کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوشتاری قاڕنا و قەڵاتان، ڕسواییەکی هەتا هەتایی لە کارنامەی کۆماری ئیسلامیدا.

qarna

کوشتاری دەیان ژن و پیاو و منداڵی بێ دیفاع بەدەستی هێزەکانی ڕژیم لە ئاوایی قاڕنا لاپەڕەیەکی ڕەشی ترە کە لە کارنامەی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کراوە. ڕۆژی یازدەی خەرمانان هێزەکانی کۆمیتەی ئینقلابی ورمێ، که لەلایەن ئاخووندێکی جینایەتکارەوە بەناوی مەلا حەسەنی ڕێبەرایەتی دەکران، هێرشیانکردە سەر ئاوایی قاڕنای سەر بە شاری نەغەدە لە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و بەپێی فەرمانێکی کە پێیان درابوو، جەماوەرێکی بێ چەکی پێکهاتوو له ژنان و پیاوانی گەنج و پیر و چەندین منداڵیان بەشێوەیەکی وەحشیانە دایەبەر دەستڕێژی گوللە و یان بە کارد و تەور کۆمەڵکوژیانکردن. ژومارەی گیانبەختکردوانی ئەو کارەساتە ٦٨ کەس تۆمار کراوە.

ئەو کوشتارە بەشێک بوو لە پلانی هێزە ئایینی و ڕاستڕەوەکانی حکوومەتی نوێی ئیسلامی کە دەیانهەویست بە بەرپاکردنی شەڕی نێوان تورک و کورد، خواستی مافی دیاریکردنی چارەنووس و خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن خەڵکی کورد لەلایەک و هەروەها خواستی سیاسی و بژێویی کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو لە کوردستان و ئازەربایجان سەرکوت بکەن. دانیشتوانی ئاوایی قاڕنا ئاگاداری پلانی کۆنەپەرستان بوون، هەر بۆیە بەمەبەستی پێشگرتن لە هەر چەشنە تێکهەڵچوونێک، لە چوون بۆ کڕینی پێداویستییەکانی ژیان و تەنانەت سەردان و چاوپێکەوتنی ئاساییش لە شاری نەغەدە خۆیان دەبوارد.

کۆنەپەرستێک بە ناوی عەزیم مەعبوودی، بەرپرسی کۆمیتەی کاتیی شار، ڕۆژی ١٠ی خەرمانان لە نامەیەکدا دڵنیایی دادتە ئەمینداران و خەڵکی گوندەکە کە دەتوانن وەک خەڵکانی تر بێن بۆ شار و پیداویستیەکانی خۆیان دابین بکەن و ئەگەر پێویست بوو دیدار و چاوپێکەوتنەکانیشیان ئەنجام بدەن.

کاتێک خەڵک لەوە دڵنیا دەبنەوە کە لەژێر مەترسی هیچ هێرش و هەڕەشەیەکدا نین، بە دڵنیاییەوە مل دەدەنەوە بەر کار و ژیانی ئاسایی خۆیان و لە فێڵی دوژمنان غافڵ دەبن. هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بە بەشداری خودی عەزیم مەعبوودی و بە کەڵکوەرگرتن لەم خۆشباوەڕی و کەمتەرخەمییە، کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یازدەی خەرمانان، بە تۆپ و تانگ و چەکی نیوە قورسی سارد و گەرمەوە ڕژانە ناو ئاوایی و لەماوەی سێ کاتژمێردا دانیشتووانی بێ دیفاعی گوندەکەیان کۆمەڵکوژ کرد. هێرشبەرەکان پاش کوشتاری خەڵکەکە، ئاواییەکە تاڵان دەکەن و  ئاگری تێبەردەدەن. ئەوان دواتر لاشەی کوژراوەکانیان برد بۆ کێو و دۆڵەکانی دەوروبەر بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە گۆیا ئەمانە لە شەڕدا کوژراون. زوهەیر نەژاد، فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێ لەناو هێزە چەکدارەکان و مەلا حەسەنی کۆنەپەرەتیش لە ناو خەڵکی بێ ئاگادا ڕاستی ڕووداوەکانیان پێچەوانە کردەوە و دەستیانکرد بە هاندانی خەڵک. کۆمەڵێک ئینسانی شەریف بەمەبەستی پێشگرتن لە شەڕی نێوان تورک و کورد، لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجامدا و ڕاستییەکان و ناو و نیشانی بەشداربووانی ئەو کوشتارەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد و بەمجۆرە پلانی ئەو هێزە کۆنەپەرستانەیان پووچەڵکردەوە کە دەیانهەویست شەڕ و ناکۆکی بخەنە نێوان ئەو خەڵکەی کە بۆ ماوەی سەدان ساڵ بەیەکەوە ژیابوون و تەنانەت هەندێکیان خزمایەتیشیان لە ناودا دروست ببوو.

کوشتاری دانیشتووانی ئاوایی قاڕنا لە خەرمانانی 1358ی هەتاویدا، یەکەم کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع نەبوو کە لەلایەن ئەرتەش و ژاندارمەری و هێزەکانی کۆمیتەوە بەڕێوە چووبوو. ئەو هێزانە لە مانگی خاکەلێوەی ٥٨یشدا هێرشیانکردە سەر ئاوایی قەڵاتان و بە چەکی سارد و گەرم کەوتنە گیانی خەڵکی بێ دیفاع و ١٣کەس ( بەگوێرەی هەندێک ئامار ١٥ کەس)یان کۆمەڵکوژ کرد.  مەلا حەسەنی چەند ساڵ دواتر بەشانازییەوە باسی لە دەور و نەخشی خۆی و هاوسۆزەکانی، لەوانە عەزیم مەعبوودی لە کوشتاری خەڵکی قاڕنا و قەڵاتاندا کرد و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری فەرمانی وەلی فەقیەدا ئامادەیە دەست بداتە هەرچەشنە کوشتارێکی تر.

کوشتاری دانیشتووانی بێ دیفاعی ئاوایی قاڕنا و قەڵاتان تۆڵەسەندنەوە و شەڕی نێوان تورک و کوردی لێنەکەوتەوە. ئەمڕۆکە ئەگەرچی شەڕ چینایەتی بۆتەوە و کرێکاری کورد و تورک بەیەکەوە لەدژی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی دەجەنگن، بەڵام نابێ لەو پیلانانەی کە دەسەڵاتداران و کۆنەپەرستان لەدژی جەماوەر ئامادەکارییان بۆ کردووە غافل بن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیان لە ساڵی ٥٨ی هەتاوییەوە بە مەبەستی جێگیرکرن و بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەیان پێویستیان بە کوشتار، بڵاوکردنەوەی تۆوی ترس و دروستکردنی ناکۆکی لەناو شارۆمەنداندا بووە. ئەوان ئێستاش و لە هەلومەرجێکی گەلێک جیاوازدا و لە حاڵێکدا کە لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکارەوە بەرەو لێواری هه‌ڵدێر پاڵپێوەنراون، پێویستیان بە کوشتار و ناکۆکی و دوبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوەکاندا هەیە.

پێویستە هەر لە ئێستاوە فێڵ و تەڵەکەکانی ڕژیم لەم بوارەدا پووچەڵ بکرێتەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشانی تورک و کورد بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان لە ژیان و خەبات لەدژی سەرەڕۆیی و چەوساندنەوە و هەروەها لەپێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئاوەداندا هەیە.

ناونیشانی ٤٥ کەس لە کۆی ٦٨ گیانبەختکردووی قاڕنا بەمجۆرەی خوارەوەیە:

١- مەلا مەحمود بێهتەرزادە ٢- سەید ڕەحمان تاهیری ٣- سەید محەممەد تاهیری ٤- سەید ئیسماعیل تاهیری ٥- حاجی سەید عەلی تاهیری ٦- سەید کەریم ئاروەندی ٧- ئامینە شەریفی ئازەر ٨- حاجی رحمان شەریفی ئازەر ٩- عوسمان شەریفی ئازەر ١٠- مستەفا عەزیزی ١١- محەممەد عەزیزی ١٢- محێدین ئابڕەوشەن ١٣- حاجی شەریف ئابڕەوشەن ١٤- ڕەحمان ئابزەن ١٥- ڕەحمان سلێمانی ١٦- ڕەحیم سلێمانی ١٧- کەریم سلێمانی ١٨- قادر سلێمانی ١٩- عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور ٢٠- عومەر باسی ٢١- جەعفەر باسی ٢٢- مستەفا باسی ٢٣- محەممەد شیرۆ ٢٤- سلێمان هەمزەپوور ٢٥- ئیبراهیم پویا ٢٦- ئیبراهیم ڕەسووڵی ٢٧- عەلی ( شوانی ئاواییەکە ) ٢٨- حەسەن( لاوێکی ٣١ ساڵەی خەڵکی ئاوایی عەلیاباد ) ٢٩- زێنەب ڕامین٣٠- خاتوزین ڕامین ٣١- کەریم ڕامین ٣٢- ئەحمەد ڕامین ٣٣- ڕەحمان ڕامین ٣٤- خوسرەو ئەفشین ٣٥- ڕەسووڵ خوسرەوی ٣٦- ڕەحمان خوسرەوی ٣٧- سەعید خوسرەوی ٣٨- عەبدوڵڵا خوسرەوی ٣٩- مراد خوسرەوی ٤٠- مستەفا خوسرەوی ٤١- ئەبوبەکر شیشمان ٤٢- جەعفەر شیشمان ٤٣- عەلی شیشمان ٤٤- عەزیز مەرزەنگ ٤٥- ئەحمەد سەعادەتپوور.

هەروەها ناونیشانی قوربانیانی ئاوایی قەڵاتانیش بەمجۆرە تۆمار کراوە:

ڕەمەزان ١١ ساڵە، حاجی سەید حەسەن قەدەمی ٧٠ ساڵە، حاجی محەممەد بایەزیدی ٧٥ ساڵە، حاجی ڕەسووڵ عەبدوڵڵا ٦٠ ساڵە، عەبدوڵڵا قوربان ٥٠ ساڵە، عوسمان دەروێش سەلیم ٦٠ ساڵە، محەممەد کوردی ٥٠ ساڵە، عوسمان ئەمانی ٣٠ ساڵە، محەممەد ئەمین عەباسی ٣٠ ساڵە، حەسەن هەمزە کۆکە ٢٢ ساڵە، ئەحمەد گولابی ٢١ ساڵە، جەلال بیدۆخ ١٨ ساڵە، عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور لیانی ١٩ ساڵە، ئیسماعیل حەمیدی ١٥ ساڵە، قادر کورستەمی ٣٥ ساڵە و ڕەحمان مینە مۆرک ٣٥ ساڵە.