چەند چەکدارێکی نەناسراو سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، هەڵیان کوتاوهته سەر بارەگای ئەنەکەسە لە شاری کۆبانێ و هاوکات دوو بارەگای دیکەی حیزبەکانی ئەندام لەو ناوەندەیان ئاگرتێبەردا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان چەند چەکدارێکی نەناسراو بارەگای ئەنەکەسە و حیزبی یەکێتی کوردستانی سوریە لە گەڕەکی “شەهید یەحیا” و هاوکات بارەگای حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی سوریە لە گەڕەکی شەهید “فوراسی” شاری کۆبانێیان ئاگر تێبەردا. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە چەند چەکدارێکی نەناسراو بە هەڵکوتانەسەر بارەگای حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی سوریە لە گەڕەکی “ئەلکلاسە” لە شاری حەسەکە ئاگریان لەو باڕەگایە بەردا و بەپێی میدیاکانی نزیک لەو حیزبانە ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیەش بارەگایەکی دیکەی ئەنەکەسە لە شاری درباسیە ئاگری تێبەردراوە. جێگای ئاماژەیە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کردەوانە لە ئەستۆ نەگرتووە.