سزای لەسێدارەدانی “شاکر بێهرووزی” بەندکراوی سیاسی کە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣١ی دادگای باڵای ئێران پشتڕاستکرابوویەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جارێکی دیکە لەلایەن دادگای باڵا پشتڕاستکراوەتەوە و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی لە زیندانی ورمێ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “شاکر بێهرووزی” خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕژیم بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی دووەمی دادگای ئینقلابی هەمان شار بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.