كاتژمێر ٨ و ٣٠ی خولەکی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، چیای مەتینا كە دەكەوێتە بەرامبەر گوندی “سگێرێ” لە سنوری شارۆچكەی ئامێدی لە باشووری کوردستان، لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیەوه دووجار بۆردوومان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوای ئەنجامدانی بۆردومانەكان، سوڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیە بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا بەردەوام بووە و تائێستا زیانەکانی ئەو بۆردوومانە لە لایەن هیچ میدیایێکی باشووری کوردستانەوە ڕانەگەیێندراوە. بەپێی هەواڵێکی دیکە، لە هەمان ڕۆژدا دوو هێلیکۆپتەری دەوڵەتی تورکیە لە گوندی “بەحزانی” سەر بە شارەدێی بەعشیقە کە دەکەوێتە ١٢ کیلۆمەتری شاری مووسڵ، دوو ماڵیان داوهته بهر دهستڕێژی گوللهی دۆشكه و دیار نییە بە چ مەبەستێک ئەو هێرشە ئەنجام دراوە.
