چوار موعەلیمی خەڵکی سنە بە ناوەکانی “محەممەد ڕەزا مورادی، سەلاح حاجی میرزایی، غیاس نیعمەتی و بێهزاد قەوامی” کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، چارەنووسیان نادیارە و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو چوار موعەلیمە هێشتا لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراون و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. جیگای ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە موعەلیمان و هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی ئەو موعەلیمانە، لە بەردەم دادگای ئینقلابی شاری سنە کۆبوونەتەوە و خوازیاری ئازادیی بێ مەرجی ئەو چوار بەندکراوە بوون.