هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران دیاردەیەک نییە بتوانرێت بشاردرێتەوە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەستکەوتنی ئامارەکانی قورستر دەبێت. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ماوەیەک لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی دادوەری بڵاوکردنەوەی هەر ئامارێکیان دەربارەی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەنی قەدەغە کرد. ئەم بڕیارە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەک کە لە ئاستی جیهاندا مایەی شەرمەزاریی حکومەتە و هاوکات یاسا کارپێکراو و لێکدانەوە فەرمییەکانی شەریعەتیش دەباتە ژێر پرسیارەوە.
دوایین ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری ئێران وێنەیەکی نیگەرانکەر دەخەنەڕوو. لە ساڵی ١٤٠٠دا نزیکەی ٦٩ هەزار و ١٠٣ کۆرپەڵە لە دایکانی تەمەن ١٠ تا ١٩ ساڵ لەدایک بوون. لەوانە، ١٤٧٤ کۆرپەڵە تەمەنی دایکیان ١٠ تا ١٤ ساڵ بووە، واتە منداڵانێک کە خۆیان هێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنی تەواوی تازەلاوی، بوونەتە دایک. ئەم ژمارانە تەنیا بەشێکی ڕاستییەکەن، چونکە زۆرێک لە هاوسەرگیرییە پێشوەختەکان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشین و پەراوێزەکان، هەرگیز بە فەرمی تۆمار ناکرێن.
ئەنجامی دەیان ساڵ هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخی منداڵان لە جیهاندا، بریتی بوو لە پەسەندکردنی “پەیماننامەی مافەکانی منداڵ” لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا. ئەم بەڵگەنامەیە هەموو کەسێکی خوار ١٨ ساڵ بە منداڵ دەزانێت. دەستەی مافەکانی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە دەوڵەتەکان دەکات، ئەگەر تەمەنی یاسایی لە وڵاتەکەیان کەمتر لە ١٨ ساڵە، بیگەیەننە ١٨ ساڵ. یونیسێف و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش هاوسەرگیری پێش ئەم تەمەنە بە پێشێلکردنی مافی منداڵ دەزانن و دەوڵەتانی ئەندام پابەند دەکەن یاسای ڕێگریکردن دابنێن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٧٣دا بەم پەیماننامەیە پەیوەست بوو، بەڵام بە مەرج و بەو شەرتەی کە ئەو بڕگانەی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام ناکۆکن جێبەجێیان ناکات. هەر ئەم مەرجە لە کردەوەدا ڕێگەی خۆشکردووە بۆ پشتگوێخستنی بەشێکی گرنگی پابەندبوونەکان. لە سێدارەدانی ئەو کەسانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا خوار ١٨ ساڵ بوون، بێبەشکردنی ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە خوێندن، کاری منداڵان لە پیشە قورسەکان، توندوتیژی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە تەمەنی منداڵیدا، لە زومرەی نموونە دیارەکانی ئەم پێشێلکارییانەن.
یاسای مەدەنیی ئێران تا کۆتایی دەیەی ١٣٧٠ ڕێگەی بە سەرپەرشتی بنەماڵە دەدا، کە هەمیشە پیاوە، کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدات و بۆ کوڕ لە پانزە ساڵیدا هاوسەر هەڵبژێرێت. دوای ساڵانێک تێکۆشانی چالاکوانانی مافی ژنان و منداڵان، مادەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی لە سەرەتای دەیەی ١٣٨٠ چاکسازی تێداکرا، و لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان گەیشتە ١٣ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵ.
بەڵام ئەم چاکسازییە هەرلە سەرەتاوە جیاکردنەوەیەکی گەورەی لەگەڵ بوو. تێبینیی هەمان ئەو مادەیە ڕێگە دەدات پێش گەیشتن بەم تەمەنانەش مارە ببڕدرێت، بە مەرجێک سەرپەرشت ڕازی بێت و دادگا بە “مەسڵەحەت“ی بزانێت. بەم شێوەیە، لانیکەمی تەمەنی یاسایی بە کردەوە بووەتە بەربەستێکی لاواز. ئەم ڕێگەی خۆدەربازکردنانە هیچ شتێک نین جگە لە “فێڵی شەرعی“، ڕێگەیەکی کە ڕواڵەتی یاسا دەپارێزێت و هاوکات ئیمکانی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دەڕەخسێنێت.
هاوسەرگیریی پێشوەختە، بەتایبەتی بۆ کچان، دەرفەتی یاری، خوێندن، گەشەی بەهرە و شکڵگرتنی کەسایەتییان لێ دەسەنێتەوە. بووکی منداڵ لە جیاتی پۆلی خوێندن، بارگرانیی کاری هەتاهەتایی ماڵەوەی دەکەوێتە سەرشان و توانای بڕیاردان لەبارەی ژیانی خۆی لەدەست دەدات. وابەستەیی ئابووری و جیاوازیی تەمەن لەگەڵ هاوسەرەکەی، ئەو لە بەرامبەر توندوتیژیی دا لاواز دەکات.
لێکەوتە جەستەییەکانیشی زۆر قورسن. جەستەی کچێک کە هێشتا بە تەواوی گەشەی نەکردووە، ئامادەی دووگیانی و منداڵبوون نییە. نەبوونی پەروەردەی جنسی و تەندروستی ئەم مەترسییە دوو هێندە دەکات. بەپێی خەمڵاندنە باوەکان، مەترسیی مردنی دایکانی خوار پازدە ساڵ لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا پێنج هێندەی ژنانی بیست ساڵانە. خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و زیانە دەروونییە بەردەوامەکانیش لەنێو ئەم کچانەدا باوە.
کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە تەنیا خودی ئەو منداڵانە ناگرێتەوە. وازهێنان لە خوێندن ڕەوتی هەژاریی دەگوازێتەوە بۆ نەوەکانی دواتر و زوو جیابوونەوە ژمارەی دایکە تازەلاوە سەرپەرشتیارەکانی بنەماڵە زیاد دەکات. لەمڕووەوە، لە ڕاستیدا، هاوسەرگیریی منداڵان جۆرێکە لە ئازاردانی منداڵ و بە کۆیلەکردنیان، و تاوانێکی یاساییە.
هاوسەرگیریی منداڵان لەسەر سێ بنەما بەڕێوە دەچێت. یەکەم، هەژاری و نەداریی ئابووری: زۆرێک لە بنەماڵەکان کچەکەیان بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، یان وەرگرتنی مارەیی و یارمەتیی داراییی بە شوو دەدەن. گیرۆدەبوونی سەرپەرشتی بنەماڵە بە ماددە هۆشبەرەکان و هەژاریی کولتووریش ئەم دۆخە ئاڵۆزتر دەکەن.
دووەم، دابونەریتە کۆنەکان کە هاوسەرگیریی پێشوەختە بە مایەی پاراستنی “ئابڕوو” و “پاکیزەیی” کچ دەزانن. سێیەم، یاسا و لێکدانەوە فیقهییە فەرمییەکان کە ئەم هاوسەرگیرییانە بە ڕێگەپێدراو دەزانن و مەشرووعییەتیان پێ دەبەخشن. کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا لەگەڵ یەکسانیی ژن و پیاو لە یاسا و کردەوەدا ناکۆکە، بەڵکوو بەم یاسایانە یارمەتیی زیندووکردنەوەی دابونەریتێکی داوە کە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە.
کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیریی منداڵان پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنە هەیە. یەکەم هەنگاو، بریتییە لە بەرزکردنەوەی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیریی بۆ ١٨ ساڵ بۆ کچان و کوڕان، و نەهێشتنی هەموو ئەو جیاکردنەوانەی کە ڕەزامەندی سەرپەرشت یان دادگا دەخەنە شوێنی ڕەزامەندیی ئاگایانەی کەسێکی پێگەیشتوو. هاوسەرگیریی منداڵان دەبێت وەک تاوان بناسرێت، و مارەبڕان، مەلاکان و ئەو لایەنانەی دیکە کە هاندەر یان ئەنجامدەرن، بەهۆی پێشێلکردنی مافی منداڵ و مافی مرۆڤەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
بەڵام یاسا بە تەنیا بەس نییە. بەڵکوو بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، فراوانکردنی خوێندنی بێبەرامبەر و ناچاریی، پەروەردەی بێهداشتی و جنسی گونجاو لەگەڵ تەمەن، و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکان لە ئەنجامە زیانبەخشەکانی ئەم هاوسەرگیرییانەش پێویستن. ئەو دایک و باوکانەی زۆرجار لە ژێر گوشاری هەژاریدا کچەکانیان بەشوو دەدەن، دەبێت پشتگیری بکرێن و لە ئەنجامی کارەکەیان ئاگادار بکرێنەوە. شەفافیەتی ئاماریش مەرجی هەر سیاسەتدانانێکی کاریگەرە، و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ئامار تەنیا شاردنەوەی زامەکەیە. واقعییەت ئەوەیە کە هەتا ئەو کاتەی سیستمی ئێستا بە پشتبەستن بە شەریعەت و دابونەریتی سەردەمی جاهیلییەت یاسا دادەڕێژێت، ڕیفۆرم و چاکسازیی لەم چەشنە، بەکردەوە نایەتە دی.
