کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  ژینا، ژن و شۆڕشێکی کە لە ئارادایە

55b7d67b7446b463b7fb804a8cb4d2f0 L

ژینا، ژن و شۆڕشێکی کە لە ئارادایە

  

  رۆژی چوارشەممە چواری مانگی ڕەزبەر، بە دەیان هه زار کەس لە خەڵکی شاری سەقز و باقی شارەکانی کوردستان و ئێران لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز، له سه ر گڵکۆی ژینا کۆبوونەوە تا هاوخەمی خۆیان بۆ بنەماڵەی ئەو و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی نیشان بدەن. ئەم خەڵکە ناڕازییە لە کۆبوونەوەیەکی بێ وێنەدا جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامیان مەحکوم کرد و خوازیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری بوون. خەڵک دروشمیان ئەدا:” کوردستان، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان”، ” ئازادی، ئازادی، ئازادی”، ” ئێمە هەموومان مەهساین”. هاوکات زۆربەی شارەکانی کوردستان لە مانگرتنێکی گشتیدا بوون و هەروەها خۆپیشاندان لە زیاتر لە ٣٠ زانکۆی ئێران لە ئارادا بوو.

  ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەند رۆژ لەوە پێشەوە هێندێک ئامادەکاری بۆ بەرگرتن لەم کۆبوونەوەیە دەست پێکردبوو. لە یەکەم هەنگاودا بنەماڵەی ژینا ئەمینی خستە ژێر گوشارەوە تا ڕایبگەیەنن کە لە چلەی گیانبەختکردنی کچەکەیاندا هیچ مەڕاسمێک بۆ ڕێزگرتن لێی بەڕێوەناچێت. هەڕەشەیان لە باوک و خاڵی ژینا کرد و داماوانە ڕایانگەیاند کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی هەر ڕێوڕەسمێکدا گیانی ئەشکان، برای ژینا دەکەوێتە مەترسیەوە.

  ڕژیم لە چەند رۆژ پێشترەوە، هێزی سەرکوتگەری زیاتری لە نێو شاری سەقز و لەسەر ئەو ڕێگایانەی دەچنە نێو شارەوە جێگیر کردبوو. هێزەکانی ڕژیم شاریان گەمارۆ دابوو، لە نێو شاریشدا وەک هێزێکی داگیرکەر دەستیان کردبوو بە دروست کردنی کەش و هەوایەکی پڕ لە ترس و وەحشەت و بۆ فەزاسازی تەقەیەکی زۆری بێ هۆ و بێ ئامانجیان کرد لە شەوی بەر لە بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکەدا.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خەڵکی شار و ئەو میوانانەی لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتبوون، سه ره رای  داخرانی ڕێگاکان، مەودایەکی ٨ کیلۆمیتریان بە دەشت و ڕێگاکانی کەنار رووباری شاردا بە پێ بڕی و خۆیان گەیاندە ئاوایی ئایچی. ڕیزێکی دەیان هەزار کەسی گەورە، لە ژن و پیاو و پیر و لاو لەسەر جادەی سەقز- بانە پێکهات. ئەم ڕیزە گەورەیە لە جەماوەر وەبیر هێنەرەوەی ڕێپێوانی خەڵکی شاری سەقز ی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەریوان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨ دا بوو. خەڵکی کوردستان خاوەنی گەلێک ئەزمونی لەم چەشنەن. پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی شارەکانی دیکە و ئامادە بووون لە کاتێکدا کە خەڵکی شارێک پێویستیان بە پشتیوانی و یارمەتی هەیە.

  ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و بزوتنەوەی ملیۆنی خەڵکی ئێڕان لە شاری سەقز و لە گوڕستانی ئایچیەوە دەستی پێکرد، و لە ماوەی رۆژێکدا سەرتاسەری کوردستان، ئێران و دنیاشی گرتەوە. ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی لە لایەن دەیان هەزار کەسەوە، یەکێتی و یەکگرتوویی خەڵک لەدژی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی بەهێز کردوە و هیوا بە سەرکەوتنی لە نێو خەڵکدا جیدی تر کردوە. کۆمەڵە لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی ڕاگەیاند سەبارەت بە بەڕێوەبردنی مەڕاسمی چلەی جگەرگۆشەکەیان کە مەزڵومانە لە گرتوخانەی پۆلیسی بەناو ئەخلاقی کۆماری ئیسلامیدا کوژرا، ڕاگەیاند و داوای لە خەڵکی کوردستان کرد ئەو جۆرەی کە شایانی ئەو خۆشەویسته یە، که وا ناوی بۆتە ڕەمزی بەرپا بوونی شۆڕش، و سەرجەم ئەو لاو و تازە لاوانەی کە لە ماوەی چل رۆژی ڕابردودا بە دەستی هێزە جەنایەتکارەکانی کۆنەپەرستی گیانیانبەخت کرد، ڕیوڕەسمی ڕێزلێنان بەڕێوەبەرن.

  سەرانی حکومەتی ئیسلامی ئەزمونی شۆڕشی ساڵی ٥٧ یان هەیە و دەزانن کە واتای ئەم جۆرە مەڕاسمانە چیە و بە ڕوونی ئاگادارن بەشوێن هەر جەنایەتێکی هاوشێوەی کوشتنی ژینا ئەمینیەکان و نیکاکاندا، قین و تورەیی خەڵک پەرەدەستێنێ و  ئاخێزی جەماوەر ئاستێکی گەورە و بەرینتر بە خۆیەوە دەگرێت.

کۆمەڵە جارێکیتر هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی بەڕیزی ژینا ئەمنی و سەجەم خەڵکی شەریف و تێکۆشەری شار و ئاواییەکانی سەقز ڕادەگەیەنێ. ئێمە دڵنیاین یەکێتی و هاوپشتی و عەزم و ئیرادەی لێبڕاوانەی خەڵکی کوردستان و ئێران، دەبێتە هۆی رووخانی حکومەتی ئیسلامی و هاتنەدی ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی باشتر و دەستەبەر بوونی دروشمی مێژوویی ژن ژیان ئازادی.

  بەرز و بەڕیز بێت یادی ژینا ئەمنی و سەرجەم گیانبەخکردوانی ڕێگای ئازادی.