کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جوانی بە زەبری قامچی سەرکوت ناکرێت کاتێک دەسەڵات لە دەنگی ژنێک دەترسێت

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۱ ۲۶ ۱۰ ۴۵ ۲۷ ۵۷۲ com facebook katana edit

کاتێک دەسەڵات لە گۆرانیی و ئاوازی ژنێک دەترسێت، کاتێک مۆسیقا بە تاوان و جوانی بە هەڕەشە دەزانێت و کاتێک بۆ کپکردنی دەنگێک پەنا دەباتە بەر قامچی، ئیتر بابەتەکە تەنها سەرکوتی هونەرمەندێک نییە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسییە لەگەڵ ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و مافی ژیان.

ڕۆژی دووشەممە دووی سەرماوەزی ١٤٠٥، لە بەشی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای قوم، جەستەی پێنج هونەرمەن درایە بەر قامچی: پەرەستوو ئەحمەدی، گۆرانیبێژی گەنجی ئێرانی، و چوار کەس لە هاوکارەکانی، سوهەیل فەقیە نەسیری، ئەمین تاهیری، ئەمیرعەلی پیرنیا و موحسین لەشکەری. هەریەکەیان ٧٤ قامچییان لێدرا. هەواڵەکە لەلایەن مستەفا نیلی، پارێزەرەوە، ڕایگەیاندرا و ئەو دەزگایەی کە ناوی خۆی ناوە “دەزگای داد“، تەنانەت ئەرکی بلاوکردنەوەی فەرمی ئەو هەواڵەی بە خۆی نەدا. تۆمەتەکە چیی بوو؟ “بریندارکردنی عیفەت و ڕەوشتی گشتی لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نائەخلاقی و دژ بە ڕەوشت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا“. کاتی جێبەجێکردنەکەش؟ ڕێک لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان. وەک ئەوەی دەسەڵات ویستبێتی پەیامێکی ڕوون بۆ جیهان بنێرێت ئەویش ئەوەیە کە: ئێمە هەر ئەوەین کە بووین.

جێبەجێکردنی ئەم حوکمە جارێکی تر پەردەی لەسەر سروشتی توندوتیژانەی سیستەمێک لادا کە دوای نزیکەی نیو سەدە لە دەسەڵاتداری، هێشتا لەگەڵ سەرەتاییترین دەرکەوتەکانی ئازادیی مرۆڤدا کێشەی هەیە. تاوانی ئەم هونەرمەندانە چی بوو؟ گۆرانی وتن، ژەنینی مۆسیقا، ئامادەبوون لە بینایەکی مێژووییدا و بڵاوکردنەوەی نمایشێکی هونەری بۆ جەماوەرێکی کە خوازیاری بیستنی دەنگیان بوون. ئایا لە جیهانی ئەمڕۆدا دەکرێت بهێنرێتە بەرچاو کە نمایشێکی مۆسیقا، بەبێ توندوتیژی، بەبێ هەڕەشە و بەبێ دەستدرێژی بۆ سەر مافی ئەوانی تر، ببێتە پەروەندەیەکی دادوەری و لە کۆتاییدا بە قامچی کۆتایی بێت؟

پەرەستوو ئەحمەدی و هاوکارەکانی نە چەکیان هەڵگرتبوو، نە ئەمنییەتی کەسیان خستبووە مەترسییەوە و نە هیچ مەترسییەکیان بۆ کەس دروست کردبوو. ئەوان بە زمانی هونەر قسەیان کردبوو، زمانێکی کە لە سنوورە سیاسی، ئایینی و جوگرافییەکان تێدەپەڕێت و مرۆڤەکان لە ڕێگەی سۆز، یادەوەری، جوانی و ئەزموونی هاوبەشەوە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. بەڵام هەر ئەم زمانە بۆ دەسەڵاتێکی کە دەیەوێت بیرکردنەوە، هەڵسوکەوت و تەنانەت هەستەکانی کۆمەڵگەش کۆنترۆڵ بکات، بووەتە شتێکی تەحەمول نەکراو.

“کۆنسێرتی کاروانسەرا” لە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ لە کاروانسەرای مێژوویی دێرگچین بەڕێوەچوو. پەرەستوو ئەحمەدی بەبێ حیجابی زۆرەملێ و لەگەڵ گرووپێک لە ژەنیاران، چەند پارچە مۆسیقایەکی پێشکەش کرد کە لە ڕووی مۆسیقایی و فەرهەنگییەوە پەیوەندییان بە یادەوەریی مێژوویی و سۆزداریی کۆمەڵگەی ئێرانییەوە هەبوو، لە ئاوازی “مرا ببوس“ەوە تا “از خون جوانان وطن“. ئەم نمایشە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و لەگەڵ پێشوازییەکی بەربڵاوی بینەران بەرەوڕوو بووەوە. ئەوەی لەم بەرنامەیەدا گرنگ بوو، تەنها دەنگی گۆرانیبێژەکە یان کوالێتیی نمایشەکە نەبوو، خودی ئەگەری بەڕێوەچوونی ئاوا نمایشێک، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە دەزگا ئایدۆلۆژییەکان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێسا سەپێنراوەکان، مانایەکی بەرفراوانتر لە بەرنامەیەکی هونەری بەرفراوانتر وەرگرتبوو. کۆنسێرتێکی بێ بینەر، لە کاروانسەرایەکی چۆڵدا، کە ملیۆنان کەس بینییان، و دەسەڵات ڕێک نەیتوانی لەوە خۆش بێت کە ژنێک، بەبێ مۆڵەت، توانی دەنگی بگەیەنێتە گوێی جەماوەرەکەی.

بەڵام ڕیاکاریی بابەتەکە لە خودی حوکمەکە بەئازارترە. هەمان ئەو دەسەڵاتەی گۆرانیی پەرەستوو بە “سوک و بێ شەرمی” ناودەبات، بەمەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ کۆبوونەوەکانی شەوانە لە تاران، وێنەکانی جولیا پێترێس، گۆرانیبێژی لوبنانی، بەبێ حیجاب دەهێنێتە سەر شاشە. کەواتە بابەتەکە نە “عیفەتی گشتی“یە و نە “بەدڕەوشتی“، بەڵکوو ئەوەیە کە دەنگەکە هی کێ بێت و لە خزمەتی کێدا بێت. ژنی گۆرانیبێژ تا ئەو کاتە ڕێگەپێدراوە کە بڵندگۆی دەسەڵات بێت، بەڵام هەر کاتێک ئاواز بۆ خەڵک بچڕێت، تاوانبارە.

“ئازاری ئەم قامچییانە نەک ب

لەسەر جەستەی تۆ“

ئەمیر ئەحمەدی، باوکی پەرەستوو، لە پەیامێکدا کە دڵی هەر خوێنەرێک دێنێتە لەرزە، بۆ کچەکەی نووسی کە لێدانی قامچی لە جەستەی ئەو “جێبەجێکردنی دادپەروەری نییە“، بەڵکوو “هێمای ستەمە لە هونەر و ژنانی ئەم وڵاتە“. باوکێکی کە دەبێت ئازاری جگەرگۆشەکەی تێکیبشکێت، باس لە شانازی دەکات: شانازی بە کچێکەوە کە گەنجێتی و ئارامیی خۆی کردە قوربانیی ئاواتی هاوجیلەکانی. ئەو وەبیری دەهێنێتەوە کە “ئەم قامچییانە نەک هەر جەستەی تۆ، بەڵکوو جەستەی هەر مرۆڤێکی بەشەرەفی ئازاردا کە لێت تێگەیشت.”

ئەم باوکە، بە تاڵییەکی کە لە وشەکاندا ناگونجێت، دوو وێنە دەخاتە پاڵ یەک: فەڕشێکی سووری کە بۆ بەناو “هونەرمەند“ە گوێڕایەڵەکان ڕادەخرێت، و قامچییەکی کە بوو بە بەشی هونەرمەندێک کە لەگەڵ جەماوەرەکەی مایەوە و بوو بە هاودەردیان. و لە کۆتاییدا بەڵێنێکیش دەدات کە دەبێت بە هەند وەربگیرێت: کات تێدەپەڕێت و مەرهەمی برینی ئەم قامچییە، “زەردەخەنەی سەرلێوی ئەو جەماوەرە دەبێت” کە شانازی بە بوێری و هونەرەکەیەوە دەکەن.

کەیهان کەلهوڕ، ئاوازدانەر و ژەنیاری ناوداری کەمانچە و براوەی خەڵاتی گەرمی، بێدەنگ نەبوو. ئەو لە ئینستاگرام ڕوو لەم پێنج هونەرمەندە نووسی: “سەرتان بەرز ڕاگرن چونکە ئێستا لەسەر سەکۆی دڵی جەماوەر دانیشتوون.” کەلهوڕ ئەوەی وەبیری هێنایەوە کە ئەمە یەکەم جار نییە “ئەم شەمشەمەکوێر و کۆنەپەرەست و دژە جوانییانە جەستەی ڕووناکی مۆسیقا و شیعر و فەرهەنگ دەدەنە بەر زەبری قامچی.” ئەو جەختی کردەوە کە لە ڕۆژگارێکدا خەڵک لەژێر گوشاری بژێوی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتیان چەماوەتەوە، لێدانی قامچی لەم هونەرمەندانە ئازارێکی نوێی خستووەتە سەر ئازارەکانی کۆمەڵگە.

ئەو وتەیەی کەلهوڕ تەنها دەربڕینی هاوخەمییەک نییە، بەڵکوو حوکمێکی مێژووییە. دەسەڵات وای زانی بە قامچی ئەم هونەرمەندانە لە مەیدان بەدەردەکات، بەڵام ئەوان ئێستا لەسەر سەکۆی دڵی خەڵک وەستاون، سەکۆیەکی کە هیچ دادگایەک توانای مۆرکردن و داخستنی نییە.

کاردانەوەکان تەنها لە کەلهوڕدا نەبینرا. خانەی مۆسیقای ئێران، کە دامەزراوەیەکە لە ناوخۆی وڵاتدا چالاکی دەکات، جێبەجێکردنی ئەم حوکمەی ئیدانە کرد و داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ و شەفافی ئەو ڕووداوەی کرد، هەمان ئەو دامەزراوەی پێشتر لە دەزگای دادی بیستبوو کە حوکمەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. هانا کامکار سزای قامچیی بە نامرۆڤانە و دواکەوتووانە ناوبرد و مەهدی یەڕاحی، کە خۆی ڕۆژێک بە هەمان ئەو ٧٤ زەبرە قامچییە حوکم درابوو، ویدیۆی کۆنسێرتەکەی پەرەستووی دووبارە بڵاوکردەوە. زەینەب زەمان، کچی زیندوویاد حوسێن زەمان، ئاماژەی بە خاڵێک کرد کە هەموو ئەم کارەساتە لە یەک ڕستەدا کورت دەکاتەوە: کۆنسێرتەکە مەجازی بوو، بەڵام قامچییەکە ڕاستەقینە. لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر لێدانی قامچیی بە نموونەی ئەشکەنجە ناوبردبوو و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم سزایەیان بە کردەیەکی قێزەون و ئەشکەنجە وەسف کرد.

دەسەڵاتێکی کە بۆ وەڵامدانەوە بە گۆرانییەک پەنا دەباتە بەر قامچی، بەر لە هەر شتێک بێتوانایی خۆی سەلماندووە. قامچی ئامرازی کەسێکە کە هیچ پاساوێکی نییە، مەشروعیەتی نییە و ئیتر ناتوانێت دڵەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە هێرش دەکاتە سەر جەستەکان. بەڵام مێژوو پڕە لەو دەنگانەی کە ویستیان بێدەنگیان بکەن و بەرزتر بوونەوە. هەر زەبرێکی کە لە جەستەی پەرەستوو ئەحمەدی و هاوکارەکانی درا، زەبرێک بوو لە پاشماوەی ئابڕووی سیستەمێکی کە ئاوازی ژنێک ترسی مەرگی خستووەتە جەستەی.

بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا، بەمانای هاوبەشیکردنە تێیدا. دەبێت بە دەنگێکی بەرز ناوی پەرەستوو ئەحمەدی، سوهەیل فەقیە نەسیری، ئەمین تاهیری، ئەمیرعەلی پیرنیا و موحسین لەشکەری بهێنرێت، دەبێت نمایشەکەیان دووبارە ببیسترێت و سەرلەنوێ بڵاو بکرێتەوە، پێویستە لە هەر ناوەندێکی فەرهەنگی، هەر هونەرمەندێک و هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز داوا بکرێت کە ئەم قامچییە محکووم بکات. چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ئاواز و گۆرانیی ژنێک تاوان بێت، سبەی ڕۆژ هەناسەدانی هەر یەکێک لە ئێمە دەبێتە تاوان.