ئه‌مساڵ له باروودۆخێكدا ٨ مارس ڕۆژی جیهانیی ژن و ڕۆژی خه‌باتی بۆ ڕزگاریی ژن به‌رز ڕاده‌گرین كه شه‌ڕێكی ماڵوێرانكه‌ر له‌گه‌ڵ هێرشی قورسی هێزه‌كانی ئه‌رته‌شی ڕووسیه بۆسه‌ر وڵاتی ئۆكراین، له حاڵی ته‌شه‌نه سه‌ندندایه. شه‌ڕێك كه هه‌تا ئێستا خه‌ساری فراوانی مرۆیی و ماددیی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. ئه‌م شه‌ڕه دژه خه‌ڵكییه درێژه‌ی سیاسه‌تی ئیمپریالیستی، به‌شێوه‌ی خوێناوی له‌پێناو دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی سیاسه‌تمه‌دارانی گه‌نده‌ڵ و دژه خه‌ڵك، كۆمپانییه گه‌وره ئابووری و نیزامییه‌كان له ئاستی ناوچه‌كه و جیهان دایه. مه‌ترسیی په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ گشت خه‌ڵكی ئاشتیخوازی جیهان و به‌تایبه‌ت قاره‌ی ئۆرووپای نوقمی نیگه‌رانی و ترس كردووه. ئۆرووپا كه مۆته‌كه‌ی دوو شه‌ڕی ئیمپریالیستیی یه‌كه‌م و دووهه‌می جیهانی، به ده‌یان ملیۆن كوژراو و بریندار و تریلیۆنها دۆلار خه‌ساره‌تی ماڵی و وێرانیی ڕێژخانه ئابوورییه‌كانی تێپه‌ڕاندووه، له‌ئێستادا له‌ناو ترس له كاره‌ساتی شه‌ڕێكی گشتگیر به‌ڵام تووڕه له هۆكار و بڕیارده‌رانی، چاوه‌ڕوانی دواهاتهكانییهتی.
ژنان له شه‌ڕدا به‌رده‌وام زیاتر له پیاوان له‌به‌رده‌م نه‌هامه‌تی و زیانه خۆفناكهكانیدا بوون، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه ژنانی خه‌باتكار و پێشڕه‌و هه‌میشه پێشه‌نگی ناڕازیانی دژی شه‌ڕ، مزگێنیده‌رانی ئاشتی و په‌یامهێنه‌رانی ئازادی و ئه‌منییه‌ت له جیهان و له ڕۆژانی سه‌ختدا بوون. بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی ژنان به‌تایبه‌ت له ئه‌مریكا و ئۆرووپا پێشڕه‌وانی خه‌بات له‌دژی شه‌ڕ و خه‌بات بۆ گه‌یشتن به مافی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوان بوون. سوننه‌تی ڕۆژی جیهانیی ژن به خه‌باتی فیداكارانه‌ی كرێكارانی ژنی پارچهچنین و جلدۆزیی له نیۆیۆرك له ساڵی ١٨٥٧ی زایینی به خواستی چینایه‌تیی هێنانه‌خواره‌وه‌ی سه‌عاتی كار، بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست و باشتركردنی باروودۆخی نامرۆڤانه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی هێزی كاری ژنان ده‌ستیپێكرد. ژنانی وشیار و شۆڕشگێڕی ڕێكخراو له ئه‌نترناسیۆناڵی دووهه‌م و له‌سه‌ر داهێنانی ژنه خه‌باتكاری سۆسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كۆمۆنیستیی جیهانی “كلارا زێتكین” و به ئیلهام وه‌رگرتن له خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی ژنانی كرێكار له ئه‌مریكا، له دووهه‌مین كۆنفڕانسی ژنانی سۆسیالیست له ساڵی ١٩١١ خواستی دیاریكردنی یه‌ك ڕۆژیان وه‌ك “ڕۆژی جیهانیی ژن” هێنایه گۆڕێ. دوو ساڵ دواتر و له ساڵی ١٩١٣دا ده‌بیرخانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان(یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی ئهنترناسۆناڵی دووهه‌م)، ڕۆژی ٨ی مارسی وه‌ك “ڕۆژی جیهانیی ژن” دیاری كرد و ڕایگه‌یاند. له ساڵی ١٩٢١ و له “كۆنفڕانسی ژنانی ئه‌نترناسیۆنالیستی كۆمۆنیستیی سێهه‌م” كه له مۆسكۆ به‌ڕێوه‌چوو، ٨ی مارس وه‌ك “ڕۆژی جیهانیی ژن” بۆ جارێكی دیكه ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كراوه. له په‌سندكرانی ٨ی مارس وه‌ك ڕۆژی جیهانیی ژن هه‌تا ئێستا ١٠٩ ساڵ تێپه‌ڕبووه. له ماوه‌ی هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا ژنانی كرێكار و ئازادیخواز، به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ پیاوانی خه‌باتكار و یه‌كسانیخواز كه ئه‌ساسه‌ن له به‌ره‌ی چه‌پ و سۆسیالیستی كۆمه‌ڵگای له حاڵی نه‌به‌رددا بوون، ماف و داخوازییه‌كانیان به فیداكاری، گیانفیدایی و قوربانی دانی فراوان به‌ده‌ست هێناوه و بزووتنه‌وه‌ی ژنانیان چه‌ندین هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه بردووه.
ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی وه‌ك هێمای دیاری ده‌سه‌ڵاتێكی دینیی داكۆكیكاری نیزامی چینایه‌تیی سه‌رمایه‌داری، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه یه‌كێك له پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌سه‌ر زه‌وتكردنی مافی ئینسانیی ژنان دامه‌زراند. ئه‌م ڕژیمه وه‌ك نوێنه‌ری به‌ربه‌رییه‌تی نیزامی سه‌رمایه‌داری، دوو باسكی مه‌زهه‌ب و پیاوسالاریی به هه‌موو تواناوه دژبه ژنان به‌كارهێنا. بیبهزهیانهترین شێوازه‌كانی توندوتیژی و سووكایه‌تی دژبه ژنان له ڕژیمی ئسیلامیدا به‌یاسا ده‌رهاتن. منداڵ هاوسه‌ری، په‌ره‌پێدان به له‌شفرۆشی له‌ژێرناوی سیغه، لێخۆشبوونی یاسایی له قه‌تڵی ژنان به بیانووی نامووسی، بێبه‌ری كردنی ژنان له مافی سه‌رپه‌رستیی منداڵان، زه‌وتكردنی مافی قه‌زاوه‌ت له ژنان، زه‌وتكردنی مافی سه‌فه‌ر به‌بێ ئیزنی پیاوان، یاسایی بوونی مافی دوو ژن به‌رابه‌ری یه‌ك پیاو، ته‌نیا به‌شێك له یاسا دژهژنهكانی ڕژیمی ئسیلامین.
به‌ڵام به به‌رینایی وه‌حشیگه‌ری و سه‌ركوتگه‌ریی كۆماری ئیسلامی له‌دژی ژنان، خۆڕاگری و خه‌باتی ژنان له‌ئاستی كۆمه‌ڵگا، شوێنی كار و بنه‌ماڵه، یه‌كێك له لاپه‌ڕه دره‌وشاوه‌كانی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی ٤ ده‌یه‌ی ڕابردووی ژنانی ئێران بووه. كه‌م نین ئه‌و ژنه كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی كه له‌ناو سیاچاڵه‌كانی ڕژیمی ئسیلامیدا خه‌باتیان كرد، ته‌سلیم نه‌بوون و گیانی ئازیزیان له‌پێناو ئارمانه بهرزهكانیاندا فیدا كرد. كه‌م نین ئه‌و ژنه خه‌باتكارانه‌ی كه له خه‌بات و نه‌به‌ردی چه‌كداری و سه‌ربه‌رزانه‌ی كوردستان له به‌رامبه‌ر هێرشی له‌شكره‌كانی حكوومه‌تی ئسیلامیدا قاره‌مانانه شه‌ڕیان كرد، گیانیان به‌ختكرد و بوون به ڕه‌مزی هه‌زاران ژن و كچی شۆڕشگێڕ و ناویان نهسلها ده‌مێنێته‌وه. كه‌م نین ژنان و كچانی یاغی له سته‌م و دیكتاتۆری كه چارشێو و حیجابی ئیجباریی ئیسلامی، واته سه‌مبۆلی وه‌حشیگه‌ری و به‌ربه‌رییه‌تی پیاوسالاریی دینییان له مه‌یدان و چوارڕاكان به دار و دیواره‌وه هه‌ڵاوه‌سی و هاواری به‌رابه‌ری و ئینسانییه‌تیان به‌رز كرده‌وه. كه‌م نین ژنان و كچانێك كه له ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی مافخوازانه‌ی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران، خوێندكاران و بزووتنه‌وه‌ی یه‌كگرتوو و سه‌رتاسه‌ریی مامۆستایان، خانه‌نشینكراوان و زه‌ره‌رمه‌ندان هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و خواستی ئازادی و به‌رابه‌رییان وته‌وه و سینگیان له به‌رامبه‌ر سه‌ركوتگه‌رانی بێبه‌زه‌ییدا كرد به قه‌ڵغان و له‌رزه‌یان خسته جه‌سته‌ی پرتووكاوی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئێران.
له قۆناغی بڵاوبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا له ئێران كه به فه‌رمانی حكوومه‌تیی خامنه‌یی و به ڕێگری له هاتنی “واكسێنی ئه‌مریكایی و ئینگلیسی” ملیۆنان كه‌س له خه‌ڵكی ئێران ئاڵووده‌ی ئه‌م ویرووسه بوون و سه‌دان هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، ژنان له ناوه‌نده ده‌رمانییه‌كان، چ وه‌ك فریاڕه‌سی كۆمه‌ڵایه‌تی، چ وه‌ك دایك و په‌رستاری بنه‌ماڵه، زۆرترین ژماره‌ی قوربانییانی ویرووسی كۆرۆنایان پێكهێنا.
ئێستا له باروودۆخێكدا كه زۆربه‌ی خوێنده‌وارانی ناو ناوه‌نده‌كانی خوێندن و زانكۆكان و هه‌روه‌ها خاوه‌ن بڕاوانامه زانسیتییهكان ژنانن و له نه‌به‌ردی زانست دژبه جه‌هل و خورافه ژنان پێشه‌نگن، ئاگاهانه و به‌مه‌ستی پاراستنی زێده‌بایی هێزی كار دژبه به‌شی له‌سه‌ركار و هێنانه خواره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان، زۆربه‌ی بێكارانی كۆمه‌ڵگا ژنان پێكی دێنن. كۆماری ئیسلامی به سه‌ركوتی به‌رینی ژنان و سیاسه‌ت و تاكتیكی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌وڵی دا تا ئهقرهبهكانی زه‌مان بگه‌ڕێنێته‌وه دواوه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵێكی كۆنه‌په‌رستانه، ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی مێژوو درێژه‌ی هه‌یه و به حوكمی ئاڵوگۆڕه گرینگه جیهانییه‌كان و وشیاری و ئاگاداربوونی مرۆڤه‌كان له مافی تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان، له ئێرانیش ته‌پڵی ڕسوایی ئه‌م ڕژیمه دژه ژنه له‌ئاستی جیهاندا وه‌ده‌نگ هاتووه و ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی خستووه‌ته ناو ڕیزی یه‌كێك له بێزرلێكراوترین ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیهان. وه‌ها ئاڵوگۆڕێك ئه‌گه‌رچی به به‌های قوربانی بوونی گیانی زۆر كه‌س ته‌واو بوو، به‌ڵام ئاسۆی سه‌ركه‌وتنی دره‌وشاوه‌تر نیشان داوه.
له ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، شه‌قام و مه‌یدانی شاره‌كانی جیهان ڕه‌نگ و بۆیه‌كی دیكه به‌خۆی ده‌گرێت. بۆنی گه‌نیوی پیاوسالاری و دژه‌ژنبوون له هه‌موو كاتێك كه‌متر ده‌بێته‌وه. له‌م ڕۆژه‌دا ئه‌رته‌شی ژنان و پیاوانی كرێكار، مرۆڤی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب، كۆمۆنیست و سۆسیالیسته‌كان به به‌شداری و حه‌ره‌كه‌ت له ڕیزی یه‌كگرتوودا، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دژبه نیزامی هه‌ڵاواردنی سه‌رمایه‌داری هه‌ڵده‌بڕن و جیهانێكی به‌دوور له سته‌م و سه‌ركوت، جیهانی سۆسیالیسم كه تێیدا ڕزگاریی ژن به‌ته‌واوی وه‌دی دێت، مزگێنی ده‌ده‌ن. دژایه‌تی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێستا له ئۆكراین و خواستی ئاشتی و مهحكوومكردنی ده‌سه‌ڵاته ئیمپریالیسته‌كان پارێزه‌ری ئه‌م شه‌ڕه، پێویسته له سه‌رووی خواسته و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م ڕۆژه‌دا بێت.
له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵات و سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامی‌دا، ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕه‌سمییه‌تی یاسایی نییه. دژایه‌تیی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕۆژه له دژایه‌تیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ ژنان و هه‌مووجۆره بزووتنه‌وه‌یه‌كی یه‌كسانیخواز له‌وانه بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ٨ی مارسی ئه‌مساڵ ده‌توانێ ڕۆژی گه‌ڵاڵه‌كردنی خواست و داخوازیی ژنان، ڕۆژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی به‌رابه‌ریخوازیی ژن و پیاو، ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تی دژبه توندوتیژی و كوشتنی ژنان له كۆمه‌ڵگای پڕجموجۆڵ و ڕوو له ئاڵوگۆڕی ئێران‌دا بێت. داخوازیی و خواستی ژنان، خواست و داخوازیی چینی كرێكار و به‌شی وشیار، پێشكه‌وتوو و یه‌كسانیخوازی كۆمه‌ڵگایه.
كۆمه‌ڵه وێڕای پیرۆزبایی و ڕێزگرتن له ڕۆژی جیهانیی ژن، هه‌موو ژنان و پیاوانی وشیار و به‌رابه‌ریخواز بانگه‌شه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی دژبه سته‌م و سه‌ركوتی ژنان و سیاسه‌تی دژه‌مرۆیی كۆماری ئیسلامی له‌م ڕۆژه‌دا ده‌كات.
پێرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
بژی سۆسیالیسم
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه
ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٨ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٤٠٠
٢٧ی فێوریه‌ی ٢٠٢٢