بەهۆى پێنەدانی حەقدەستی کرێکارانى کۆمپانیاى “گارێکس” بۆ کارى پاککردنەوە، بۆ ماوەیەک ڕێگای سەرەکیی نێوان ڕانیە – قەڵادزێیان داخست و ڕایانگەیاند، تاوەکو سەرجەم مافە داراییەکانمان وەرنەگرین بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی دەربڕین.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کرێکارانی کۆمپانیای “گارێکس” بۆ کارى پاککردنەوە لە سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین –ى سەر بە ئوستانی سلێمانى، لەسەر پردی شارەدێى سەنگەسەر کۆبوونەوە و بۆ ماوەیەک ڕێگای سەرەکیی نێوان هەردوو شاری قەڵادزێ – ڕانیەیان داخست. لەبارەى هۆکارى کۆبوونەوەکە “ھادی خدر“، یەکێک لە کرێکارانی کۆمپانیای “گارێکس” ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بەهۆى پێنەدانی حەقدەستەکانمان بۆ ماوەى ٤٠ ڕۆژ لەناچارییدا ھاتووینەتە سەرشەقام و ڕێگاى هاتوچۆمان داخستووە، چونکە بەڕاستى گوزەرانى ئێمە زۆر سەخت و خراپە. ئەو کرێکارە لە درێژەدا ئاماژەی بەوە دا کە حەقدەستی کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە لە شاری ڕانیە دابەشکراوە، بەڵام ٤٠ ڕۆژە حەقدەستەکانی ئەوان دواخراوە.