کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژراگه‌یاندنه‌كان

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار

artworks 000001260363 9xkvuf

ئه‌مساڵ له‌ باروودۆخێكدا به‌ره‌وپیری ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جێهانیی كرێكاره‌وه‌ ده‌چین كه‌ شه‌ڕێكی دژه‌ئینسانی له‌ ئۆكراین، كه‌ به‌ هاندانی ناتۆ و له‌ سه‌روویه‌وه‌ ئه‌مریكا و له‌گه‌ڵ هێرشی ده‌وڵه‌تی ئیمپریالیستیی ڕووسیه‌ بۆسه‌ر ئه‌م وڵاته‌ ده‌ستی پێكرد، سێبه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا كێشاوه‌. ئه‌گه‌ر شه‌ڕ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ ئیمپریالسیت و سه‌رمایه‌داره‌كان به‌ئامانجی دابه‌شكردنی جیهان به‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، هێوركردنه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتر له‌ قۆناغی دوای شه‌ڕ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ یه‌كێك له‌ ڕێكاره‌كانی تێپه‌ڕین له‌ قه‌یرانی ئابوورییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی ئێستا، بۆ چینی كرێكار و خه‌ڵكی بێبه‌ش كه‌ زۆرینه‌ی به‌رینی دانیشتووانی گۆی زه‌وی پێك دێنن، شه‌ڕ هیچ شتێك نییه‌ بێجگه‌له‌ كوشتار، ئاواره‌یی، چه‌وسانه‌وه‌ی به‌رینتر، سه‌ركوتی بێڕه‌حمانه‌تر، قاتی و بێببه‌شیی زیاتر.

هێشتا موسیبه‌تی كۆرۆنا كه‌ له‌ماوه‌ی ٣ ساڵی ڕابردوودا زیاتر له‌ ٥ ملیۆن قوربانی و پتر له‌ ١٥٠ ملیۆن زیاندیتووی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كۆتایی نه‌هاتووه‌ و هێشتا پاش له‌رزه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌ی‌ قه‌یرانی ئابووریی ٢٠٠٨ی زایینی هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی شه‌ڕی ئۆكراینیش به‌سه‌ر خه‌ڵكی جیهاندا سه‌پێندرا. مرۆڤایه‌تیی وشیار و پێشكه‌وتوو به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ و دواهاته‌كانی و له‌ په‌نا خه‌ڵكی شه‌ڕلێدراو و ڕه‌نجدیتووی ئۆكراین، هێرشی ڕووسیه‌ و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی ئیمپریالیستیی خۆیان ئاگری شه‌ڕ ده‌گه‌شێننه‌وه‌ مه‌حكووم ده‌كه‌ن و خوازیاری كۆتایی ده‌ستبه‌جێی ئه‌م شه‌ڕه‌ن. بێگومان له‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ئه‌مساڵدا، یه‌كێك له‌ داخوازییه‌ خێراكانی چینی كرێكاری جیهانی، كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ و كوشتنی ئینسانه‌ بێدیفاعه‌كانه‌ و پێویسته‌ له‌ ئێران و كوردستانیش بكه‌وێته‌ سه‌رووی درووشم و داخوازییه‌كانی مارشی جیهانیی ئه‌م ڕۆژه‌.

ڕێزگرتن له‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار له‌ ئێران پێشینه‌یه‌كی سه‌د ساڵه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی شكۆداری ١١ی گوڵانی ١٣٥٧، ئیمكانی به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ربه‌خۆی ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ زه‌بری زۆر و سه‌ركوت له‌لایه‌ن ڕژیمی مه‌زهه‌بیی تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه‌وه‌ له‌ كرێكارانی ئێران زه‌وت كرا و تا ئاستی ڕێوڕه‌سمی فۆرماڵ و ڕه‌سمیی حكوومه‌تیی پڕ له‌ ڕیاكاری، سنووردار كرایه‌وه‌. سه‌رانی كۆماری ئیسلامی هه‌موو ساڵێ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م بۆنه‌ مێژوویی و جیهانییه‌ له‌ ناوه‌رۆكی چینایه‌تی و شۆڕشگێڕانه‌ی به‌تاڵ بكه‌ن. ڕژیم به‌شێوه‌ی فریوكارانه‌ له‌جیات ڕۆژی كرێكار، حه‌فته‌ی كرێكار به‌رێه‌وه‌ ده‌بات. به‌پێی ئه‌م فێڵبازییه‌ حه‌فته‌ی كرێكار هه‌موو ساڵێ یه‌ك حه‌فته‌ به‌رله‌ ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار، ده‌ست پێ ده‌كات و له‌م ڕۆژه‌دا كۆتایی پێ دێت.

بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران سه‌ره‌ڕای بێبه‌شبوونی له‌ ئامراز و ناوه‌نده‌كانی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆ و چینایه‌تیی خۆی، له‌وانه‌ ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و دژه‌سه‌رمایه‌، مافی مانگرتن، كۆبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌سه‌ركردن، زیندان و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئیجباریی به‌شێكی به‌رچاو له‌ ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات یان ده‌ركردنییان له‌ شوێنه‌كانی كار و چالاكی، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئه‌كتیڤ و زیندوویه‌. خه‌باتی كرێكار دژبه‌ سه‌رمایه‌دار، چ به‌شێوه‌ی ئاشكرا و چ نهێنی، بابه‌تێكی ڕۆژانه‌یه‌ و له‌ خه‌سڵه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كار و سه‌رمایه‌ و پێویستیی دابینكردنی ژیانی كرێكار له‌ڕێگه‌ی فرۆشتنی ئیجباریی هێزی كاری خۆی، له‌ پێویستیی مانه‌وه‌ و مه‌یلی خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی توندتر و به‌ده‌ستهێنانی زێده‌بایی زیاتر له‌ هێزی كرێكار سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ڕاوه‌ستانی بۆ نییه‌. ئه‌ركی كرێكارانی وشیار و سۆسیالیست، ئاراسته‌دان به‌ خه‌باتی ڕۆژانه‌ی ئێستای كرێكاران و نوێنه‌رایه‌تیی كردنی قازانجی گشت چینی كرێكار به‌رامبه‌ر به‌ قازانجی گرووپی و ڕێبه‌ریی كردنی به‌رژه‌وه‌ندی درێژماوه‌ی چینی كرێكار  به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندی كاتی و كورت ماوه‌ی ئه‌م چینه‌ دایه‌‌. بێگومان هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتێك پێویستی به‌ وشیاری، یه‌كگرتوویی و ڕێكخراو هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌م فاكته‌رانه‌ش به‌رهه‌می خه‌باتن و له‌ هه‌مان حاڵدا خه‌باتیش به‌ پشت به‌ستن به‌وانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ جه‌رگه‌ی نه‌به‌ردی ڕۆژانه‌دا به‌ده‌ست دێن و سه‌قامگیر ده‌بن.

چینی كرێكار له‌ كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌ چینی كرێكاری ئێران، به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی هاوبه‌ش و له‌ هه‌مان حاڵدا ژان و ڕه‌نجی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌م چینه‌ له‌ئاستی سه‌رتاسه‌ریی ئێراندا هه‌یه‌. له‌ هه‌مان حاڵیشدا بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی كوردستان، بزووتنه‌وه‌یه‌كی واقعی و زیندوویه‌. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی بوێر و ناسراوی له‌ئاستی ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ كرێكارییه‌كانی جیهان، ده‌ناسرێته‌وه‌. چینی كرێكاری كوردستان سه‌ره‌ڕای سته‌می چینایه‌تی له‌گه‌ڵ سته‌می به‌رینتر و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ له‌ڕاستیدا سته‌می سیاسیی داسه‌پاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ندنشینه‌ به‌ره‌وڕووه‌ و باری سته‌می داسه‌پاوی دوو هێنده‌یه‌. هه‌ڵاواردنی ئابووری له‌په‌نا سه‌ركوتی به‌رینی سیاسی و ماڵ‌به‌كۆڵ بوونی به‌شێكی به‌رین له‌ كرێكارانی كوردستان له‌ حه‌قیقه‌تی بوونی ئه‌م سته‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ڕووكردنی به‌شێكی زۆر له‌ كرێكارانی كوردستان به‌ كاری وه‌رزی، به‌كار له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانی ئێران و له‌ كوردستانی عێراق، به‌ ده‌ستفرۆشی و كۆڵبه‌ری كه‌ نان به‌ قیمه‌تی ژیانه‌، له‌ئاكامی سه‌ركوتی بێره‌حمانه‌ و میلیتاریزه‌كردنی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی دژه‌خه‌ڵكی، هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیی چینی كرێكاری له‌ كوردستان بۆ ڕێكخستن و پێكهێنانی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ریی خۆی تووشی به‌ربه‌ست كردووه‌. كوشتارێك كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ كرێكارانی كۆڵبه‌ر ده‌كرێت، له‌ هیچ به‌شێكی تر له‌ ئێران نابیندرێت. به‌پێی ئاماری به‌ڵگه‌مه‌ند له‌ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر له‌ هه‌زار و ٦٣٧ كرێكار و كاسبكاری كۆڵبه‌ر له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌ سنوورییه‌كان كوژراون و بریندار بوون. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م ڕاستییانه‌، كرێكارانی پێشڕه‌وی كوردستان په‌یامهێنی ئازادی و به‌رابه‌ری بۆ باقیی هاوچێنه‌كانی خۆیان له‌ هه‌موو ئێران بوون. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی كوردستان، له‌ حزووری به‌هێزی ڕه‌وتی چه‌پ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و چالاكبوونی له‌ هه‌موو بواره‌كانی خه‌بات‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ هه‌م به‌شێك له‌ هێز و وزه‌ی خۆی له‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری وه‌رده‌گرێت و هه‌م له‌سه‌ر سیاسی بوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ریی حاشاهه‌ڵنه‌گر داده‌نێت.

سوننه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له‌ناو كرێكارانی كوردستان و سوننه‌تی ده‌ركردنی بڕیارنامه‌ و گه‌ڵاڵه‌كردنی خواست و داخوازیی كرێكاران ڕوو به‌ ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵ، بووه‌ته‌ سوننه‌تێكی جێكه‌وتوو و ماندگار. له‌ فه‌زای زه‌بروزه‌نگ و سه‌ركوتی ده‌یه‌ی ٦٠دا، به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد، سه‌قز، سنه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ به‌ هه‌وڵی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی ئه‌م شارانه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ دره‌وشاوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ كوردستانن‌. وتاری “جه‌ماڵ چراغ وه‌یسی” له‌ ڕێبه‌ران و چالاكانی كرێكاریی سنه‌ له‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ١٣٦٨ له‌ ساڵۆنی ته‌ختی كه‌ هه‌ڵبه‌ت گیانی له‌م پێناوه‌دا به‌ختكرد، له‌ نموونه‌كانی خه‌باتی گیانفیدایانه‌یه‌ بۆ جێخستنی سوننه‌تێكی كرێكاری له‌ كوردستانن.

له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو و له‌ جه‌رگه‌ی سه‌ركوت و دیكتاتۆریی خوێناویی كۆماری ئیسلامیدا، كرێكارانی كوردستان به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له‌‌ ئاست  و شێوازی جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌م سوننه‌ته‌ جیهانی و چینایه‌تییه‌یان به‌رز ڕاگرتووه‌ و وه‌ك چینێك كه‌ خوازیاری گۆڕینی ڕیشه‌یی په‌یوه‌ندی كار و سه‌رمایه‌یه‌ خۆی ده‌رخستووه‌ و پێداگرتر له‌ ڕابردوو هاتوونه‌ته‌ مه‌یدانی خه‌باتی چینایه‌تییه‌وه‌. ئه‌مساڵیش شایسته‌یه‌ كه‌ چالاكان و ڕێبه‌رانی كرێكاری له‌ كوردستان به‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌رینتر له‌ ڕابردووی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌م ڕۆژه‌، به‌ره‌وپیری ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌یه‌وه‌ بچن. پێویسته‌ ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی له‌ شه‌قام و مه‌یدانی شاره‌كان، له‌ ناوه‌نده‌كانی كار و به‌رهه‌مهێنان به‌ به‌شداریی كرێكاران و خه‌ڵكی یه‌كسانی خواز و به‌شێوه‌ی ئاشكرا به‌ڕێوه‌بچن. پێویسته‌ خواست و داخوازییه‌كانی كرێكاران، به‌تایبه‌ت بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست به‌نیسبه‌ت سه‌به‌دی بژێو و ته‌وه‌رۆمی ئێستا، كار یان بیمه‌ی بێكاری، دابینكردنی ته‌ندرووستی و ده‌رمان به‌ هه‌زینه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی ڕێكخراو، ناڕه‌زایه‌تی، كۆبوونه‌وه‌ و مانگرتن، ئازادیی ده‌ستبه‌جێی كرێكارانی به‌ندكراو و هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ و ئیمپریالیستیی و باقیی داخوازییه‌ خێراكانی تری كرێكاران، له‌ بڕیارنامه‌كانی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی كرێكاراندا گه‌ڵاڵه‌ و فۆرموله‌ بكرێن.

ڕۆژی كرێكار، ڕۆژی گشت چینی كرێكار وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی واحیده‌. ئه‌م ڕۆژه‌، ڕۆژی جێژنی كرێكاران، ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی مانیفێستی كرێكاران دژبه‌ سه‌رمایه‌داران، ڕۆژی ٩٩ له‌سه‌دییه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك له‌سه‌دییه‌كانه‌. له‌م ڕۆژه‌دا شه‌قام و مه‌یدانه‌كانی شار هی كرێكارانه. له‌م ڕۆژه‌دا پێویسته‌ چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان به‌ فه‌رمانی كرێكاران و له‌پێناو خزمه‌ت به‌ یه‌كگرتوویی، ڕێكخستن و ڕه‌زمی شۆڕشگێڕانه‌یان، له‌ هه‌ڵسووڕان بكه‌وێت. له‌م ڕۆژه‌دا، گشت كۆمه‌ڵ و گشت مرۆڤایه‌تی، پێویسته‌ شنه‌ی هیوا به‌ ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی له‌ چنگ وه‌حشیگه‌ری و به‌ربه‌ریتی نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌ شوێنی كار و ژیانی خۆی هه‌ست پێ بكات. ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی یه‌كگرتوویی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی چینی كرێكار بۆ ئازادی و ڕزگاری، مزگێنیده‌ری كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستییه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی وشیار و خه‌باتكاری چینی كرێكاری جیهانی.

بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی

بژی یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی جیهانیی چینی كرێكار

كۆمه‌ڵه‌

ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠١