرکردنی خوێندنی بێبەرامبەر و زۆرەملێ بۆ هەموو کچان و هۆشیارکردنەوەی بنەماڵەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکان سەبارەت بە لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە.
• بەدواداچوون بۆ هاوسەرگیرییە نافەرمی و تۆمارنەکراوەکان، هەر وەک چۆن بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر کردووەتەوە.
واقعییەت ئەوەیە کە، هەتا ئەو کاتەی ئەو پێکهاتە یاسایی و سیاسییەی کە شەرعییەت دەبەخشێت بەم هاوسەرگیرییانە و بەرهەمیان دەهێنێتەوە بەردەوام بێت، ڕیفۆرم چاکسازییە بچووکەکان بەس نابن و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی پێویستە.
ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی هاوسەرگیریی منداڵان، بانگەوازێکە بۆ کردار. کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا منداڵان بتوانن لە ئارامی و ئاسایشدا چێژ لە منداڵیی خۆیان ببینن، تواناکانیان گەشە بکات و هەژاری و نەریت لەدژی بەرژەوەندی و مافەکانیان بەکار نەهێنرێت، تەنها بە ئیرادەی بەکۆمەڵ مسۆگەر دەبێت.
