حه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر شه‌ڕ و ده‌ستدرێژی ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركییه دژبه بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی سووریه تێپه‌ڕ بووه. له‌م ماوه‌یه‌دا شار و گونده‌كانی باریكه‌ی سنووری خاكی كوردستانی سووریه له لایه‌ن فرۆكه‌ی جه‌نگیه‌كان و تۆپخانه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌وه ئاگرباران كراوه. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م بوردومانه، شه‌ڕ له ناوچه سنووریه‌كان له نێوان یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه و گرووپه تیرۆریسته ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌م ده‌وڵه‌ته درێژه‌ی بووه. له‌و شه‌ڕ و ئاگربارانه‌دا به‌ده‌یان كه‌س له خه‌ڵكی بێدفاع گیانیان له‌ده‌ست داوه و سه‌دان كه‌س بریندار بوون و نزیك به ٢٠٠ هه‌زار كه‌س ماڵ و حاڵیان جێهێشتووه و ئاواره بوون. هه‌روه‌ها له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانی نێوان یه‌كینه‌كانی پاراستن گه‌ل له به‌رامبه‌ر هێزی زه‌وی ئه‌رته‌شی توركییه هه‌تا ئێستا ده‌یان كه‌س له هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی موقاومه‌تی ڕۆژئاوا گیانیان به‌خت كردووه و یاخود بریندار بوون.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه ئه‌رته‌شی توركییه هه‌موو ڕۆژێك جه‌نایه‌تی تازه ده‌خوڵقێنێ و خه‌ساری ئینسانی و تاڵان كردن و وێرانی ئه‌م شه‌ڕه داگیركارانه‌یه ڕۆژ له دوای ڕۆژ په‌ره ده‌ستێنێت، له لایه‌كی دیكه‌وه بزووتنه‌وه‌ی هاوپشتی و حهمایهت له موقاومه‌ت و خه‌باتی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی سووریه‌ش به‌هێزتر و به‌ربڵاوتر ده‌بێت. له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، بێجگه له شاره جۆراوجۆره‌كانی كوردستانی ئێران، له تاران و چه‌ندین شاری دیكه‌ی ئۆستانه‌كانی لۆرستان، خۆراسانی شۆمالی، ئه‌لبۆرز، گیلان و مازه‌نده‌ران چه‌ندین ڕێپێوان به درووشمی “مه‌رگ و نه‌مان بۆ ئه‌ردۆغان“، “بژی خوڕاگریی ڕۆژئاوا” ، بۆ پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌ی موقاومه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی سووریه به‌ڕێوه‌چووه. هه‌روه‌ها له چه‌ند شاری كوردستانی عێراقیش خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه به‌م بۆنه‌وه ئه‌نجام دراوه. هاوكات له چه‌ند شاری گه‌وره‌ی ئۆرووپا، كانادا و ئۆسترالیاش شایه‌دی چه‌ندین خۆپیشاندانی به‌رین به مه‌به‌ستی پشتیوانی له ڕۆژاوا و مه‌حكووم كردنی هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه بووین.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ڕیاكارانهی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی درێژه‌ی هه‌یه و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاش ڕایگه‌یاندووه كه باقی هێزه‌كانی واته هه‌زار سه‌رباز له باكووری سووریه ده‌باته ده‌ر، هه‌واڵنێریه‌كان و ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریه ڕایانگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د به ڕێكه‌وتن گه‌یشتوون. هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كوردستانی سووریه ڕایگه‌یاند كه ئه‌م وتووێژانه له پێگه‌یه‌كی نیزامیی ڕووسیه ناسراو به “حه‌میمیم” به‌ڕێوه‌چووه و تێیدا نوێنه‌رانێك له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و هه‌یئه‌تێك له “هێزه‌كانی سووریه‌ی دیمۆكراتیك” به‌شدار بوون.
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكوور و ڕۆژئاوای سووریه له به‌یانیه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه: “بۆ ڕێگری له ده‌ستدرێژیی ده‌وڵه‌تی توركییه، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریه كه ئه‌ركی پاراستنی سه‌روه‌ری خاك و سنووری ئه‌م وڵاته‌یه، به ڕێكه‌وتنێك گه‌یشتووین“. سالح موسلم وته‌بێژی ئیتحادی دیمۆكراتیك له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری فۆرات ڕایگه‌یاند كه چوارچێوه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕێكه‌وتنه به‌م شێوه‌یه: “ده‌سه‌ڵاتی سووریه قه‌بووڵ كراوه و پێویسته به شێوه‌ی هاوبه‌ش ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بپارێزرێ. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه هێزه‌كانی نیزامی سووریه له دیرهك تا فورات جێگیر ده‌كرێن و ئاڵای سووریه هه‌ڵده‌كه‌ن. هێزه نیزامیه‌كانی سووریه نه‌ك له شاره‌كاندا به‌ڵكوو له ده‌ره‌وه‌ی شار جێگیر ده‌كرێن. ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، مه‌جلیس و ناوه‌نده‌كانی خۆبه‌ڕێوبه‌رایه‌تی ده‌توانن درێژه به چالاكیه‌كانیان بده‌ن“. هه‌روه‌ها سالح موسلم جه‌ختی كرده‌وه كه “له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی توركییهدا، ئه‌رته‌شی سووریه شه‌ڕ ناكات. ئه‌وه ئێمه‌ین كه به‌شه‌ڕ دێین. هێزه نیزامیه‌كانی سووریه به حزووری خۆیان له ناوچه‌كه، مه‌وجوودیه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی سووریه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن. بهڵێنێكیشیان به ئێمه داوه، ڕووسیه و ڕژیمی سووریه ڕایانگه‌یاندووه كه سنووری ئاسمانی باكوور بۆ ڕۆژئاوای سووریه به ڕووی فرۆكه‌كانی توركییهدا داده‌خه‌ن و ئه‌م كاره‌ش به مه‌به‌ستی پشتیوانی له موقاومه‌تی گه‌ل و هێزه‌كانی سووریه‌ی دیمۆكراتیك ئه‌نجام ده‌درێت“.
به پێی ئه‌م ڕێكه‌وتنه كه به ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی ڕووسیه ده‌سته‌به‌ر كراوه، ئه‌رته‌شی سووریه بۆ شه‌ڕ و بهرئهنگاربوونهوه له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژی ئه‌رته‌شی توركییه له ناوچه سنووریه‌كان و ده‌ورووبه‌ری شاره‌كان جێگیر ناكرێت. به‌ڵكوو بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای سووریه وه‌ك بیانوویه‌ك كه ده‌وڵه‌تی ڕووسیه بتوانێ به‌مجۆره فڕینی فڕۆكه‌كان ڕاگرێت، دێنه ئه‌م ناوچه‌یه. بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا له دڵی ئه‌م هاوسه‌نگی هێزه‌دا و له باروودۆخێكدا كه له بازنه‌ی دۆژمنانی جۆراوجۆر و دۆستانی ڕیاكاردا گرفتار بووه، ڕه‌نگبێ هێندێك هاوئاهه‌نگی كاتی و یان چه‌ند سازشتێكی تاكتیكی دیاریكراو، له‌ڕووی ناچاری و سه‌پێندراو بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌م سازشته تاكتیكیانهش بووبێتنه ئه‌مرێكی حه‌تمی، پێویسته ناوه‌رۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م سازشته بۆ خه‌ڵك شی كرێته‌وه تا خه‌ڵك نه‌كه‌ونه داوی خۆشباوه‌ڕی به ئه‌مریكا و خۆشباوه‌ڕی به ده‌وڵه‌تی سووریه و ڕووسیه. پێویسته جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ دواهاتی وه‌ها سازشتێك ئاماده بكرێن، واته ئاگاداری ئه‌وه بن كه بۆ پاراستنی ئه‌وه‌یكه به‌ده‌ستیان هێناوه، نه‌ك به هێزی ده‌وڵه‌تانی سووریه و ڕووسیه، به‌ڵكوو ته‌نیا به هێزی خۆیان و پشتیوانانی ئازادیخواز و خه‌ڵكی هاوچاره‌نووسیان له ناوچه‌كه و جیهان پشت ببه‌ستن. ده‌وڵه‌تی سووریه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی توركییه و پشتیوانی له خه‌ڵكی كوردستان، هێزی نه‌ناردووه‌ته ئه‌م ناوچه‌یه، به‌ڵكوو ده‌وڵه‌تی سووریه وێڕای ڕاوێژكارانی یه‌كگرتوو و ستراتێژیكی خۆی له‌وانه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و ڕووسیه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێك بوون تا له ناله‌بارترین هاوسه‌نگیی هێز به زیانی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژائاوا، له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ره‌كه‌ی وتووێژ بكه‌ن و مه‌رجه‌كانی خۆیانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. ئه‌رته‌شی سووریه له جه‌ریانی داگیركردنی عه‌فرین سه‌ره‌ڕای ڕێكه‌وتنێك كه ئه‌نجام درابوو به شێوه‌یه‌كی فریوكارانه خۆی له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی توركییه دزییه‌وه. ئه‌رته‌شی سووریه هه‌ر ئه‌و ئه‌رته‌شه بوو كه ٩ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌ی نان و ئازادی له ئه‌نجامدانی هیچ جه‌نایه‌تێك ده‌رێغی نه‌كرد. ده‌وڵه‌تی توركییه و سووریه له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوادا یه‌ك ستراتێژی سیاسیان گرتووه‌ته به‌ر، ئه‌ویش خامۆش كردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یه به دوو ڕێ دا. ده‌وڵه‌تی ڕووسیه كه له سه‌رلێشێواویی ستراتێژیكی ده‌وڵه‌تی ترامپ كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ و له قه‌یرانی سووریه‌دا ده‌ست پێشخه‌ری ده‌كات، له ڕاستیدا مه‌به‌ستی له ئه‌نجامدانی ئه‌م ڕێكه‌وتنانه باشتر كردنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌ده له دڵی ئاڵوگۆڕه‌كانی ئێستادا.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ری سیاسیی ڕۆژئاوا له‌مباره‌وه ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك نه‌دات، ده‌بێ له ستراتێژیی ئه‌واندا به‌دوای هۆكاره‌كه‌یدا بگه‌ڕێین. ستراتێژی ئه‌وان بۆ داهاتووی سیاسیی سووریه دامه‌زراندنی سیستمێكی فیدرالی لێكبڵاو و به بێ له‌به‌رچاوگرتنی جه‌وهه‌ر و ماهیه‌تی چینایه‌تییه. له ستراتێژی سیاسیی ئه‌واندا حیساب بۆ پشتیوانی هێزه ئیمپریالیستیهكان ده‌كرێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای جیاوازیی ستراتێژیك له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، پێویسته بۆ پشتیوانی كردن له خه‌باتی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و دیفاع ده‌ستكه‌وته‌كانی هیچ شكێكمان نه‌بێت. پێویسته بۆ په‌ره‌پێدانی حهمایهت و پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌ی موقاومه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی سووریه له به‌رامبه‌ر په‌لاماری ئه‌رته‌شی توركییه، له ئه‌نجام دانی هیچ هه‌وڵێك ده‌رێغ نه‌كه‌ین.