ژینا کچە لاوێکی سەقزی، بە هەزاران ئومێد و خۆشییەوە سەردانی تارانی کرد. ژینا یان مەهسا ئەمینی هەر وەک هەموو کچ و کوڕێکی گەنجی شارەکەی، دەیهەویست چەند ڕۆژێک تاران ببینێ، بازاڕێک بکا و بە کۆڵبەرێک بیرەوەری خۆشەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی. بەڵام دوژمنانی شادی و لاوێتی ، ڕژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی ئەوەیکە چەند تاڵ لە قژی بەدەرەوە بوو، گرتیان و ئەشکەنجە و ئازاریاندا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ژینای لاویان خستە ناو کۆماوە و لەسەر تەختی نەخۆشخانە و بە کوشتنی بەئەنقەستی حکوومەتی، بۆ هەتاهەتایە لە دایک و باوک، خوشک و برا، لە هاوڕێ و ناسیاوەکانیان دابڕی. مەرگی لەناکاوی ژینا، ملیۆنان ژن و پیاوی شەریفی کوردستان و ئێرانی تووڕە کرد و زۆر زوو بوو بە هەواڵی یەکەمی تۆڕە کۆمەڵایەتیی و مێدیا هەواڵنێرییەکان. خۆڕاگری دایک و باوکی جەرگ سووتای ژینا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بەکرێگیراوە ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم، خەبات و تووڕەیی هەزاران ژن و خەڵکی کوردستان لە شارەکانی سەقز و سنە و خۆپیشاندانەکانی تاران، ڕێگەیان بە ڕژیم نەدا کە جینایەتی کوشتنی ژینای لاو بە نهێنی و لە بێدەنگیدا بە فەرامۆشی بسپێرێت.
لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، کەسایەتییە فەرهەنگی، هونەریی، وەرزشیی و سیاسیەکان، بۆ دیفاع لە ژینا و سەرکووت و هەڵاواردنی دژی ژنانیان مەحکووم کرد. چیرۆک و چارەنووسی پڕ لە ئازار و کارەساتباری ژینا، چیرۆکی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن ژنی ئێران و کوردستانە. چیرۆکی زوڵم و هەڵاواردن دژ بە ژنان و هەڵسووکەوتی سەرەڕۆیانەی لات و لوتە ئیسلامییەکانە بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرە ملێ بەسەر ژناندا.
لە پەرەستاران و کادری دەرمانی نەخۆشخانەکەوە کە تەرمی خوێناویی و ئەشکەنجەدراوی ژینایان گوڵ باران کرد تا دەگاتە دوورترین گوند و شارەکانی ئێران، ناوی ژینا یان مەهسا ئەمینی، بوو بە ناوێکی خوشەویست و ئاشنای ملیۆنان کەس. زۆر یەک لەو دایک و باوکانەی، لە ماڵەوە یان لە تاراوگە کچی وەک ژینایان هەیە، نەفرەت و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە ڕژیمی دژە ژن و مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و هاوسۆزی و هاودەردی خۆیان بە بنەماڵەی جەرگ سووتاویی ژینا و خەڵکی شاری سەقز و کوردستانیش نیشاندا. ژینا و چارەنووسە پڕ لە ئێش و ئازارەکەی، ئازاری هاوبەشی ملیۆنان ئێرانی و سەدان ملیۆن خەڵکی جیهانە کە له بەربەڕییەت و دواکەوتوویی ئیسلامی بێزارن و خوازیاری جیایی دین و ئایین لە دەوڵەتن.
ژینا و دیفاع لە ژینا، واتا دیفاع لە بەرابەری مافی ژن و پیاو و دیفاع لە پێشگرتن و دەستدرێژیکردنی دام و دەزگا ئاینییەکان بۆسەر مافی ژنان. مەرگی کارەساتباری ژینا، بۆ ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران و کوردستانی دەرخست کە ئەگەر خەبات و ناڕەزایەتییەکان یەکگرتووانە بێت و لە خواستی ڕەوا و بەرحەق و مافی مڕۆڤی خۆیان دیفاع بکەن، دەتوانن دەستی ئەم ڕژیمە لەسەر خەڵکی ئێران کورت بکەنەوە.
هاوسۆزەکانی ژینا، خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی کوردستان لەگەڵ ملیۆنان ژن و پیاوی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازی ئێران، خوازیاری دەستبەسەر کردنی بکەرانی ئەم تاوانە و هەڵوەشاندنەوەی ماشێنی کوشتار و جینایەتی گەشتی ئێڕشاد و دادگاییکردنی کۆی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. قەبارەی ئەو شێعر و سروودانە، ئەو وێنا، پۆستێر و کاریکاتۆرانەی دەسەڵاتدارانی ڕژیم، فیلم و نوسراوەکانی کە بۆ ژینا و لە پێوەند لەگەڵ ئەم جینایەتە ترسناکە کە لەم چەند ڕۆژەدا بەرهەم هاتوون، دەریدەخات کە ویژدانە بەئاگا و ڕووناکبیرەکان ، زۆر هێزێکی بەهێز و چارەنووس سازن.
ئەگەر مانگرتنی گشتی کوردستان، بەیەکڕیزی و بەهێزێکی زیاترەوە بەڕێوەبچێت و پشتیوانی بەرفراوانی خەڵکی شارەکانی دیکەی ئێرانی لە پشت بێت، هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر ڕژیمدا بە قازانجی بەرەی خەڵک دەگۆردرێت.
ئەرکی هەموو هێزە چەپ و جەماوەرییەکان، هەموو ئینسانە دێمۆکرات و سێکۆلارەکان، سەرجەم ئەو کەسانەی کە خوازیاری یەکسانی ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوە و بە نایاسایی کردنی گەشتی ئێرشادن، ئەوەيە کە لە ڕیزێکی یەکگرتووانە و هاوبەشدا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی بوەستنەوە. ئێمه جارێکی دیکە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست و دەوڵەتیی ژینا لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم دەکەین و ڵەگەڵ بنەماڵەی داغدار و بەڕێزی ئەمینی، لەگەل خەڵکی شاری سەقز و سەرجەم خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی قوربانیانی دەستی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان ڕادەگەیەنین.