به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، كۆمه‌ڵێك له ژنانی ئازاده و یه‌كسانیخوازی شاری سنه و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له چالاكانی مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزی ئه‌و شاره، به كۆبوونه‌وه له “گوێزه كوێر”ی ئاویه‌ری سنه، ڕێپێوانێكی ناڕه‌زایه‌تییان به بۆنه‌ی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن به‌ڕێوه‌برد.
له‌و كۆبوونه‌وه‌دا چه‌ندین كه‌س له ژنانی به‌شداربوو پیامه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به ٨ی مارس خوێنده‌وه كه به‌شێك له‌و په‌یامه به‌م شێوه‌یه: “ڕۆژی ژن پیرۆزبێت. ئه‌و ڕۆژه ڕۆژی به‌رگری و خه‌باتی ژنانه دژی هه‌ر چه‌شنه سته‌م و هه‌ڵاواردان و توندووتیژی كه به درێژایی مێژوو و به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك له لایه‌ن نیزامی پیاوسالار و دژه ژن، هه‌روه‌ها سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاوه. ئه‌مڕۆ ژنان له ته‌واوی جیهاندا دژی ئه‌و هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌رییه خه‌بات ده‌كه‌ن”. ژنانی به‌شداربوو له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پلاكارد به دروشمه‌كانی: “ژن، به‌رگری، ئازادی”، “نابۆ ژن كوژی”، “جه‌سته‌ی من هینی خۆمه”، “نا بۆ توندووتیژی سیستماتیك دژ به‌ژنان”، “هه‌موومان له به‌رانبه‌ر كوشتنی ژنان به‌رپرسیارین”، “ئازادی ژن، ئازادی كۆمه‌ڵگایه”، “بژی ٨ی مارس”، “توندووتیژی ئه‌مڕۆ دژ به منه و به‌یانی دژ به تۆیه” و “ئه‌بێ بێده‌نگی بشكێنین”، ٨ی مارس ڕۆژی جیانی ژنیان به‌رزڕاگرت.