کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێڵی هەژاری نیسبی، زیاتر لە هەژدە ملیۆن تمەنە لە ساڵدا!

فقر نسبی بیش از هیجده ملیون تومان در ماه است

  فەرامەرز تۆفیقی، سەرۆکی کۆمیتەی حەقدەستی کانونی شۆڕا ئیسلامیەکانی کار ڕایگەیاند: لە ئێستا دا هێڵی هەژاری نیسبی بنەماڵەیەک لە ئێران گەیشتۆتە ١٨ میلۆن و ٢٩٠ هەزار تمەن و جەستەی کۆمەڵگەی کرێکاری ئێران لە ڕوانگەی بەڕێچوونەوە وەک نەخۆشێکە کە بە ١٠ لەسەدی قەلبیەوە دەژی.

  بە پێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی ئیقتیساد، بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ئامارە، نیوەی جەمعیەتی ٨٥ ملیۆنی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە شوڕای باڵای کار لانیکەمی حەقدەستی لەمساڵدا ٤ ملیۆن و ١٧٩ هەزار و ٧٥٠ تمەن دیاری کردوە. ئەم ڕاستیە کاتێک هەژێنەر تر دەبێت کە بزانین لەسەر بنەمای ئامارە ڕەسمیە حکومەتیەکان نزیک بە ١٥ لەسەد لە کرێکاران لە ئێران بەبێ بەهرەمەند بوون لە هیچ مافێکی بیمەی بێکاری و ئەم حەقدەستە کەمە دیاریکراوەش وەرناگرن. ئاماری ڕاستەقینە لەم بارەوە، بەتایبەت سەبارەت بە لاوانی خوێندەوار گەلێک زیاترە لەم ڕەقەمە.

  لەسەر بنەمای ئامارە دەوڵەتیەکان تا مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠١ نرخی مادەی خۆراکی لە ئێران بەراورد بە ساڵی پێشو ٤٣ لەسەد زیادی کردوە. گرانی، بێکاری و هەژاری لە ئێران لەوپەڕی خۆیدایە و دوکتەر حسەینی مامۆستای زانکۆی تاران لە بەرنامەیەکدا کە لە تەلەویزیۆنی کۆماری ئیسلامیەوە بڵاو بۆوە، دەڵێ کە حەوت دەهەک لە جەمعیەتی هەشتاو چوار ملیۆنی ئێڕان بەهەژاری و نەداری دەژین. ئەم بارودۆخە فەلاکەت بارە لە حاڵێكدایە کە بە ملیارد دۆلار لە بوجەی وڵات خەرجی سەرکوت لە نێوخۆ و تیرۆریزم لە دەرەوە دەکرێت. بە ملیارد دۆلار خەرجی ناوەندە مەزهەبی و نزیک بە یەک ملیۆن ئاخوند و تەڵەبە دەکرێت. بۆ نمونە بە پێی ڕاپۆرتی پیشەسازی و بازرگانی: بوجەی” گەشتی” ئیڕشاد لە ساڵێ ١٤٠١ بڕی یەک هەزار میلیارد تمەن بووە. ئەم ڕەقەمە بەرابەرە بە ” دوو بەرابەر و نیوی بوجەی ئۆرژانسی وڵات، دوو بەرابەری بوجەی کانونی پەروەرشی منداڵان و تازەلاوان و یەک بەرابەر و نیوی بوجەی زانکۆی سەنعەتی شەریفە”.

  هەزار ملیارد تمەن خەرجی گەشتی ئیڕشاد دەکرێت تا لاتولوتە ئیسلامیەکان بەرداتە گیانی ژنان و پیاوان، و بە تایبەت لاوان. گەشتی ئیڕشاد بۆتە ماشێنی ئەشکەنجە و کوشتاری بە ملیۆن کەس لە ژنان و پیاوانی وڵات کە خوازیاری هەڵپێچرانی یاسای ئیسلامی و دادگایی کردنی حاکمانی گەندەڵی ئیسلامی ئێڕانن.

  حکومەتی ئیسلامی، ئاخوندە دەوڵەتیەکان، ناوەندە نیزامی و ئەمیەتیەکان کە دەستیان بەسەر ئابووری وڵات دا گرتوە بەرپرسی ڕاستەوخۆی گرانی، بێکاری و بەرز بوونەوەی ڕێژەی هێڵی هەژارین. کاتێک کە هێڵی هەژاری گەیشتۆتە زیاتر لە ١٨ ملیۆن تمەن و تەنیا لە جەریانی بڕانی ئینتێرنێتدا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس بەرەوروی بێکاری و یان گرفتی جیدی ئابووری بوونەتەوە، داهات و بیمەیەکیشیان نییە، ئەوکاتە دەزانی کە ئەم خەڵکە بەرەو رووی چ دژواریەکی کەمەر شکێن بوونەتەوە و بۆچی بەم چەشنە سینگی خۆیان ئەدەنەبەر گوللە ی ڕژیم لەسەر شەقامەکان. خەڵکی کرێكار و زەحمەتکێش و زۆرلێکراوی ئێران بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە فەلاکەت بارە چارەیەکیان بێجگە لە شۆڕش و تێکەوەپێچانی ڕژیمی گەندەڵ و تاڵانچی حاکم نییە.

  خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی خەباتە بۆ ڕزگار کردنی ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لە هەژاری و بێکاری، لە بێبەشی و بێماڵی، لە گرانی و دەیان کێشە و گرفتی گەورە و بچوکی دیکەی کۆمەڵایەتی.