بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان تەرمی “ئەسعەد سەیدانیفرد” سێیەمین کۆڵبەری ونبووی خەڵکی گوندی “باوان”ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، پاش ١٥٨ ڕۆژ لە بەرزاییەکانی گوندی “گەڵێشم”ی تورکیە دۆزرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو سێ کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی باوان بە ناوەکانی “بەهلوول سەیدانیفەر”، “بارزان مەهینی” و “ئەسعەد سەیدانیفرد” ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەرزاییەکانی نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیه لەنێو بەفر و کڕێوەدا ون ببوون و پاش ٥ مانگ لە بێ سەروشوێن بوون دوایین تەرمی ئەو کۆڵبەرانە بەهاوکاری خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە دۆزرایەوە. بەپێی هەواڵێکی دیکە، شەوی سێشەممە ٣١ی مانگی جۆزەردان بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پاتڕۆڵ لە سنووری هەنگەژاڵەی شاری بانە چوار کۆڵبەر بەسەختی برینداربوون و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی بانە کراون.