کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

“ئۆتۆبووس خەوەکان”یش بە لیستی “بێ خانە و لانەکان” زیاد بکەن!

قەیرانی مەسکەن لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێتەوە. هەواڵنێرییەکانی تاران باس لەوە دەکەن کە پێویستە بە دیاردەکانی وەک کارتۆن خەوی، گۆڕخەوی، سەربان خەوی، پەنابردنی بنەماڵەکان بۆ گەرمخانەکان و چارداخنشینی، “ئۆتۆبووس خەوی”ش زیاد بکرێت. ڕۆژنامەی “تەجارەت نیووز”ی چاپی تاران لەم بوارەدا دەنووسێت: کەسانێک کە توانای دابینکردنی هەزینەی مەسکەنیان نییە شەوانە لە ئۆتۆبووسی مەسیرە دوورودرێژەکاندا دەخەوەن. هەزینەی خەو لە ئۆتۆبووسەکانی شەوانەی تاران بەپێی مەودایەک کە ئۆتۆبووسەکان دەیپێون، جیاوازە. دوو مەسیری ڕێگەی ئاسن بۆ تەجریش و ئازادی بۆ تاران پارس، وەک دوورودرێژترین مەسیرەکانی ناو شار، “گونجاوترین” خابگای بێ ماڵ و حاڵانن. بە وتەی شۆفیر ئۆتۆبووسەکان: “هێندێک لە بەیانییەوە تا شەوێ کار دەکەن” و شەوانە بەهۆی ئەوەیکە ناتوانن کرێی شوێنی خەو بدەن، پەنا بۆ ئۆتوبووسەکانی ناو شار دەبەن.

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سەهمی هەزینەی مەسکەن لە سەبەدی بنەماڵە شارنشینەکانی ئێران نیشانیان داوە کە ٦٠ تا ٧٠ لەسەدی داهاتی بنەماڵە کرێنشینەکان دەکرێتە خەرجی مەسکەن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە مامناوەندی ئەم ڕێژەیە لە ئاستی جیهاندا ١٨ لەسەد بەراورد کراوە. ڕۆژنامەی هەمشەهری لە ڕاپۆرتێکیدا لەمبارەوە دەنووسێت: “سه‌همی هه‌زینه‌ی مه‌سكه‌ن له‌ سه‌به‌دی بژێوی بنه‌ماڵه‌یه‌كدا له‌ ئاستی جیهان به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند ١٨ له‌سه‌ده‌ و به‌رز و نزمییه‌كانی له‌ نێوان ١٥ بۆ ٢٥ له‌سه‌د دایه‌. واته‌ یه‌ك كه‌س به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند له‌ بری حه‌قده‌ستی یه‌ك سه‌عات و نیویی كاری ڕۆژانه‌ ده‌توانێ كرێی ماڵ و هه‌زینه‌ی نیشته‌جێ بوونی خۆی له‌م ڕۆژه‌دا دابین بكات و ماباقیی حه‌قده‌سته‌ ٦ سه‌عات و نیوه‌كه‌ی بكاته‌ هه‌زینه‌ی دابینكردنی باقیی پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی له‌وانه‌ خۆراك، پۆشاك، سه‌یران، وه‌رزش، ده‌رمان و هیتر.” له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌ كه‌ سه‌همی هه‌زینه‌ی مه‌سكه‌ن له‌ سه‌به‌دی بنه‌ماڵه‌یه‌كی شاری له‌ ئێران به‌رابه‌ره‌ له‌گه‌ڵ حه‌قده‌ستی ١٦ سه‌عات كاری ڕۆژانه‌. به‌ واتایه‌كی دیكه‌، سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه‌یه‌ك مانگانه‌ دوو به‌رابه‌ری ئه‌و حه‌قده‌سته‌ی كه‌ یاسای كار بۆ ٨ سه‌عات كاری ڕۆژانه‌ی دیاری كردووه‌ ده‌بێ بكاته‌ هه‌زینه‌ی دابینكردنی مه‌سكه‌ن.

بازاڕی مەسکەن لە ئێران بۆ ڕانتخۆران، سوڵتانەکانی ئاسن، سیمان، دار، گەچ، ئاجۆر و کەرەستەکانی دیکەی بیناسازی، زەویخۆران، کێوخۆران، جەنگەڵخۆران، کاربەدەستانی ئەمنی و نیزامی و دەزگای ڕووحانییەت، بووەتە سەرچاوەی داهاتی نجوومی. کارناسانی بواری مەسکەن لەسەر ئەو باوەڕەن کە کێشەی بازاڕی مەسکەن نەک کەمبوونی مەسکەن بەڵکوو بوونی ملیۆنان ماڵی بەتاڵ و کڕینی ماڵ بە ئامانجی سەرمایەگوزارییە.

ئەو ئامارانەی کە لە لایەن خودی دەسەڵاتی ئیسلامییەوە بڵاودەکرێنەوە بەڕوونی نیشانی دەدەن کە چلۆن ملیۆنان لاوی ئەم وڵاتە نە توانای کڕینی ماڵیان هەیە و نە تەنانەت دەشتوانن ماڵ بەکرێ بگرن و ناچارن بەپێچەوانەی مەیل و خواستی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بژین و ئەزموونی ژیانی سەربەخۆیان لێ زەوت کراوە.

هەر بەپێی ئەم ئامارانە لەئێستادا پتر لە ٨ ملیۆن بنەماڵە لە ئێران لە هەبوونی یەکەیەکی نیشتەجێ بوون بێبەرین. هەڵبەت ئەگەر بێبەشبوون لە مەسکەنی گونجاو بکەینە پێوەری هەڵسەنگاندن، بێجگەلە بنەماڵە خاوەن سەرمایەکان و دەوڵەمەندان و کاربەدەستانی باڵای دەوڵەت، باقیی بنەماڵە ئێرانییەکانی دیکە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ کێشەی مەسکەن بەرەوڕوون. بەم ئامارە پێویستە لیستی ماڵە قەدیمی و پرتووکاوەکان و نزیکەی ٧٠٠ هەزار ژن و شووی لاو ئیزافە بکرێت کە هەموو ساڵێ بە داواکارانی مەسکەن زیاد دەبن.

لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە لە پەنا دیکتاتۆریی مەزهەبییەوە، ئینسانەکان بە بێرەحمانەترین شێوە دەچەوسێنەوە و دزی، تاڵانکردن، گەندەڵیی ماڵی و ئیداری سنوورێک ناناسێت، دەبێ ملیۆنان ئینسان بێسەرپەنا و بێ ماڵوحاڵ بن. لە مەملەکەتێکدا کە خاوەنی دەریایەک لە سەروەت و نیعمەتە و هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لەدەستی مشتێک زەرووسفەت و دز و قاتڵ دایە و سەروەتی ئاخوند و پارێزەر و وەزیر و فەرماندە نیزامییەکەی سەری لە ئاسمان داوە، دەبێ ملیۆنان ئینسان بێسەرپەنا و بێماڵوحاڵ بن.

ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ مه‌سكه‌نی گونجاو، سالم  و هه‌رزان مافی سه‌ره‌كیی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و  هه‌موو هاووڵاتییانی ئه‌م وڵاته‌یه‌. دابینكردنی مه‌سكه‌ن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئیسلامیدا بووه‌ته‌ كابووسێك بۆ ملیۆنان كه‌س له‌ خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و توێژه‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌شێك له‌ چینی مامناوه‌ند. هه‌بوونی شوێنی نیشته‌جێ بوونی گونجاو و ئه‌من مافی هه‌موو ئینسانێكه‌. حكوومه‌تی ئیسلامی كه‌ له‌ دابینكردنی مه‌سكه‌ن بۆ خه‌ڵك بێتوانایه‌ و  سه‌روه‌ت و سامانی وڵات ده‌كاته‌ خه‌رجی تیرۆریسم له‌ ده‌ره‌وه‌ و سه‌ركوت و كوشتار له‌ ناوخۆی وڵات، لیاقه‌تی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا نییه‌. ئه‌مڕۆ پتر له‌ هه‌ر كاتێك ئه‌منییه‌ت و خۆشبژێویی خه‌ڵك به‌ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامییه‌وه‌ گرێ دراوه‌.