کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، بەرپرسانی ڕژیمی توشی وڕێنەکردن کردوە

درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دژبه‌ كۆماری ئیسلامی له‌ چه‌ند شار 2

یەکێک لە نیشانەکانی گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵک لە ئاخێزی ئەمجارەدا لە ئێران، سەرلێشێواوی و ناکۆکوێژی سەرانی کۆماری ئیسلامییە. کەمتر لە دوو مانگ ناڕەزایەوتی و مانگرتنی گشتی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامی، سەرانی حکومەت، فەرماندەکانی سپا، کاربەدەستانی ئەمنیەتی و شەبەکەی ئاخوندە زۆر وێژەکانی توشی وڕێنەکردن کردوە.

  وتەبێژی دەوڵەت بەوپەڕی ڕووداریەوە شان هەڵئەتەکێنێ و ئەڵێ:” دەمانتوانی هەموو ناڕازیەکان بکوژین بەڵام نەمانکوشتن!” فەرماندەی ئەڕتەش دەڵێ:” ٩٩ لەسەدی خەڵک لایەنگری ویلایەتی فەقین و ئامادەن بۆ ئەوەی گیان بدەن لە پێناویدا.” بەرپرسی قوەی قەزاییە دەڵێ:” ٨٥ لەسەدی خەڵک حکومەتیان قەبوڵە و زیاتر لە ٩٠ لەسەدیان خوازیاری حیجابی زۆرملێن.” سەلامی فەرماندەی سپا دەڵێ:” یەک لەسەدی خەڵک نەیاری ڕژیمن و باروودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دایە و جێگای هیچ نیگەرانیەک نییە!” حەسەن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی لە رۆژنامەی کەیهان دەڵێ:” روخانی ڕژیم دەبێتە هۆی کرانەوەی دەروازەکانی دۆزەخ، هەڵوەشانەوەی حیجابی ئیجباری، لەتبوونی ئێران و بە یاسایی بوونی هاوڕەگەز خوازی!” بەشی زۆری نوێنەرانی عەلی خامنەیی لە مەجلیسی ئیسلامی خوازیاری بە” موفسیدی فی الئەرز” ناساندنی نەیارانی ڕژیم و ئێعدام کردنیانن.

وەزاڕەتی دەرەوە، فەرماندە نیزامیەکان، کابینەی ڕەئیسی و باقی سەرانی هەرسێ قوە یەک لەدوای یەک سوخەنڕانی دەکەن، و وڵاتانی ئوروپایی و رۆژئاوایی بە هۆکاری ئەم ئاخێزە دەزانن. ڕاوێژکارانی خامنەیی هەڕەشە لە وڵاتانی عەڕەبی کەنداو دەکەن. هاوکات لەگەڵ هەڕەشە کردنی بە ئاشکرا لێێان، پیامی شاراوەشیان بۆ دەنێرن و ئامادەیی خۆیان بۆ سازان و پێکهاتن نیشان ئەدەن.

لە لایەکی دیکەوە لە بەرانبەر ئەم سەرلێشێواوی و ناکۆکوێژیە ئاشکرایەدا، خەڵکیش پەیامی تایبەتی خۆیان هەموو شەو و ڕۆژێک  بۆ بەیتی خامنەیی، شەخسی ویلایەتی فەقی بە ڕۆشن ترین شێوە دەنێرن، جنێوفرۆشانی حکومەتیش پەیامەکانی خەڵکی ناڕازییان بە بێ ئەدەبی ناوبردوە.

  خەڵک زیاتر لە ڕابردوو بەیەکەوە یەکگرتو و هاودەنگن و شەپۆلی بێ هیوای و نیگەرانی لایەنگرانی حکومەتی داگرتوە. بە بەراورد بە سیما و ڕواڵەتە داتەپیوەکانی بەرپرسانی ڕژیم، خەڵک شادمانن لەو سەرکەوتنانەی بەدەست هاتون، و زیاتر لە هەمیشە هیوادارن بە ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی. فەزای هەڵپەڕین و شایی لاوان لەسەر شەقامەکان سیمای شارەکانی گۆڕیوە.

  حکومەتی ئیسلامی نە پێگەیەکی پتەو و جێگای دڵنیایی لە نێوخۆدا هەیە و نە هاوپەیمانانێک لە دەرەوە کە بتوانێ بەبێ دانی بەرتیل و یارمەتی ماڵی دڵ بە پشتیوانی ئەوان خۆش بکات. هەموو دیاردە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دەرخەری ئەوەن کە حکومەتی ئیسلامی لە بارودۆخێکی زۆر ناسەقامگیر دایە و بە پەرەسەندنی زیاتری ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە چەند مانگی داهاتودا، لێکهەڵوەشانی حکومەتی ئیسلامی ئەگەرێکی جیدی و بەهێزە.

سەرانی ڕژیم خۆشیان بە باشی لێیان حاڵی بووە کە بەم شێوازەی تا ئێستا گرتویانەتەبەر ناتوانن دەرێژە بە دەسەڵاتداری بدەن. بەردەوامی، هەمە جۆر بوون و سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی ناڕەزایەتیەکان، شۆڕشی گەلانی ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ قوڵتر و بەرینتر دەکاتەوە. روخانی حکومەتی ئیسلامی مەتڕەح ترین و گشتگیرترین داخوازی خەڵکی ئێرانە.