سه‌ره‌ڕای خراپی باری ته‌ندرووستی “خه‌دیجه مێهدی پوور” زیندانی سیاسی به‌ندكراو له زیندانی ئیلام، به‌رپرسانی ئه‌منی زیندانی ئیلام ڕۆژی سێشه‌ممه ٣٠ی مانگی خاكه‌لێوه، ناوبراویان له ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به پێداویستییه‌كانی ده‌رمان بێبه‌ش كردووه.
به پێی ڕاپۆرتی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان، “خه‌دیجه مێهدی پوور” له ناحیه‌ی چاو و سیسته‌می گوارشه‌وه تووشی كێشه بووه و به‌رده‌وام وه‌زنی داده‌به‌زێت و باری ته‌ندرووستی زۆر خراپه به‌ڵام به‌رپرسانی زیندانی ئیلام هیچ سه‌ره‌نجێك به دۆخی خراپی سه‌لامه‌تی ناوبراو ناده‌ن و ته‌نانه‌ت له ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به پێداویستیه‌كانی ده‌رمانیش بێبه‌شیان كردووه. جێگای ئاماژه‌یه كه “خه‌دیجه مێهدی پوور” به تۆمه‌تی “ته‌بلیغ دژی نیزام” سزای ٢٠ مانگ زیندانی ته‌عزیری به‌سه‌ردا سه‌پاوه و له ماوه‌ی به‌ندكرانیدا چه‌ندین جار ئه‌شكه‌نجه و ئازار دراوه.