کێشەکانی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران یەک و دووان نین، و قامک لە سەر هەر خاڵێک دابنێیت، دەردێکی بێدەرمان دەدۆزیتەوە. لەنێو ئەم دەردانەدا، دیاردەی کاڵای ساختە و قاچاخ شوێنێکی تایبەتی هەیە، چونکە تەنیا گیرفانی خەڵک بەتاڵ ناکات، بەڵکوو راستەوخۆ تەندروستی و هەندێک جار گیانیشیان دەکاتە ئامانج. سنووردارکردنی هاوردە، بەرز و نزمی توندی نرخی دراو و قازانجپەرستیی کۆمەڵێک کەس وای کردووە زۆرێک لە کاڵاکان بە ناوی براندی ناسراوی دەرەکیی، بەڵام بە کوالێتییەکی زۆر نزم یان بە شێوەی ژێرزەمینی بەرهەم بهێنرێن و بخرێنە بازاڕەوە. ئەمڕۆ کڕیاری ئێرانی کاتێک کاڵایەک دەکرێت، هیچ دڵنیاییەکی نییە لەوەی کە ئەوەی لەسەر پاکەتەکە نووسراوە لەگەڵ ئەوەی لەناویدایە یەک بێت یان نا.
ئاستی ئەم دیاردەیە ئێجگار بەربڵاوە. ئەو ئامارانەی لە ساڵانی رابردوودا لەسەر زاری بەرپرسان و چالاکانی پیشەییەوە باس کراون، وێنەیەکی راستەقینەی ئەم دیاردەیە دەخاتەڕوو. بەپێی ئەم ژمارانە، نزیکەی سی لەسەدی زەعفەران، حەفتا لەسەدی کەرەستەی جوانکاری، بیست لەسەدی سەعاتەکان، هەشتا لەسەدی کەلوپەلی ماڵ و نەوەد لەسەدی براندەکانی جلوبەرگی ناو بازاڕ ساختەن. تەنانەت ئەگەر گۆمانیش لە وردیی ئەم ژمارانە بکەین، هەر ئەوەی خودی بەرپرسان باسی ئەو ئاستە بەرزە دەکەن، نیشان دەدات کە ساختەکاری چیتر سەرپێچییەکی لێرەولەوێ نییە، بەڵکوو بووەتە بەشێک لە پێکهاتەی بازاڕ. ئێران یەکێکە لە گەورەترین بەکاربەرانی کەرەستەی جوانکاری و تەندروستی لە ناوچەکەدا، و هەر ئەم داواکارییە زۆرە ئەم بوارەی کردووەتە مەیدانێکی پڕقازانج بۆ ساختەچییەکان.
بەڵام مەترسیدارترین ڕووی ساختەکاری دەبێت لە سەر سفرەی خەڵکدا ببینرێت. ساختەکاری لە خۆراکدا بریتییە لە گۆڕین، دەستکاریکردن، جێگرتنەوە یان گۆڕینی بەروار و جۆری بەرهەمەکان، بە مەبەستی قازانجی زیاتر یان کەمکردنەوەی تێچووەکان، و دەرئەنجامەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەتوانن زۆر جددی بن. لە شیردا زیادکردنی ئاو، نیشاستە یان جۆشی شیرین بۆ زیادکردنی قەبارە یان ڕێگرتن لە ترشبوون، باوە. زەعفەران، ئەم زێڕە سوورەی ئێران، لەگەڵ شیرەی گەنمەشامی و گوڵڕەنگ تێکەڵ دەکرێت یان ڕۆنی دەستکردی پێدا دەکرێت تا کێشی زیاد بکات. لە بەهارات و زەردەچێوەدا هاڕدراوەی دار، تۆزی نانی وشک، نیشاستە و تەنانەت ڕەنگی پیشەسازیی مەترسیداری وەک کرۆماتی قورقوشم بەکار دەهێنرێت، کە یەکێکە لە هۆکارە ناسراوەکانی ژەهراویبوون بە قورقوشم. هەنگوین بە پێدانی خۆراکی دەستکرد بە هەنگەکان بە شەربەتی شەکر و گلوکۆز، یان بە زیادکردنی ڕاستەوخۆی شیرەی شەکر بە بەرهەمی کۆتایی، ساختەکاری تێدا دەکرێت. لە گۆشت و مریشکدا، زۆر جار باس لە ئاو کردنە ناو شانەکان، تێکەڵکردنی گۆشتی هەرزانتر و زیادکردنی تۆزی ئێسک و سۆیا کراوە. ڕۆنی زەیتوون لەگەڵ ڕۆنی هەرزانتری وەک پاڵم و سۆیا تێکەڵ دەکرێت، و ئاوی لیمۆی ساختە بە جەوهەری لیمۆ، ئاو، ترشی دەستکرد و ڕەنگی خۆراکی شوێنی ئاوی لیمۆی سروشتی دەگرێتەوە.
مادە پاککەرەوەکانیش لەم یاسایە بەدەر نین. تەوابوونی زیاتر لە پێویست، بۆنی ناخۆشی شیمیایی و نەبوونی نیشانەی ستاندارد، لە زومرەی تایبەتمەندییەکانی پاککەرەوە ساختەکانن. لەگەڵ ئەمانەدا، خۆراکی قاچاخ و بەسەرچوو بە بەستەبەندی جوانەوە دەفرۆشرێن و هەندێک جار بەرواری بەکارهێنانیان دەستکاری دەکرێت. کاتێک دەستکاریی لەو شێوەیە دەگاتە دەرمان و خۆراک، چیتر ناتوانین قسە لە سەرپێچییەکی ئابووریی سادە بکەین، بەڵکوو لەگەڵ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دژی تەندروستیی گشتی ڕووبەڕوو دەبینەوە. مەترسییەکە تەنیا بە سفرە سنووردار نابێت و کەرەستە کارەبایییە ساختەکانیش پشکی بەرچاویان لە ئاگرکەوتنەوەکانی ماڵاندا هەیە، هەروەک چۆن ڕەنگ و مادە شیمیاییە بێکوالێتییەکان تەندروستیی بەکاربەر دەخەنە مەترسییەوە.
ساختەکاری و فرۆشتنی کاڵای بێکەڵک لە جێی کاڵای ناسراو دیاردەیەکی تایبەت بە ئێران نییە. لە هەر سیستمێکی داخراو و دیکتاتۆریدا کە کڕیار و بەکاربەر مافی ڕاستەقینەیان نەبێت، ئەم دیاردەیە پەرە دەستێنێت. ئەوەی بارودۆخی ئێران جیا دەکاتەوە، بریتییە لە ڕۆڵی دامەزراوە بەهێزە حکوومیی و تۆڕەکانی سەر بە حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و هاوردەدا. سپای پاسداران و هەندێک ئاخوندی خاوەن دەسەڵات، کە لە ڕای گشتیدا بە “سوڵتانی ئەم یان ئەو کاڵا” ناسراون، کاڵای هەرزان و بێکوالێتی دەهێننە ناو وڵاتەوە، پاشان تۆڕێک لە ساختەکارە پیشەییەکان، کە هیچ بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بەکاربەر هەست پێناکەن، ناو و نیشانی ئەم کاڵایانە دەگۆڕن بە براندە جیهانییە ناسراوەکان و بە دەستێکی کراوەوە دەستکار نرخ و کوالێتییەکەی دەکەن. کاتێک ئەوانەی دەبێت چاودێری بازاڕ بکەن خۆیان تێیدا بەهرەمەندن، چاودێری لە ڕاستیدا هیچ مانایەکی نابێت.
لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، پشتگیریکردن لە بەکاربەر بەرهەمی دەیان ساڵ تێکۆشانی خەڵک و چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییە سەربەخۆکانە. لە ساڵی ١٩٨٥یشدا کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی بەکاربەران پەسەند کرد، کە ئێران وەک ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە لە بەرامبەریدا بەرپرسیارە. بەپێی ئەم ڕێنماییانە، بەکاربەر مافی ئەوەی هەیە دڵنیا بێت ئەو کاڵایەی کە پێشکەش دەکرێت زیان بە تەندروستیی ناگەیەنێت، زانیاریی پێویست بۆ هەڵبژاردنی وشیارانە دەخرێتە بەردەستی، و لە بەرامبەر ڕیکلامی چەواشەکار و زانیاریی هەڵەدا پارێزراو دەبێت. بەڵام لە ئێران ئەو دامەزراوەیەی بە ناوی ڕێکخراوی پشتگیری لە بەکاربەران و بەرهەمهێنەران چالاکی دەکات، لقێکی حکوومی و بیرۆکراتییە. ڕاپۆرتەکان و ئەزموونی هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە گەندەڵی لەم دەزگایەشدا ڕیشەی داکوتاوە و سکاڵای بەکاربەر لەم ڕێگەیەوە بە دەگمەن دەگاتە ئەنجام.
ئەنجامی ئەم بارودۆخە، بۆتە هۆی تێکچوونی متمانەی گشتیی. کاتێک درۆ و تەڵەکە دەبێتە ڕەفتاری باو لە کڕین و فرۆشتندا و سەرپێچیکار دەزانێت سزایەک چاوەڕێی ناکات، ئەخلاقی بازاڕ لە ناخەوە گەندەڵ دەبێت. ئەم زیانە کولتوورییە لەوانەیە لە خودی کاڵا ساختەکە مەترسیدارتر بێت، چونکە تەنانەت ئەگەر بارودۆخی سیاسیش بگۆڕێت، دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە و چاککردنی ڕەفتاری ئابووریی کۆمەڵگا چەندین ساڵی پێدەچێت. ئەو نەوەیەی کە وا فێر بووە بۆ مانەوە دەبێت فریو بدات یان فریو بخوات، بە ئاسانی ئەم خووە لەبیر ناکات.
بێگومان بۆ تێگەیشتنی تەواوی ئەم دیاردەیە دەبێت سەرنج بدرێتە هۆکارەکانی دیکەش. گەمارۆ و سنووردارکردنە دراوییەکان دەستڕاگەیشتن بە کاڵای متمانەپێکراویان دژوار و ئەستەم کردووە و خواستەکانیان بەرەو بازاڕی قاچاخ و ساختە ڕاکێشاوە. هەروەها گرانیی لەڕادەبەدەر و کەمبوونەوەی توانای کڕین زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچار دەکات کاڵای هەرزانتر بکڕن، سەرەڕای ئاگاداربوونیان لە مەترسییەکەی.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، یەک خاڵ زۆر ڕوونە: ئەویش ئەوەیە کە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت تەندروستیی هاووڵاتییانی بداتە دەست قازانجپەرستان و هەر سەلامەتیش بمێنێتەوە. هەتا ئەو کاتەی دامەزراوە سەربەخۆکانی پشتگیری لە بەکاربەر، میدیای ئازاد بۆ ئاشکراکردنی سەرپێچییەکان و دەزگای دادوەریی کارا بۆ سزادانی سەرپێچیکاران بوونیان نەبێت، سفرەی خەڵک هەروا مەیدانی یاریکردن دەبێت بە گیانیان.
