کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستیی کورت کردنەوەی دەستی ئەوباشی حکوومەتی ئیسلامی لە دایکانی گیان بەختکردووان!

001 37

دایکانی بەندکراوان و گیان بەختکردووانی سیاسی، دایکانی پێشمەرگە و گەریلاکان لە کوردستان هێما و نیشانەی خۆڕاگری و خەباتی جەماوەر و نەتەوەیەکن کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری، ئازیزترین ڕۆڵەکانی خۆیان لەدەست داوە و یان لە سیاچاڵەکاندا لەژێر ئەشکەنجە دان و شیاوی زۆرترین ڕێز و ستایشن.

دایکانی خاوەران لە ئێران و دایکانی پارکی لالە کە بێباکانە لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی زاڵدا سینگیان کردووەتە قەڵغان و بوونەتە دەنگی ئێعدامکراوانی دەیەی ٦٠ی ئێران، دایکانی گیان بەختکردووانی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ کە لە ئاستی جیهانیدا دەستیان داوەتە دادخوازی، دایکانی ئاشتی لە کوردستانی تورکییه کە ڕۆڵێکی گرینگ لە ئاشکراکردنی جەنایاتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکییەدا دەبینن، دایکانی فەلەستینی کە ڕۆڵەکانیان لە زیندانی داگیرکەرانی ئیسرائیلی دان و بە سەرپۆشی سپییەوە لەم زیندان بۆ ئەو زیندان دەڕۆن، دایکانی پێشمەرگە و گەریلاکان لە کوردستان، چەند نموونەی بەرچاوی دەورونەخشی دایکان لەپێناو وەدیهێنانی ئارمانی ئینسانی و ئازادیخوازانەی ڕۆڵەکانیان نیشان دەدەن.

ڕژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار لە ئێران لەو دەسەڵاتانەیە کە دایکانی چالاکانی سیاسی، زیندانی و ئەشکەنجە دەکات و دووریان دەخاتەوە و لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک بۆ کپ کردنی دەنگی ئەم دایکە جەرگ سووتاونە کۆتایی نەکردووە و ناشیکات. نوێترین نموونەی ئەم بێرەحمی و کینەیە، بریندارکردنی دایکی پیری سەتار بەهەشتییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی سەتار بەهەشتی، کاتژمێر ١١ی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز بە کاتی تاران، گەوهەر عێشقی لە مەسیری چوون بۆ سەر گڵکۆی ڕۆڵەکەی سەتار بەهەشتی دەکەوێتە بەر هێرشی دوو مۆتۆرسوار و بەهۆیەوە بێهۆش دەبێت و لەسەر عەرز دەکەوێت. کەسانی ڕێبوار ناوبراو بۆ نەخۆشخانە دەگوازنەوە. یەکێک لە شایەتحاڵان بە نوێنەرایەتیی ئەم ناوەندەی وتووە کە: “دایە گەوهەر عێشقی، ئەستێرەی درەوشاوی ڕۆبات کەریمە و زۆربەی خەڵک دەیناسن و ساڵەهایە هەموو ڕۆژێ لەم سەعاتەدا دەچێتە سەر گڵکۆی ڕۆڵە گیان بەختکردووەکەی.”

سەتار بەهەشتی، کرێکاری وێبڵاگ نووسی خەڵکی ڕۆبات کەریم لە ساڵی ١٣٩١ لە لایەن پۆلیسی فەتاوە بە تۆمەتی “هەوڵ دان دژبە ئەمنییەتی میللی لە ڕێگەی تۆڕە کۆەمەڵایەتییەکان”، دەستبەسەر کرا. ناوبراو پاش چوار ڕۆژ لە گرتووخانەی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. گەوهەر عێشقی لە کاتی کوژرانی ڕۆڵەکەیەوە زۆری هەوڵ داوە تا بتوانێ هۆکار و بڕیاردەرانی قەتڵی سەتار بە موحاکمە بکێشێت و لەم ساڵانەدا بووەتە هێمای خۆڕاگری لە بەرامبەر زوڵمدا. گەوهەر عێشقی کە بەر لەم ڕووداوە لە لایەن ڕژیمەوە زیندانی کرابوو، پاش ئازادبوونی بەڕەسمی ڕایگەیاند کە: “بەلەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی بەردەوام بەتایبەت هەڕەشەی کوشتنی کچەکەم سەحەر بەهەشتی و نەوەکەم بێنیامین، بەرپرسایەتیی هەرجۆرە پێشهات و ڕووداوێک بەسەر بنەماڵەی سەتار بەهەشتی وەئەستۆی دەسەڵات و مەئموورانی ئەمنییەتییە”.

لە سەرتاسەری جیهان خۆڕاگریی دایکانی داغدار بووەتە هۆی پێکهاتنی بزووتنەوە و حەرەکەتی بەرینی کۆمەڵایەتی و لە بەرامبەردا کەوتوونەتە بەر توندوتیژییەوە. بزووتنەوەی “دایکانی گۆڕەپانی مایۆ” یەکێک لە بەرچاوترین هێماکانی خۆڕاگری بەرامبەر بە زوڵمە. ئەوان دایکانێک بوون کە ڕۆڵەکانیان لە سەردەمی دیکتاتۆریی دەوڵەتی ئارژانتیندا بێسەرەوشوێن بوون و لە جەرەیانی دادخوازی و بەدواداچوونی چارەنووسی ڕۆەڵەکانیاندا، یەکیان گرت.

سەمبۆلی هاوبەشی ئەم دایکانە لە ساڵی ١٩٧٧ەوە ڕووسەریی سپی بوو کە ناوی بێسەروشوێن بووانی لەسەر گوڵدۆزی کرابوو. دەوڵەتی ئارژانیتنی ئاسوسنا ویافلۆر، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی دایکانی لەگەڵ دوو کەسی دیکە ڕفاند و کوشت.

دایکانی دادخواز لە ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ڕەساترین دەنگەکانی خۆڕاگری بوون. دایک، باوک، خوشک، برا، منداڵ و هاوسەری چالاکانی سیاسی پێویستە لە هەر جۆرە هەڕەشە و هێرشی تاوانبارانی ئیسلامیی ئێران بەدوور بن. ڕژیمێک کە ناتوانێ دەنگی نەیاری دایکێکی پیری جەرگ سووتاو تەحەمول بکات و لات و چەقۆکێشی ئیسلامی لە گیانی بەردەدات، یەکێک لە قیزەنترین و زەبوونترین سیستمە سیاسییەکانی جیهانە.  دەسەڵاتێک کە باس لە ئۆتۆریتە دەکات و توانای نیزامی و ئەمنیی خۆی بە ڕووی جەماوەری وەگیان هاتوو و ڕاپەڕیودا دەکێشێت، لە سێبەری خۆشی دەترسێت و  هێندە زەبوون و ترساوە کە تەنانەت ژنان و پیاوانی بەساڵاچووش بۆی سامناکن.

دیفاع لە بنەماڵەی بەندکراوان و گیان بەختکردووانی سیاسی ئەرکی هەموو مرۆڤێکی شەریف و خەباتکارە. کۆمەڵگا قەرزدار و قەدرزانی دایکان و بنەماڵەی بەڕێزی پێشمەرگەکان، بەندکراوان و گیان بەختکردووانی سیاسییە.