کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستان

به‌ جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكۆژی ئیزه‌دییه‌كانی شه‌نگال له‌لایه‌ن پاڕلەمانی ئەڵمانه‌وه‌

به‌ جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكۆژی ئیزه‌دییه‌كانی شه‌نگال له‌لایه‌ن

پاڕله‌مانی ئاڵمان ڕۆژی هه‌ینی ١٧ی مانگی پووشپه‌ڕ، كۆمه‌ڵكۆژی ئیزه‌دییه‌كانی شه‌نگالی له‌ ساڵی ٢٠١٤ كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه ئه‌نجامدرا،‌ وه‌كوو جینۆساید ناساند.

پاش ئه‌وه‌ی کە گروپێکی لێکۆڵەری سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی گوڵانی ٢٠٢١دا ڕایانگەیاند، کە بەڵگەی تەواو و حاشاهەڵنەگریان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكۆژكردنی ئیزه‌دییه‌كان له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ لەبەردەستدایە، دادگای ئاڵمانیا، مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو کۆمەڵکوژیى “ئیزه‌دییەکان”ى بە جینۆساید ناساند و ڕۆژی ڕابردووش پاڕله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ فه‌رمی ئه‌و جه‌نایه‌ته‌ی وه‌كوو جینۆساید په‌سه‌ندكرد. جێگاى ئاماژەیە كه‌ ساڵی ٢٠١٤ی زاینی، تیروریستانی داعش هێرشیانکردە سەر شەنگال و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون و هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران و نزیکەی پێنج هەزار ژنی ئێزدییش لەلایەن تیرۆویستانه‌وه‌ ڕفێندران. تائێستا ٨٧ گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی تیرۆریستانی داعش لە شەنگال و دەوروبەری دەستنیشان کراون و ٤٠ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.