کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خۆپیشاندانی بێڕلین مژدە بەخشی خۆپیشاندانی ملیۆنی لە شەقامەکانی تاران

IMG 20221023 101547 832

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی لە سی و شەشەمین رۆژیدا لە نێوخۆ و دەرەوەی ولات شەممەیەکی پڕ لە شور و شەوقی تێپەڕکرد. لە حاڵێکدا کە سەرانی ڕژیم ئیدیعا دەکەن و دەیانوت بڵێسەکانی ئەم بزوتنەوەیە بەرەو دامرکانەوە دەچێت و کپیان کردۆتەوە، رۆژی شەممە ٣٠ی مانگی ڕەزبەر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات شاهیدی بەڕێوەچوونی گەلێک دیمەنی گەورە و دڵخۆشکەر بووین لە خۆپیشاندان و مانگرتنی خەڵک کە بەدەست سوڵتە و دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیەوە وەگیان هاتوون. خۆپیشاندانی خیابانی لە لانیکەم بیست شاری ئێران بەڕێوەچووە. مانگرتن و خۆپیشاندان لە بیست ناوەندی زانکۆیی ئێران هەروا لە ئارادا بووە. لە کوردستانی شۆڕشگێڕ شارەکانی سەقز و سنە، بانە، بۆکان، مەریوان و مهاباد لە مانگرتنی گشتیدا بوون.

لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی دنیا لەوانە بێڕلین، ئیستکهۆڵم، پاریس، سیدنی و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندانی گەورە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو. لەم نێوانەدا کۆبوونەوەی گەورە و بەرینی بێڕلین لە شێوەی خۆیدا لە ئاستی جیهانی و لەم ساڵانەی دواییدا لە ئوروپا بێ وێنە بوو. سەرچاوە جۆراو جۆرەکان ژمارەی بەشدارانی ئەم خۆپیشاندانە بە زیاتر لە سەد هەزار کەس بەراورد دەکەن. ئاوا خۆپیشاندانێک بەم ژمارە گەورە و بە دروشمگەلی ڕوون و ئاشکرای خەڵک بەدژی کۆماری ئیسلامی دەبێ بوومە لەرزەیەکی خستبێتە کۆشکی دەسەڵاتی حاکمانی ئیسلامیەوە لە ئێران.

بەشدارانی ئەم کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەی بێڕلین بە بەدەستەوە گرتنی پلاکارد و وێنەی ژیان ئەمینی و باقی گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ئێران و دانی دروشم لەدژی حکومەت و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی خامنەیی، هەستی هاوپشتی خۆیان بۆ ناڕازیانی نێوخۆی وڵاتا پیشاندا. لە ڕیزی یەکەمی ئەم خۆپیشاندانە بەرینەدا لە بێڕلین بنەماڵەی گیانبەختکردوانی فرۆکە ئۆکڕاینیەکە ئامادە بوون.

  کۆماری ئیسلامی ساڵانێک بوو بە خەرج کردنی هەزینەی میلیارد دۆلاری، کەسانی نزیک لەخۆی بۆ کردنەوەی ناوەندی مەزهەبی و سیخوڕی، بۆ پوڵشویی و لۆبی گەری ڕەوانەی ڕاڕەو و داڵانی دەسەڵاتی وڵاتانی رۆژئاوایی، و بۆ نفوز کردنە نێو ڕاگەیەنەر و ناوەندە ئاموزشی و توێژینەوەکانی ئوروپا و ئامریکا کردبوو. ڕژیم وای پیشان ئەدا کە زیاتر لە شەش ملیۆن کۆچبەر و پەنابەر خەریکی ژیانی خۆیانن و کاریان بە بابەتی نێوخۆی وڵات نییە. لە هەمانحاڵدا ئاگاهانە گوشاری دەخستە سەر چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، هونەری تا ئێران بەجێبێڵن و گرنگیەکی ئەوتۆشی بە نەیارانی دەرەوەی وڵات نەئەدا.

  بەڵام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی یەک مانگی ڕابردوو لە دەرەوەی وڵات هەموو حیسابات و تەسەوراتی ڕژیمی کردۆتە بڵقی سەرئاو، لە ماوەیەکی کورتدا خۆپیشاندانی چەند دەهەزار کەسی نەیارانی ڕژیمی ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات ئاستێکی وەها بەرینی بە خۆیەوە گرت کە لە مێژووی رۆژئاوا و ئوروپاشدا بابەتێکی نوێیە. خۆپیشاندانی زیاتر لە پەنجا هەزار کەسی لە تۆڕنتۆی کانادا و زیاتر لە سەد هەزار کەسی لە بێڕلین حیساباتی حکومەتی ئیسلامی توشی ئاڵوگۆڕی جیدی کردوە.

خەڵکی نێوخۆی ئێران خۆپیشاندانی سەدان هەزار ئێرانی لە سەرجەم ناوچەکانی دنیا بۆ دیفاع لە خەباتی خۆیان دەبینن و ورەی لێوەردەگرن و هێزەکانی ڕژیمیش بە بینینی ئەم جەماوەرە بەرینە لە نەیاران لە دەرەوەی وڵات، تووشی ترس و نیگەرانی دەبن.

  لە هەمانحاڵدا خەڵکی نێوخۆی ئێران دەبینن کە سەدان هەزار خۆپیشاندەری ئێرانی لە شەقامەکانی ئوروپا، ئامریکا، ئوستڕالیا و کانادا بە پشتیوانی پۆلیس و بەبێ هیچ تێکهەڵچەەن و توندوتیژیەک خۆپیشاندان بەڕێوەدەبن. خەڵک ئەم خۆپیشاندانانە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی نێوخۆدا بەراورد دەکەن کە تا ئێستا چەند سەد کەسی لە لایەن ڕژیمەوە تێدا کوژراوە، بە هەزاران کەسی تێدا بریندار و بە دەیان هەزار کەسیشی تێدا دەستبەسەر و ئەشکەندراوە.

خۆپیشاندانی دوێنێی بێڕلین و ئەم قەبارە گەورەیە لە جەماوەری بەشدار بوو تێیدا، مژدە بەخشی توانایی ڕێکخستنی بە ملیۆن خەڵکی ڕاپەڕیوە لە نێوخۆی وڵاتدا، و سەرەتای پڕۆسەی ڕوخانی کۆماری ئیسلامییشە.