ڕۆژی سێشه‌ممه ٢١ی مانگی پوشپه‌ڕ، له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه ڕۆژی ” عیفاف و حیجاب” ناودێر كرابوو. بڕیاربوو ئه‌م ڕۆژه ببێت به هێمایه‌ك له ملكه‌چكردنی ژنان بۆ ته‌رحی كۆنه‌په‌ره‌ستانه و دژی خه‌ڵكی “عیفاف و حیجاب“. به‌ڵام به هیمه‌تی ژنانی ئازادیخوازی ئێران ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی بوو. به‌شێكی به‌رچاو له ژنانی ئێران له‌و ڕۆژه‌دا به كه‌مپه‌ینی “حیجاب بێ حیجاب” و “نا بۆ حیجابی زۆره ملێ” په‌یوه‌ست بوون. ئه‌وان له شوێنه‌گشتییه‌كان حیجابیان له‌سه‌ر خۆیان لابرد، بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی ئاشكرای خۆیان دژی حیجابی زۆره ملێ، ده‌رببڕن.
له ڕۆژی به‌ناو میللی “حیجاب و عیفاف“دا له حاڵێكدا كه هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم حزووری خۆیان له شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كان، به ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌پێدابوو، ژنانی ئازادیخواز سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ئه‌زیه‌ت و ئازاریان له‌سه‌ر بوو، به بێ گوێدانه هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام، له‌به‌ر چاویی دوژمن به ئاشكرا حیجابیان فڕێ‌دا. شه‌پۆلێك له فیلم و وێنه‌ی ژنانی بێ حیجاب له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبۆوه. ئه‌م وێنانه نیشانه‌ی سه‌رپێچی بوێرانه‌ی ژنانه، له ئاست یاسای كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی حیجابی زۆره ملێ.
٤٣ ساڵه كه پتر له بیست و پێنج ناوه‌ندی حكوومه‌تی ئیسلامی، وێڕای سه‌رفی به ملیارد دۆلار، له ده‌نگ و ڕه‌نگه‌وه بگره هه‌تا سیسته‌می دادوه‌ری و زیندانه‌كان، ناوه‌نده ئاینییه‌كان تا پتر له نیو ملیۆن ئاخووند، فه‌قێ، كارناس و بانگه‌شه‌كاری ئایینی و هه‌روه‌ها له ئۆرگانه نیزامی و ئه‌منییه‌تییه‌كانه‌وه بگره تا سیسته‌می ئاموزشی، نوێژی جومعه‌كان و ناوه‌نده ئاینییه‌كان تا گه‌شتی ئێرشاد، له لات و چه‌قۆكێشه ئیسلامییه‌كانه‌وه تا سینما و هۆنه‌ری حكوومه‌تی، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژنان بكه‌ن به جنسیی دووهه‌م، بێ پشتیوان و ژێرچه‌پۆكه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئێستا به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو و له حاڵێكدا كه ترسییان له دڵ نیشتووه، شایه‌تی شكستی سه‌رشۆڕانه‌ی پتر له ٤٣ ساڵ هه‌وڵی بێسه‌مه‌ری خۆیانن.
٤٣ ساڵ ته‌بلیغاتی مه‌زهه‌بی حكوومه‌تیی، هه‌وڵیدا باوك و برا و هاوسه‌ره‌كان له دژی ژنان هان بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له پیاوان، له كچ و خوشك و دایك و هاوسه‌ره‌كانی خۆیان دیفاع ده‌كه‌ن و شایه‌تی ئاگرتێبه‌ردانی سه‌مبۆلیكی، ڕووسه‌ری و فرێدان و ژێر پێ خستنی شاڵه‌كانی ملیان و په‌رێشان كردنی پرچی ژنان له‌ناو شه‌قامه‌كان، ماشێن و بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كانین.
ڕژیم و فه‌رمانده داماوه‌كانی، به‌شوێن دۆزینه‌وی شوێن پێ و سه‌ره‌داویی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه گشتیانه‌ن و زۆر گه‌مژانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناڕه‌زایه‌تی ژنان له دژی سته‌م و سووكایه‌تی، به كه‌س یان كه‌سانێك و ڕاگه‌یه‌نه‌ر و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه ده‌ره‌كییه‌كان، به هێرشی فه‌رهه‌نگی ڕۆژئاوا و هیتر، گرێ بده‌ن. ژنانی ئێران له‌م وه‌رزی گه‌رمایه‌دا له حیجاب و جل و به‌رگی زۆره ملێ بێزارن و ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌فامی ئیسلامی ،وه‌ك هه‌میشه توانای ده‌ركی ئه‌م دیارده سه‌ره‌تایی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانیه‌یان نییه و خستنه زیندان، ناردنی په‌یام و نامیلكه‌ی هه‌ڕه‌شه ئامێز، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردن له‌سه‌ركار و بێبه‌ش كردن له خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان، به‌ته‌نیا ڕێگا چاره ده‌زانن.
پانتایی جوگرافیای ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دژ به حیجابی زۆره ملێ، حزووری دایكان و دایه گه‌وره سه‌ر سپیه‌كان له ڕیزی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا و ته‌نانه‌ت حزووری ژنانی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی شه‌ڕی ئێران و عێراق و پشتیوانی به‌شێكی به‌رچاو له پیاوانی به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب و ئازادیخواز، ئیمكانی سه‌ركووت و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی له ئاستێكی به‌ربڵاودا، به ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆنه‌په‌ره‌ست و سه‌ره‌ڕۆ، نادات.
ڕه‌نگه له دونیای ئه‌مڕۆكه و ته‌نانه‌ت له‌ناو وڵاته موسڵمان نشینه‌كانیش، ته‌نیا داعشی شیعه له ئێران و داعشی سوننی له ئه‌فغانستانن كه به كوشتن و بڕین ده‌یانهه‌وێ چارشێو و حیجاب به‌سه‌ر ژناندا بده‌ن. ئاخووند عه‌باس محه‌ممه‌د حه‌سه‌نی، به‌رپرسی سازمانی عه‌قیده‌تی سیاسی ئه‌رته‌ش ده‌ڵێت، “ئه‌گه‌ر حیجاب وعیفاف وه‌ك یه‌كه‌م سه‌نگه‌ری شه‌ڕی نه‌رم له‌گه‌ڵ دوژمن له‌ده‌ست بچێت، سه‌نگه‌ره‌كانیتریش له‌ده‌ست ده‌ده‌ین.” به‌ڵام ئه‌م به‌ڕبه‌ڕیه‌ت و وه‌حشیگه‌رییه‌ی كه وه‌ك سه‌نگه‌ر ناوی لێده‌به‌ن، له ئاست خۆڕاگری و پێشڕه‌وی ژناندا ده‌وام ناهێنێت و بۆ تێكشاندنی ئه‌م سه‌نگه‌ره، پیاوانی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌بیش هاوڕێ و هاوخه‌باتی ژنانی سته‌م دیتوون.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیجابی ئیسلامی یه‌كه‌م هه‌نگاوه له پێناو ده‌سته‌به‌ر كردنی ئازادی زۆرتر و به‌ربڵاوتردا. جه‌ساره‌ت و بوێری ژنان ئه‌مڕۆكه بۆته دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی. ژنانی جه‌سوور و خه‌باتكار، شان به شانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی پێشڕه‌و، پێشه‌نگی ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و بونیادنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و ئینسانین. كۆمه‌ڵگایه‌كی كه تیایدا ئازادی تاك ڕه‌مزی ده‌سته‌به‌ر بوونی ئازادی گشتییه. كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان و تێروته‌سه‌ل كه له‌ودا، یه‌كسانی ژن و پیاو له‌هه‌موو بواره‌كانی كار و ژیاندا، مسۆگه‌ر بێت.
