ڕۆژی شەممە دووی مانگی ڕەزبەر ساڵی نوێ خوێندن لە ئێراندا دەست پێدەکات. لەم ڕۆژەدا زیاتر لە 15 ملیۆن منداڵ و تازەلاو و زیاتر لە 4 ملیۆن خوێندکاری زانکۆ، هاوکات لەگەڵ یەک ملیۆن و نیو مامۆمستای قوتابخانە و دەیان هەزار مامۆستای زانکۆ، ساڵی نوێ خوێندن دەست پێدەکەن. ئامارەکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە زیاتر لە 2 ملیۆن قوتابی بە هۆی هەژاری بنەماڵەکانیان لە خوێندن دوور کەوتونەتەوە. ساڵی نوێی خوێندن ئەمساڵ لە بار و دۆخێکدا دەس پێ دەکات کە شەپۆلێکی نوێ لە خۆپیشاندان، مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە. مامۆستایان، خوێندکارانی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، خۆیان بەشێکن لەم بزووتنەوە گشتییە لە دژی کۆماری ئیسلامی. هەر بەم بۆنەوە چاوەڕوان دەکرێت کرانەوەی زانکوەکان و ناوەندەکانی خوێندن نە تەنیا ئەوان لە هاوخەباتەکانیان، کە شەقامەکانیان کردوەتە سەنگەری خۆڕاگری و خەبات، جیا ناکاتەوە، بەڵکو هاوکات شوێنەکانی خوێندن دەکاتە ناوەندەکانی پڕ جۆش و خرۆشی ئەم بزوتنەوە سەراسەرییە. کۆماری ئیسلامی کە لە دەور و نەقشی کاریگەری خوێندکاران لە بەهێزتر کردنی ئەم ناڕەزایەتییانە ئاگادارە، دەیهەوێت بە ئانلاین و ئینترنێتی کردنی ئەمری فێرکردنی خوێندن، خوێندکاران بخاتە سوچی ماڵەکانیان. ئەزمونی ڕۆژانی ڕابردوو و بەگشتی ئەزمونی بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە خوێندکاران هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایانی بەدەربەست هەم دەتوانن لە سەر فێرکردنەکانی زانکۆیی خۆیان بەردەوام بن و هەم بەشێکی جیا نەکراوەی لە ناڕەزایەتی و یەکگرتوویی سەرتاسەری بن. مامۆستایانی قوتابخانەیش دەتوانن هەر ئەم ئەزمونە لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندن دا بە کار بێنن. لە درێژەی چوار دەیەی ڕابردوودا، زاڵ بوون بە سەر بواری فێر کردن و بارهێنان دا یەکێک لە ئاستەنگییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە. ڕژیم بۆ زاڵ بوون بە سەر ئەم بوارەدا و بەرگرتن لە شکستی دین بەرانبەر بە زانست، قوتابخانەکانی کردۆتە مەکتەبی فێر کردنی مەزهەب، خۆرافات و مەکتەبی فێر بوونی توتی وار. لەم جۆرە شوێنانەدا بە جێگای ئەوەی کە یارمەتی منداڵان و نەسڵی لاو بدرێت تا خۆیان و جیهانی دەور و بەریان هەر ئەو جۆرەی کە هەیە بناسن، قوتابیەکان مەجبور دەکەن کە مێشکیان پڕ بکەن لە بڕێکی زۆر لە زانیاری ناپێویست، زیادی و بەلاڕێدا براو. لە قوتابخانە و ناوەندەکانی فێرکردنی ئێران بە جێگای ئەوەی کە دوایین دەستکەوتەکانی زانستی و کۆمەڵە زانستی مرۆڤانە لە ئەمری فێر کردن و بارهێنان دا بە کار بێنن و قوتابیان لە دوایین پێشکەوتنەکانی زانستی و ئاڵ و گۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و کولتوری ئاگادار بن، بڕێکی زۆر و قورس لە ڕێگای بابەتە دەرسییەکانەوە بڕێکی زۆر لە خورافاتی ئایینی دەکرێتە مێشکیانەوە.
قوتابیان هەر لە ساڵانی سەرەتای خوێندن و مەدرەسەوە دەبێت شێوازی نوێژ خوێندن و ڕۆژوو گرتن فێر بن و لەگەڵ نەسیحەت و بەسەرهات و ئەخلاقیاتی پەیغەمەرەکان و ئیمامەکان ئاشنا بن. کچان دەبێت فێر بن چۆن لەگەڵ ڕەگەزی دووهەم بوون، بێ مافی و جێگا و شوێنی بن دەستی کە کتێبی ئاسمانی بۆی هێناون ، ڕابێن. دەبێت فێر بن کە چۆن لە ژێر چارشێو و مەقنەعەدا تاڵی پرچەکانیان داپۆشن. زیرەک ترین و بیر تیژ ترین و تواناترین قوتابیان دەبێ ببنە حافزی قورئان.
کتێبەکان و بابەتە ئەدەبییەکان بە بێ سەرنج دان بە توانا تاکە کەسییەکان، زەوق و هونەری قوتابییەکان بوونەتە کەرەسەیێک بۆ پەرەپێدانی خورافات. بڕگە و ناوەرۆکی کتێبەکان نمبە هیچ شێوازێک سەرنجی پێویستی و بابەتێکی لاوان نادات. قوتابیان بۆ بە دەس هێنان نومرەی قەبوڵی و چوونە پۆلی سەرەوەتر، بڕگەکانی توتیوارلە بەر دەکەن، بە بێ ئەوەی کە سەرنجیان ڕابکێشێت و زەوقی ئەدەبی ئەوان هەڵخڕنێت. کتێبەکانی مێژوو نە تەنیا نابنە هۆی ئاشنا بوونی قوتابیان لەگەڵ مێژووی ڕاستی تەواوی کۆمەڵگا، بەڵکو لە ڕێگای بەلاڕێدا بردنی مێژوو و ئاوەژوو نیشان دانی ڕاستییەکانی مێژو و باس کردنی یەک لایەنەی کەسایەتییە مێژوییەکان، بە بێ ئاماژە بە بار و دۆخی کۆمەڵایەتی دەرکەوتنیان، دوور لە هەر جۆرە ڕوانینێکی ڕاستی بار دێنن و هەر جۆرە مەیلێکی لێکۆڵینەوە و خوێندن لە سەر بابەتەکان، ڕوداوەکان و ڕوداوە مێژوییەکان، لە ناو دەبات. فێر کردنی زمانە بیانییەکان، لە نەبوونی شێواز و ڕێگای بارهێنانی دروست و بە هۆی نەبونی ئیمکاناتی پێویست دا بونەتە شتێکی سەخت و تاقەت پڕوکێن. ڕون و ئاشکرایە لە بار و دۆخێکدا کە بۆنی قیزەونی دواکەوتویی گشت جێگایەکی پڕ کردووە، لە کەش و هەوایەکی لێواولێو لە بابەت گەلێک کە هیچ پەیوەندیەکیان بە ژیانی ڕاستەقینە و سەرقاڵ بوونی مێشکی قوتابیانەوە نییە، پولی خوێندن و قوتابخانە سەرنجی ئەوان ڕاناکێشێت و دەبێتە شوێنێکی بێزارکەر و پڕ لە ماندویەتی.
بێجگە لەمانە، شێوازەکانی فێر کردنیش زۆر لاوازن. لێکۆڵینەوە دەرون ناسییەکان نیشانیان داوە کە لاوان بۆ بارهێنانی هێزی مێشکی خۆیان پێویستییان بە کەش و هەوایەکی کاری بە کۆمەڵ بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان لە بابەتە ئەزمونی، زانستی و هەروەها قسە و باسی پێویست. ئەوان دەبێ وێڕای بار هێنانی زانستی و تێکنیکی، ئازادانە مانا و بۆچونەکانی ئەقڵی خۆیان دروست بکەن و بە دەستی خۆیان هێندێک لە پەیوەندی و مەفروزاتێک کە لە ناو مێشکیاندا دروست دەبێت، تاقی بکەنەوە. بەڵام لە قوتابخانەکانی ئێران بە هۆی زۆر بوونی قوتابی لە پۆلەکاندا، نەبونی کات و تاقیگە، کارگە و کەرەستەی پێویست، مامۆستا بۆتە مێحوەری گشت فێرکردنەکان. وەها ڕێگاگەلێک دەرفەت و مەجالی لێکۆڵینەوەی بەکۆمەڵ و ئاڵ و گۆڕی بیر و بۆچون و هاوبەشی لە بوارە جیاوازەکاندا لە قوتابیان دەستێنێتەوە و مەجبوریان دەکات تواناکانیان بۆ لەبەر کردنی توتیواری قسەی مامۆستایان دەخەنە گەڕ.
بەڵام سەرەڕای گشت ئەمانە ئەزمونی 43 ساڵی ڕابردوو ئەوە نیشانی بەڕێوەبەرانی ڕژیم داوە کە منداڵان و مێرمنداڵان بەشێک لەو شتانەی فێری دەبن، نە لە قوتابخانە، بەڵکو لە بنەماڵە و کۆمەڵگا وەردەگرن کە تێدا هەستی مرۆڤایەتی، سێکۆلاریسم و دژایەتی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بەهێزە. هەر بەم بۆنەوە پرۆژەکانی فێرکردن و بارهێنانی ڕژیم یەک لە دوای یەک شکست دەخۆن. بە شێوازێک کە ئەمڕۆکە پشت کردن لە ئایین لە نێوان لاواندا بوەتە یەکێک لە پێناسەکانی بار و دۆخی کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران. لە ئێرانی ئازادی سبەینێ ڕزگار بوون لە چنگی کۆماری ئیسلامی، بە جیایی ئایین لە دەوڵەت و فێرکردن و بارهێنان لە مەزهەب، گشت تواناکانی قوتابیان بە جێگای بۆچونی دواکەوتوانە، سەرفی فێر بوونی زانست دەبێت. لە وەها بارودۆخێکدا تواناییەکان گەشە دەستێنن و سەرمایەیەکی گەورەی ئینسانی بۆ پەرەپێدان و بەرزتر بوونی ئاستی کۆمەڵگا بە کار دەهێنرێت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێ خوێندن، بانگهێشتی گشت خوێندکاران، مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی قوتابخانە و کارمەندانی قوتابخانەکان و زانکۆەکان دەکات بۆ پشتیوانی بێ درێغ و بەشداری چالاکانە لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێستای ئێران.
حزب کۆمۆنیست ئێران
31ی گەلاوێژی 1401ی هەتاوی